ڕوداوێکی پزیشکیی شۆکهێنەر.. 11 ساڵ چارەسەری کیمیایی وەرگرت و دەرکەوت توشبوی شێرپەنجە نییە

تەندروستی

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1197 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەڕوداوێکی پزیشکی کەموێنە و شۆکهێنەردا لە بەریتانیا، کچێکی گەنج بەناوی بیکی جۆنز کە خەڵکی شاری کۆڤەنترییە، ماوەی 11 ساڵ بە هەڵە چارەسەری کیمیایی قورسی بۆ گرێیەکی  شێرپەنجەیی مێشکی وەردەگرت، پێش ئەوەی لە ساڵی 2025دا ئاشکرا ببێت کە سەرجەم دەستنیشانکردنە پزیشکییەکەی سەرەتا هەڵە بووە و بەهیچ جۆرێک تووشی شێرپەنجە نەبووە.

 
چیرۆکەکە لە ساڵی 2012 دەست پێدەکات کاتێک بیکی جۆنز لە تەمەنی 21 ساڵیدا بوو و وەکو مووچەخۆرێک لە یاریگایەکی تۆپی پێ کاری دەکرد. دوای تووشبوونی بە ئازارێکی سەختی سەر و نۆرە کۆئەندامییەکان، گەیەندرایە نەخۆشخانە و دوای پشکنینەکان پێی ڕاگەیەندرا کە تووشی گرێیەکی شێرپەنجەیی لە پلەی 4 (گلیۆبلاستۆما) بووە و تەنها چەند مانگێکی کەمی لە ژیاندا ماوە. ئەم هەواڵە شوومە ئاراستەی ژیانی گۆڕی و خەونی چوونە ڕێزی پۆلیسی لێ زەوت کرد.

بەهۆی ئەم دیارییکردنەوە، بیکی خرایە ژێر چارەسەری بەردەوام بە دەرمانی "تیمۆزۆلۆماید" (Temozolomide)، کە جۆرێکە لە چارەسەری کیمیایی قورس. بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک، ئەو بەو بڕوایەوە دەژیا کە ڕاگرتنی دەرمانەکە دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی ژیانی. 

لەم ماوە درێژەدا تووشی کاریگەریی لاوەکیی سەخت بووەوە لەوانە: هێڵنجدانی بەردەوام، ئازاری گەدە، برینی دەم، هەڵوەرینی قژ و ماندوێتیی درێژخایەن، جگە لە دوورکەوتنەوە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لەترسی تووشبوون بە پەتا و نەخۆشی. ئەگەرچی پزیشکەکان پێیان گوتبوو چارەسەرەکە ڕێگری لە منداڵبوون دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بووە دایکی دوو منداڵ.

سوپرایزەکە لە ساڵی 2024 دەستی پێکرد کاتێک پزیشکە تایبەتەکەی خانەنشین بوو و چارەسەرەکەی ڕاگێردرا، دوابەدوای بەدواداچوونی یاسایی، لە ئایاری 2025دا ڕاوێژکاران و پزیشکانی پسپۆڕی مێشک و دمار بەپێی مەلەفەکانی ئاشکرایان کرد کە ئەو برینەی لە مێشکیدا هەبووە گرێی شێرپەنجەیی نەبووە، بەڵکو حاڵەتێکی هەوکردن بووە بەناونیشانی " (tumefactive demyelination)، کە لە وێنەی تیشکیدا ڕێک لە گرێ دەچێت و چارەسەرەکەی تەنها دەرمانی دژە هەوکردنی وەک ستیرۆید بووە، نه کە چارەسەری کیمیایی.