شارپرێس:
بەغدا بەفەرمی لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەهێرشە درۆنییەکەی سەر عەرەبستانی سعودیه ڕادەگەیەنێتو هێزە ئەمنییەکانیش لەئەنبار دەستبەسەر دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو موشەکدا دەگرن.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبەیاننامەیەکدا كه وێنهیهكى بۆ شارپرێس نێردراوه ڕایگەیاندوه، حکومەتی عێراق بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو پهلاماره درۆنییانە دەکات کە لەناوخاکی عێراقەوە کراونەتەسەر شانشینی عەرەبستانی سعودیهو بەتەواوی ڕەتیدەکاتەوە خاکو ئاسمانی وڵات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشو سەقامگیریی دراوسێکانى.
نوعمان ئاماژەی بەوەشکردوه، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانو هاوكات فەرماندەی گشتیی هێزه چهكدارهكان فەرمانیکردوە، بەدهستپێكردنى لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێو بهپهله بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو لایەنانەی لەپشت هێرشەکەوەن تاوهكو ڕێکاری توندی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر، چونکە دەوڵەت ڕێگە بەهیچ چالاکییەکو جوڵهیهكى سهربازیى نادات كه ئاسایشی عێراق یان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بخاتە مەترسییەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتە ئەمنییەدا، سهرچاوهیهكى ئهمنیى بهشارپرێسى ڕاگهیاند، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای ئەنبار سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان ڕاگەیاندو ههر ئهمشهو لەپشکنینێکی کتوپڕدا بۆ شوێنێکی جێهێڵدراو لەشوێنێكى ناوچهى (35)ى پارێزگاكه کە پێشتر وەک دوکانی چاککردنەوەی تایەی ئۆتۆمبێل بەکارهێنراوە، توانیویانە دەست بەسەر 47 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)و 46 موشەکدا بگرن کە لەو حەشارگەیەدا حەشاردرابونو لەئێستاشدا بەدواداچونی چڕ بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە بەردەوامە کە پەیوەندییان بەو جبەخانەیەوە هەبوە.
لهلایهكى دیكهشهوه حکومەتی عێراق لهڕێگهى بهیاننامهیهكهوه ئیدانەی ئەو هێرشانەى كردوه کە کراونەتەسەر شانشینی عەرەبستانی سعودییەو ڕایگهیاندوه، "هەر دەستدرێژییەک ڕهتدهكهینهوه کە زیان بەئاسایشو سەقامگیریی شانشین یان پەیوەندییە برایەتییە چەسپاوەکانی نێوان هەردوو وڵات بگەیەنێت".
ئهوهش هاتوه، "حکومەتی عێراق هەڵوێستی شانشینو وەڵامدانەوەی بۆ ئەو هەوڵانەی کە عێراق دابوی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە بەرز دەنرخێنێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرۆشیییە بۆ ئاسایشو سەقامگیریی عێراقو بەردەوامبونی ڕێڕەوی پەیوەندییە برایەتییەکانو هاوکاریی لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا".
ئهوهش باسكراوه، "عهلى زهیدیى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانیکردوه لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەهۆکارو بارودۆخی دەستدرێژییەکانو ئەو لایەنانەی لەپشتییەوە وەستاون ئەنجامبدرێت، هەروەها گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر هەر کەسێک کە بسەلمێندرێت لەوکارە تێوەگلاوە، دەوڵەت نەرمی نانوێنێت بەرامبەر هەر چالاکییەک کە عێراق یان پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی براو دۆست بخاتە مەترسییەوە".
