فەرماندەی سوپای پاکستان‌و عێراقچی بۆ تاووتوێکردنی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان کۆبونەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەرمەی پەرەسەندنی ھەڕەشە‌و گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێراندا، سەرچاوەیەکی پاکستانی ئاشکرایکرد، تاران‌و ئیسلام ئاباد تاووتوێی دەستپێکردنەوەی ڕێگه‌ى دیپلۆماسی‌و هێورکردنەوەی ڕەوشەکەیان کردوە.


سەرچاوەیەکی باڵای پاکستانی باسی لەوەکرد، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران‌و عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان کۆبونەوە، گفتوگۆکان تیشکیانخستەسەر جەنگی نێوان واشنتۆن‌و تاران، ئەگەری گەڕانەوە بۆ دانوستان، پرسی یەمەن‌و هێرشەکانی حوسییەکان، هەروەها تاووتوێی ڕێگه‌کانی دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان کرد.

فەرماندەی سوپای پاکستان لەمانگەکانی ڕابردودا چەندینجار سەردانی تارانی کردوە بۆ نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان‌و گەیاندنی پەیامەکانی ئەمریکا، پاکستانیش لەمانگی حوزەیرانی ڕابردودا ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لەگەیشتن بەڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ ئاگربەست، بەڵام ڕێککەوتنەکە بەهۆی ناکۆکییەکانی دەربارەی بەڕێوەبردنی گه‌روى هورمز هەرەسیهێنا.

دوای هێرشە سنوردارەکانی ئەمریکا لەتەمموزداو دوای مانگێک لەهێمنیی، هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر کەشتی‌و بنکەکانی ئێران دەستیانپێکردەوە، لەبەرامبەریشدا، هێزەکانی ئێران بەهەڵدانەوەی موشەک بۆسەر ئوردن، بەحره‌ین‌و کوێت وەڵامیاندایەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە گەمارۆی ئەمریکا بۆسەر بەندەرەکانی ئێران‌و گوشارە ئابوریی‌و سزاکان بۆسەر تاران بەردەوامن.