بافڵ تاڵەبانی په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى ئیداره‌ى تره‌مپ ده‌كات

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەیەکەم پانێڵی کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانیدا کۆمەڵێک پەیامی سیاسیی‌و ئەمنیی گرنگی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند، لەئێستادا دوو حکومەت‌و دوو ئیدارە لەهەرێمی کوردستاندا بونی هەیەو جەختیکردەوە، یەکێتیی دان بەپەرلەمانی ئێستادا نانێت، داواش له‌ئیداره‌ى تره‌مپ ده‌كات ده‌ستوه‌ردان له‌كاروبارى ناوخۆى هه‌رێمدا نه‌كات، ده‌شڵێت، "هیچ هاوڕا نه‌بوم له‌سه‌ر په‌یامه‌كه‌ى تۆم باراك"، له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى كۆرمۆر-یشه‌وه‌ زانیاریى ئاشكراكرد.


پەرلەمانی کوردستان‌و قەیرانی دوو ئیدارەیی
تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئەوەی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان کردی "داڕمانێکی سیاسییە لەمێژوی هەرێمدا"و دەرگاکانی داخست، بۆیە لای ئەوان هیچ پەرلەمانێک بونی نییەو دانی پێدانانێن.

سەرۆکی یەکێتیی جەختیکردەوە، ئێستا دوو حکومەت‌و دوو ئیدارە لەهەرێمدا هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، کەمینەیەک لەناو پارتیدا هەن جگە لەخۆیان هیچ شتێکی دیكه‌یان قبوڵ نییەو تەنانەت ڕێگرییان کردوە لەئەنجامدانی کۆبونەوەیەک ئەگەر تەنها بۆ گرتنی وێنەیەکیش بوبێت.

تاڵەبانی چەمچەماڵی بە"تەکساسی کوردستان" وەسفکرد کە سەرچاوەی غازو کارەبای هەرێمە، بەڵام وتی، "ئەم شارە 40 ساڵ لەدوای هەولێرەوەیەو بەدوو هەفتە جارێک ئاوی خواردنەوەی پێدەدرێت، له‌كاتێكدا هه‌موو شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، چه‌مچه‌ماڵ غازو كاره‌باى پێده‌دات".

پەیام بۆ ئیدارەی ترەمپ، تۆم باراک‌و په‌یوەندیی لەگەڵ ئێران
تاڵەبانی ئاشکرایکرد، لەگەڵ تۆم باراک نێردەی ئەمریکا هاوڕا نەبوە، چونکە هەرێم پێویستی بەچارەسەری ڕیشەیی کێشەکانییەتی، هاوکات داوای لەئیدارەی ترەمپ کرد لەدۆخەکە تێبگات، یان لەدورەوە بوەستێت تا خۆیان وه‌كو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم‌و عێراق کێشەکانیان چارەسەردەکەن.

سەرۆکی یەکێتی ئەو دەنگۆیانەی لەئەمریکا ڕەتکردەوە کە گوایە ئەو "لەگیرفانی ئێرانییەکاندایە"، ئه‌و وتی، "لەگیرفانی هیچ کەسێکدا نیم‌و ناشبم، کاتێکیش سەردانی ئەمریکا دەکه‌م بەباشی پێشوازییم لێدەکرێت".

تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەنجێکی بزنسمانەو دەیەوێت عێراق ڕاستبکاتەوە.

نهێنیی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر
سەبارەت بە بۆردومانەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بافڵ تاڵەبانی ئاشکرایکرد، ئێرانییەکان گەرەنتیی ئەوەیانداوە کە ئەوان هێرشەکەیان نەکردوەو گروپە چەکدارەکانیش بەهەمانشێوە ڕەتیانکردوەتەوە ئەوان ئەنجامدەری بن.

تاڵەبانی وتی، "ئەگەر گروپە چەکدارەکان هێرشەکەیان بکردایە بەشانازییەوە دەیانوت ئێمەین، بۆیە داوای لێکۆڵینەوەی جددی ده‌كه‌ین‌و هۆشداریش ده‌ده‌ین لەوەی، دەبێت ئاگاداری ئاڵا ساختەکان بین کە بۆ تێکدانی دۆخەکە هەڵکراون".

لەدرێژەی وتەکانیدا لەیەکەم پانێڵی کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانیدا، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی تیشکیخستەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بەغداو دۆخی دارایی هەرێم.

تاڵەبانی ڕایگەیاند، "پارتی دیموکراتی کوردستان ناتوانێت ڕۆڵێکی باش بگێڕێت لەچارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، ئەو ئاڕاستەیەشی لەناو پارتیدا لەبەغدا ڕۆڵدەبینێت لەسەر هەڵەن، ئەگەر بەرپرسانی پارتی پێیانوابێت، هەرێمی کوردستان هێشتا دەوڵەمەندە، ئەوا تەواو هەڵەن‌و ئەو دۆخە وەک جاران نەماوە".

تاڵەبانی جەختیکردەوە، بەهێزبونی پێگەی کوردو هەرێم، لەبونی په‌یوەندییەکی بەهێزو تەندروستدایە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبەغدا.

هه‌ر لەدرێژەی قسەکانیدا تاڵەبانی باسى پاراستنی ئاسمانی هەرێم، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان‌و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو پەیوەندیی نێوان ئێران‌و ئیسرائیلى كرد.

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، "ئەگەر حکومەتی بەغدا ناتوانێت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێم دابین بکات، ئەوا پێویستە ڕێگەبدات خۆمان بیکڕین.

ئاشکراشیکرد، پڕۆژەی نوێیان دەبێت بۆ دابینکردنی کارەباو غاز کە قازانج نەویست بن‌و خزمەت بەهاوڵاتیان بکەن.

سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی ئێرانیش، سەرۆکی یەکێتیی ئاماژەی بەوەکرد، ئێرانی ئێستا جیاوازەو مەسعود پزیشکیان گۆڕانکاریی کردوە، ئەو وتیشی، "خودی ئێرانییەکانیش گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبێت ئێران بگۆڕدرێت".

لەبارەی گرژییەکانی نێوان تاران‌و تەلئەبیب تاڵەبانی پێیوابوو، ئیسرائیل لەڕوی سەربازییەوە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام لەڕوی ناوبانگەوە زیانێکی گەورەی کردوە، ناوبراو داواشیکرد، با ئێران‌و ئیسرائیل ڕقیان لەیەکتربێت، بەڵام هێرشنەکەنەسەر یەکتری بۆ ئەوەی ناوچەکە پارێزراوبێت.