دارایی هەرێم وادەی بڵاوكردنەوەی خشتەی موچەى ڕاگەیاند

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:    
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، زیاتر لە 831 ملیار دیانری پارەی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێم تەمویلكراو دەشڵێت، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی موچە بڵاو دەکرێتەوە.

                                                     
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بڕی ( 831،666،000،000)   هەشت سەدو سی و یەک ملیارو شەش سەدو شەست و شەش ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابو-وری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو،   سەدو بیست ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی موچە بڕیوە. 

 ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی ( ٦،٠٣٠،١٦٦،٥٤٥ ) شەش ملیارو سی ملیۆن و سەدو شەست و شەش هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

وەزارەتەكە جەختیش دەكاتەوە، كە دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی موچە بڵاو دەکرێتەوەو لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.