دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران گەڕایەوە ئەنجومەنی ئاسایش؛ ئەمە مانای چییەو دەرئەنجامەکانی چی دەبن؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1265 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیاری حەواڵەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییە دیپلۆماسییەکان‌و زیادبونی گوشارەکانی سەر تارانە.


چوارشەممەى ڕابردوو، ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئه‌تۆم (IAEA)  بەهۆی "پابەندنەبونی" ئێران بەئەرکە ئەتۆمییەکانی، بڕیاری دۆسیەکەی لەسەر مێزی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەندکرد.

ئەم ڕەشنوسە کە لەلایەن وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا)وە پێشکەشکرابوو، بەدەنگی 23 وڵات پەسەندکرا؛ لەبەرامبەردا 8 ئەندام دەنگیان نەداو سێ وڵاتیش (ڕوسیا، چین‌و نەیجەر) دژی وەستانەوە.

لەوەڵامدا، ڕەزا نەجەفی نوێنەری هەمیشەیی ئێران لەڤییەننا، بڕیارەکەی بە"ئامرازێکی سیاسی" ناوبردو ڕایگەیاند، ئێران تەنها به‌گوێره‌ى بارودۆخ‌و ڕەچاوکردنی لایەنی ئاسایشی هاوکاریی دەکات.

بڕیارەکە نیشاندانی "نیگەرانییەکی قوڵە" بەرامبەر بەردەوامیی ئێران لەپابەندنەبون بەئەرکەکانی‌و داوای "چارەسەری بەپەلە"ی دۆخەکە دەکات.

هەروەها داوا لەتاران دەکرێت بەبێ مەرجی پێشوەختە بچێتە ناو دانوستاندنێکی جدییەوە بۆ دروستکردنەوەی متمانەی نێودەوڵەتیی بەئاشتییانەبونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ئاژانسەکە ڕەخنە لەکەمیی زانیارییەکان دەگرێت‌و ئاماژە بەوەشدەکات، لەدوای جەنگی 12 ڕۆژەی حوزەیرانی 2025وە، پشکنەرانی بێبەشکراون لەسەردانیکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان.

ئەم هەنگاوە دوای دوو دەیە، یەکەمجارە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لەسەر بنەمای پێشێلکردنی پەیماننامەی ڕێگریی لەبڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی حەواڵەی ئەنجومەنی ئاسایش بکرێت، ئەگەرچی ڕوداوەکە ئاڵۆزییەکان زۆرتر دەکات، بەڵام بڕیارەکە ڕاستەوخۆ سزای نوێ بەسەر تاراندا نادات.

جگەلەوەش، بەهۆی هەبونی مافی ڤیتۆ لەلایەن ڕوسیا‌و چینەوە لەئەنجومەنی ئاسایش، ڕون نییە کە ئایا ئەم حەواڵەکردنە دەبێتە هۆی گرتنەبەری ڕێکاری کردەیی‌و کۆنکرێتی دژی ئێران یاخود نا.

ئەم پێشهاتە لەبارودۆخێکی سەربازیی‌و سیاسیی تەواو جیاوازدا ڕودەدات بەبەراورد بەبڕیارەکەی حوزەیرانی 2025 کە تەواو ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەرچوو؛ هێرشێک کە دواتر ئەمریکاش تێیدا بەشداربوو.

لەدوای جەنگی 28ی شوباتەوە، پێگە ئەتۆمییەکان بۆردومانکراون‌و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم توانای دەستپێڕگەیشتنی بۆ ئەو شوێنانە نەبوە، ئەمەش بوه‌تە هۆی دروستبونی کەلەبەرێکی گەورە لەزانیارییەکانی ئاژانسەکەدا بەتایبەت سەبارەت بەچۆنیەتی چالاکییە ئەتۆمییەکان‌و چارەنوسی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەبڕی بەرز.

لەکۆتاییدا، چاودێران پێیانوایە، گرنگیی سەرەکیی ئەم حەواڵەکردنە لەڕەهەندە دیپلۆماسییەکەیدایە، چونکە ڕوبەڕوبونەوەکان توندتر دەکاتەوەو کێشەی ئەتۆمیی ئێران بەفەرمی دەخاتەوەسەر کارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش.