شارپرێس:
بەهۆی گرژیەکانی شەوی ڕابردوو لەنێوان گەنجانی كۆبانێو ئاسایشی سەر بەدیمەشق، نۆ گەنجی کورد لەزیندان گیانیان لەدەستدا، پهیامنێرى شارپرێس زانیاریى زیاتر لهوبارهیهوه ئاشكرادهكات.
دوای ئەوەی گەنجانی کۆبانێ لەدژی شەهیدكردنی (سیپان حوزنی)، هێرشیانكردەسەر ئاسایشی ناوخۆی كۆبانێ، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە (27) گەنج دەستگیركران و خرانە زیندانهوه.
بەهۆی ئەوەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەیانویست ئەو گەنجە دەستگیركراوانە ببەن بۆ حەلەب، گهنجان دهستیان بهئاگركردنهوه كردو لەئەنجامدا نۆ گهنجى كورد بەهۆی سوتاوی دوکەڵی ئاگرەکەوە خنکاون و گیانیان لهدهستداوە، 17ى دیكهش برینداربون.
وهكو كهنداڵ باسیكرد، سەرەتای ئاڵۆزییەکان كاتێك دهستیپێكرد، ژمارهیهكى زۆر لەهاوڵاتییان بۆ شەرمەزارکردنی کوژرانی شەڕڤانێکی کورد ڕژانەسەر شەقامەکانو لەنێوان خۆپێشاندەرانو هێزە ئەمنییەکاندا ئاڵۆزی دروستبوو، لەئەنجامدا هێزە ئەمنییەکان قەدەغەی هاتوچۆیان ڕاگەیاندو چەندین گەنجیان دەستگیرکرد.
دوای گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ زیندانی ناوەندی شارو بڕیاردان لەسەر گواستنەوەیان بۆ حهلهب، گرژیی لەناو زیندانەکەدا دروستبوو، بهگوێرهى وتهى چهند سەرچاوەیهك، بەشێک لەزیندانییەکان وەک كاردانهوه بهو بڕیاره، ئاگریان لەدۆشەکو کەلوپەلەکانی ناو بەندینخانەکە بەرداوە، ئاگرەکەش بەخێرایی بەناو باڵەخانەکەدا بڵاوبوەتەوەو بەهۆی دوکەڵی زۆرو سوتانەوە، نۆ گهنج گیانیان لەدەستداو زیاتر لە 17ی دیکەش برینداربون کە ئێستا لهنهخۆشخانهنو لهژێر چاودێریى وردى پزیشكیدان.
لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکەو دروستبونی پشێویهكهدا، دەنگۆی ڕاکردنی چەند زیندانییەک بڵاوبوەتەوەو لەئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان لەدەوروبەری زیندانەکەو گەڕەکەکانی کۆبانێ لەئامادەباشیی تونددان.
