بەکارهێنانی وێنەی مانگی دەستکرد؛ پەکین تۆمەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بەهاوکاریکردنی ئێران ڕەتدەکاتەوە

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 411 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی چین رەتی کردەوە هیچ دەزگا یان کۆمپانیایەکی وڵاتەکەی وێنەی مانگی دەستکردیان پێشکەش بە ئێران کردبێت پێش یان دوای هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن، کە بووە هۆی کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی.

 
ئەم کاردانەوەیەی پەکین دوای ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" هات کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، قەوارە چینییەکان وێنەی مانگی دەستکردیان لەسەر بنکەی ئاسمانیی "موەفەق سەڵتـی" لە ئوردن داوەتە تاران، کە شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکایە. بێ ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا بە ناو ناوی ئەو کۆمپانیایانە ببهێنن یان ڕاستەوخۆ پەکین بە بەرپڕسیار بزانن.

گوۆ جیاکون، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمرۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئێمە بە توندی ئەو گومان و تۆمەتە بێ بنەمایانە ڕەتدەکەینەوە کە هیچ بەڵگەیەکیان لەپشت نییە."

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکیدا هەوڵیدا گرنگیی ئەم ڕاپۆرتانە کەم بکاتەوە، تاوەکو کاریگەری نەرێنیی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین دانەنێت، بەتایبەت پێش سەردانە فەرمییەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بۆ کۆشکی سپی لە 24ی ئەیلوول.

ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "کاتێک دەڵێن چین سیخوڕیمان بەسەرەوە دەکات، دەڵێم ڕاست دەکەن، ئێمەش سیخوڕییان بەسەرەوە دەکەین. ئەوان بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەمان ئەو کارە دەکەن کە ئێمە دەیکەین."

پێشتر واشنتۆن لە مانگی ئایاردا سزای بەسەر 3 کۆمپانیای چینی تایبەت بە مانگی دەستکرددا سەپاندبوو بەهۆی هاوکاریکردنیان لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئێراندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی چین بە شێوەیەکی عەقڵانی ڕەفتار دەکات و پەیوەندییەکان لەژێر کۆنترۆڵدان.