شارپرێس:
ئەمەریکا و ئێران ئێستا لە هەستیارترین
ساتەکانی دانوستاندندانەکاندان، ئەویش دوای ئەوەی قەیرانەکەی نێوانیان لە پرسیاری "ئایا
دەکرێت بگەنە ڕێککەوتن؟" گۆڕدراوە بۆ "کامیان یەکەم جار پاشەکشە دەکات؟".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە
ڕێگەی ناوبژیوانە قەتەرییەکانەوە وەڵامی ئەمەریکای لەسەر پێشنیازێکی 7 ڕۆژەی ئێران
بۆ دروستکردنی متقمانەی وەرگرتووە کە تەوەرەی سەرەکیی دانوستاندنەکان بریتییە لە
کردنەوەی دووبارەی گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمەریکا لە بەرامبەر هەنگاوی
هاوتای ئێران.
ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز" ئاماژەی بەوە
کردووە کە ناوبژیوانان هەوڵ دەدەن تێڕوانینەکان لەسەر پاکێجێک نزیک بکەنەوە کە نەوت،
هورمز، پارە سڕکراوەکان و دۆسیەی ئەتۆمی دەگرێتەوە، بەڵام گرێکوێرەکە نەبوونی بیرۆکە
نییە، بەڵکو ڕیزبەندیی جێبەجێکردنیانە؛ واشنۆن داوا دەکات تاران بە هەنگاوی کرداری
دەست پێ بکات، لە بەرامبەردا ئێران دەترسێت یەکەم سازش بکات و زامنی بەرامبەری دەست
نەکەوێت.
کات لە قازانجی هیچ لایەکیان نییە؛ ئەمەریکا
بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی
خول لە ژێر گوشاردایە. ئێران بەپەلە پێویستی بە هەڵگرتنی سزاکان، دەستگەیشتنەوە بە
پارە سڕکراوەکانی و هەناردەکردنی نەوت هەیە. هەرچەندە هەردوو لایەن ڕێککەوتنیان دەوێت،
بەڵام هەر لایەک دەیەوێت لە پێگەی هێزەوە دەرکەوێت.
ململانێی ڕاستەقینە لەسەر شێوازی "ڕۆژی
دواتر"ی ڕێککەوتنەکەیە. واشنۆن ڕێککەوتنێکی دەوێت کە ئامرازەکانی گوشاری
تاران بپچڕێنێت، لە کاتێکدا ئێران دەترسێت ڕێککەوتنەکە کاتیی بێت و بۆ قۆناغی
داهاتوو لاوازی بکات.
شکستی دانوستاندنەکان هەردوولا ناگەڕێنێتەوە
خاڵی سفر، بەڵکو بەرەو ئاڵۆزیی نوێیان دەبات. لەم کاتە هەستیارەدا، سازشکردنی پێشوەختە
وەک لاوازی و دواخستنی هەنگاوەکان وەک فێڵکردن دەبینرێت.
چاودێرانیش باس لەوەدەکەن کە ڕۆژانی
داهاتوو ئاشکرای دەکەن کە ئایا کارتی گوشارەکان دەبنە ڕێککەوتن یان دەتەقێنەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
