ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل لە تێکشکاندنی شارە مووشەکییەکانی ئێران دەستوەستانن؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 285 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاوی لێکۆڵەران و شیکەرەوە سەربازییەکان لەسەر توانای بەرگریی دامەزراوە ستراتیژییە ژێرزەمینییەکانی ئێران، بەتایبەتی ئەوەی بە "شارە مووشەکییەکان" ناسراون، چڕ بۆتەوە؛ ئەو دامەزراوانەی بەئامانجگرتنیان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاڵنگارییەکی سەربازیی ئاڵۆز دادەنرێت.

بەپێی زانیارییە سەربازییە باوەکان، ئێران لە ساڵی 1979ەوە دەستی بە هەڵکەندن و پەرەپێدانی تۆڕێکی فراوان لە تونێل و شارە مووشەکییە قەڵابەندەکان کردووە. هەندێک لەم دامەزراوانە تا قووڵایی 140 مەتر لە ژێر زەویی و لە ناو شاخە بەردینە ڕەقەکاندا دروستکراون. ئەم ناوەندانە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو فراوانکراون و توانای بەرهەمهێنان و هێزی ئاگرینەیان زیاد کراوە، لەگەڵ درووستکردنی مووشەکی قورستر و خاوەن مەودای دوورتر.
هەندێک شیکردنەوەی سەربازیی پێیانوایە قووڵایی و سرووشتی بەردینی ئەم شوێنانە وایان لێدەکات بەرەنگاری بۆمبە ئاساییە زۆر بەهێزەکان ببنەوە، تەنانەت بۆمبەکانی ئەمریکا کە بۆ شکاندنی پەناگەکان دروستکراون.
بەپێی ئەم بۆچوونە، لەناوبردنی ئەم دامەزراوانە پێویستی بە چەکی نائاسایی هەیە؛ ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی داواکارییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکی وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەهێزتر لەلایەن ئەمریکاوە دادەنرێت.
بەڵام بەشێکی تری شارەزایانی سەربازیی و ستراتیژیی، بۆچوونی "پتەویی ڕەها"ی ئەم دامەزراوانە رەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ دامەزراوەیەکی سەربازیی بێ کەلێن و خاڵی لاواز نییە، بۆئەوەش ئاماژەیان بە "شاری مووشەکیی" حیزبوڵڵا لە ژێر گردی "عەلی تاھیر" لە باشووری لوبنان کردووە، کە بە وتەی ئەو توانیراوە بەئامانج بگیرێت و لەناوببرێت.
 هەروەک جەختیان لەوەکردۆتەوە کە بوونی ئەم دامەزراوانە لە ژێر شاخەکاندا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئاڵۆزتر دەکات، بەڵام ڕێگرێکی ڕەها نییە لەبەردەم دۆزینەوەی چارەسەری تەکنیکی و ستراتیژیی بۆ بەئامانجگرتنیان.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی