ئاگری سەرماو گرانیی سوتەمەنی؛ نرخی بەرمیلێک نەوت 380 هەزار دیناری تێپەڕاند

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1813 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ هاتنی شەپۆلی سەرمای زستان، بازاڕەکانی سوتەمەنی لەهەرێمی کوردستان توشی هەڵاوسانێکی بێوێنە بونەتەوەو نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی گەیشتوەتە سەروی 380 هەزار دینار، ئەم بەرزبونەوە خێرایە لەکاتێکدایە کە سەرباری گەیشتنی کاروانی 50 ملیۆن لیتر نەوتی بەغدا، هێشتا هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر دابەزینی نرخەکان دروستنەبوەو لەهەندێک ناوچەش نەوت بەئاسانی دەستناکەوێت.


به‌گوێره‌ى به‌دواداچونه‌كان، هەولێر بەرزترین ئاستى نرخى هه‌یه‌، فرۆشیاران ده‌ڵێن، نەوتی کوالێتی بەرز بەکۆ بە 375 هەزار دینارەو بەتێچوی گواستنەوەوە بە380 بۆ 385 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاوڵاتییان.

هه‌روه‌ها به‌سلێمانی‌و هەڵەبجەش نرخی بەرمیلێک نەوت لەدەوروبەری 360 هەزار دیناردا مامەڵەی پێوە دەکرێت، به‌ڵام لەهەڵەبجە فرۆشیارانی نەوت هۆشداریدەدەن کە نەوت لەبازاڕدا زۆر کەمبوەتەوە.

بەهۆی گرانیی نرخەکانەوە، هاوڵاتییان توانای کڕینی بەرمیلیان نەماوەو ناچارن بەدەبە بیکڕن کە نرخی یەک دەبە گەیشتوەتە 30 هەزار دینار؛ ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵى ڕابردوو لەهەمانکاتدا، نرخی دەبەیەک نەوت تەنها 13 بۆ 14 هەزار دینار بوو، واتە نرخەکە زیاتر لەدوو هێندە بەرزبوەتەوە.



تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕە نەوتێکی حکومی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشنەکراوە، چاودێرانیش پێیانوایه‌، ئەمە هۆکاری سەرەکیی قۆرخکاریی‌و گرانبونی بازاڕە، ساڵی ڕابردوو 135 ملیۆن لیتر نه‌وت دابه‌شكراوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك، لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە تاوەکو سەرەتای کانونی دوەم، ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ دراوه‌ به‌هاوڵاتیان كه‌ خۆیان ده‌یبیننه‌وه‌ له‌674هەزارو 500 خێزاندا.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر بڕیاری عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕى 50 ملیۆن لیتر نەوت گەیشتە هەرێمی کوردستان، لایەنە فەرمییەکانیش وادەی دەستپێکردنی دابەشکردنیان ڕاگه‌یاند.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سەلام عومەر وتەبێژی نەوت‌و کانزاکانی سلێمانی ئاشکرایکردوه‌، ڕێکارەکانی وەرگرتنی پشکی نەوتەکە بەردەوامن‌و بەئەگەری زۆرەوە لەهەفتەی داهاتودا دابەشکردنی دەستپێدەکات، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر-یش جەختیکردەوە، سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواوکراون‌و نەوتەکە بەهەمان نرخی فەرمیی عێراق دەدرێتە هاوڵاتییان کە لیتری بە250 دینارەو پرۆسەکەش لەناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات.