شارپرێس:
پەککەوتنی بازرگانی لەگەروی
ستراتیژیی هورمز بەهۆی تەقینەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، بەغدای
ناچارکردوە بهئەندازیاری سەرەکییو ڕاستەوخۆی تۆم باراک نێردەی تایبەتیی سەرۆکایەتیی
ئەمریکا، دەست بەجێبەجێکردنی پلانێکی سێقۆڵیی هەستیار لەگەڵ تورکیاو سوریا بکات؛ پڕۆژەیەکی
15 ملیار دۆلاری کە ئامانج لێی گواستنەوەی زیاتر لەیەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە
لەڕێگەی بۆرییەکانی جەیهانو بانیاسەوە، بەمەبەستی ڕزگارکردنی شادەماری ئابوریی عێراق
لەهەڕەشەکانی تاران.
بهگوێرهى زانیارییەکان،
عێراق پلان دادەنێت بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوتی خاو لەڕێگەی بۆرییەکانەوە بۆ تورکیاو
سوریا، بەشێوەیەک کە ڕۆژانە لەیەک ملیۆن بەرمیل تێپەڕێنێت، ئەمەش لەڕێگەی بەندەری
جەیهانی تورکیو ڕێڕەوێکی دیكه کە بەسوریادا تێدەپەڕێت دەبێت، هەروا پلانەکە
دروستکردنی لقێک لەناوچەی حەدیسەی ڕۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ
بەندەری بانیاسی سوری لەسەر دەریای ناوەڕاست.
محەمەد هوەیدی توێژەر
لەکاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەکردوە، دروستکردنی هێڵی بۆری کەرکوک بۆ
بانیاس زیاتر لە 15 ملیار دۆلاری تێدەچێتو پێویستی بە 3 بۆ 4 ساڵ هەیە تاوەکو دەگاتە
توانای هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا، شارەزایانو چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن،
تۆم باراک نێردەی تایبەتیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، وەک ئهندازیارو سهرپهرشتیارى ئەم
پڕۆژەیەو پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان کاردەکات.
لەلایەکی دیكهوه، مەترسی
ئەوە هەیە کە ئێران هەوڵبدات ئەم هێڵە بۆ قاچاخچێتیو ڕاکردن لەسزاکان بەکاربهێنێت،
بەتایبەت لەڕێگەی تێکەڵکردنی نەوت لەناوچەکانی کۆگاکردنو بارکردندا، بەڵام محەمەد
زەنگەنە شارەزای پەیوەندییەکانی عێراقو ئێران ڕونیدەکاتەوە، واشنتۆن ئامادەکاریی
بۆ قۆناغی دوای گۆڕانی ڕژێمی ئێران دەکاتو ئەم پڕۆژەیە وەک "تەڵەیەک" دەبینێت
تاوەکو ڕێگە قاچاخچییەکانی ئێرانو هاوپەیمانەکانی لەبەغدا ئاشکرابکات.
عێراق کە زۆربەی نەوتەکەی
لەڕێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە هەناردە دەکات، زۆرترین زیانی بەرکەوتوە لەداخرانی
هورمز، لەبەرئەوە، پەنابردن بۆ ئەم هێڵە نوێیە پێویستی بەتێپەڕاندنی یاسای نەوتو
گاز هەیە لەپەرلەمانی عێراق کە یاسایەکی سەختە، بەڵام دەکرێت ڕێساکانی یارییەکە لەگەڵ
تورکیاو ناوچەکەدا بگۆڕێت.
