شارپرێس:
لەگەڕی یەکەمی یارییەکانی پاڵەوانێتیی نەتەوەکانی ئەوروپا، زەینەدین زیدان بەبردنەوەی گۆڵێكى بێبهرامبهر لە تورکیا لەیەکەم یاریی وەک ڕاهێنەری تیمی نیشتیمانیی فەرەنسا، دەستپێکێکی سەرکەوتوی هەبوو.
یارییەکە دوێنێ هەینی لەشاری ئیزمیت بەڕێوەچوو و فەرەنسا بەسێ خاڵی گەڕایەوە، بەڵام پێکرانی کاپتن کیلیان مباپێ خۆشییەکەی کەمکردەوە.
مباپێ لەخولەکی 54دا تەنها گۆڵی یارییەکەی تۆمارکردو ژمارەی گۆڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ 67 گەیاند لە107 یاریی، بەڵام چەند خولەكێك دواتر بەهۆی ئازاری ئەژنۆی چەپەوە لەیاریی دەرچوو، زیدان دوای یارییەکە وتی، دۆخی مباپێ باش نییەو پێویستی بەپشکنینی زیاتر هەیە، پاشان ڕاگەیەنرا کە مباپێ کەمپی تیمی نیشتیمانیی جێدەهێڵێتو دەگەڕێتەوە مەدرید.
فەرەنسا لەگەڕی یەکەمی یارییەکەدا نەیتوانیی نمایشێکی بەهێز پێشکەشبکات، بەڵام لەنیوەی دوەمدا باشتربوو، گۆڵەکەی مباپێ دوای هەڵەیەک لەدەرکردنی تۆپ لەلایەن تورکەکانو فشاری پێشەوەی فەرەنسا هات.
تورکیا لەکۆتایی یارییەکەدا توشی زیانێکی دیكه بوو، کاتێک دروازەوان ئۆگورجان چاکیر بەهۆی دەستلێدان بەتۆپ لەدەرەوەی ناوچەی سزا دوای پشکنینی VAR لەیاریی دەرکرا.
ئەم بردنەوەیە هەروەها بۆ زیدان نرخێکی مێژویی هەبوو، چونکە بوو بەیەکەم ڕاهێنەری فەرەنسا لەدوای ئیمی جاکێت لەساڵی 1994 کە یەکەم یارییەکەی بەبردنەوە دەستپێبکات.
فەرەنسا یاریی داهاتوی خۆی دوشەممە لەبرۆکسل دژی بەلژیکا دەکات؛ بەلژیکاش لەیەکەم یاریدا 2-0 لهئیتاڵیاى بردهوە.
