عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی چەكدانان و ئاشتییەوە ڕونكردنەوەی نوێ دەدات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 736 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 شاندی ئیمراڵی دەم پارتی ناوەرۆكی دیدارەكەی دوێنێیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوێكی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتیدا هاتووە "وەك شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، لە دوورگەی ئیمراڵی دیدارێكمان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا. لە دیدارەكەدا، دۆخی ئێستای توركیا، پێشخستنی چارەسەری دیموكراتیك و ئاشتییەكی بەردەوام، ئەو هەنگاوە كۆنكرێتیانەی كە پێویستە بۆ پێشخستنی پرۆسەكە بنرێن، لەگەڵ پێشهاتەكانی ناوچەكە گەنگەشە كران".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئۆجالان لە دیدارەكەدا ڕایگەیاندووە، "پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك لە قۆناغێكدایە كە پێویستییەكی بەپەلە بۆ جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتییە مێژووییەكان هەیە. لە قۆناغی دوای پەسەندكردنی یاساكەدا، زۆر گرنگە كە لە چوارچێوەی ئەم بەرپرسیارێتیانەدا هەنگاوی كردەیی و هاوبەش بنرێن و لیژنەكان دەست بە كاری چالاكانەی خۆیان بكەن. ئامانجی من ئەوەیە كە ئاشتی و سیاسیبوون بێنە دی. ئاشتی واتە چەكدانان، سیاسیبوونیش واتە سیاسەتی دیموكراتیك و كۆمەڵگەی دیموكراتیك".

عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بەوەشكردووە، دەرفەتێكی مێژوویی لە پێش توركیادایە. من هیوا و بڕوام وایە كە هەركەس بەم هۆشیارییەوە بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی بگەینە ئاشتییەكی بەردەوام و چارەسەرێكی دیموكراتیك. ئەمە بەرپرسیارێتییەكی خێرا و لەپێشینەیە كە ئیرادەی ئاشتی بێ بنەما نەهێڵدرێتەوە و لە ڕێگەی ڕێكخستنی یاسایی و سیاسی كۆنكرێتییەوە مسۆگەر بكرێت.

دەشڵێت، پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك ئامانجیەتی كە هەموو گەلان و بیروباوەڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێكەوەیی لە ناو ئاشتی، ئازادی و یەكسانییدا بژین. پێشهاتەكانی ناوچەكە بە ڕوونی نیشانی دەدەن كە پرۆسەكە لەسەر هاوسەنگییەكی هەستیار وەستاوە و ئەم پێشهاتانە ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر پرۆسەكە هەیە. لەبەر ئەوە، بۆ ڕێگریكردن لە هەر ئەگەرێكی دەستوەردان و ئاژاوەگێڕییەك گرنگە كە كێشەكانی ناوچەكە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بكرێن. پێویستە ڕووداوەكانی ڕۆژئاوایش لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت.