شارپرێس:
لەکاتێکدا سوپای تورکیا بەردەوامە لەفراوانکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لەهەرێمی کوردستان، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان-یش پەردە لەسەر کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی لادەداتو ڕایدەگەیەنێت، کۆمپانیایەکی گەورەی تورکی لەپاڵ هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتەدا، زیاتر لەنۆ ملیۆن داری دارستانەکانی بادینانیان بڕیوەتەوە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە بێدەنگیی ڕەهای حکومەتی هەرێمی کوردستانو بێوەڵامیی نەتەوەیەکگرتوەکان بەرامبەر بەم "جینۆسایدە ژینگەیییە" ناڕەزایەتییەکی گهورهى لێکەوتوەتەوە.
پرسى بونی سەربازیی دەرەکی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، ڕەهەندێکی نوێو ترسناکتری ژینگەییو ئابوریی بەخۆیەوە دەبینێت، بهگوێرهى بەڵگەنامەو دیمەنە مەیدانییەکان، پرۆسەی لەناوبردنی سروشتی ناوچەکە بوەتە کارێکی هاوبەش؛ لەلایەکەوە کۆمپانیایەکی پیشەسازیی تورکی بەپاراستنی ڕاستەوخۆی سوپا، خەریکی بڕینەوەی دارەکانەو لەلایەکی دیکەشەوە خودی سوپای تورکیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستی داوەتە هەمان کار.
ئەم پرۆسە هاوبەشەی بڕینەوەی دارەکانی چیاکانی کوردستان لەژێر چەندین ناونیشانو بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەڕێوەدەچێت؛ بەشێکی زۆری ئەوکارە بەناوی "کردنەوەی ڕێگهی نوێی سەربازیی" بۆ بنکەکان ئەنجامدەدرێت، دوای بڕینەوەشیان، دارەکان دەکرێنە سێ بەشەوە: بەشێکیان لەلایەن سوپاوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو بنکە سەربازییەکانی تورکیا لەناوخاکی هەرێم بۆ سوتاندنو خۆگەرمکردنەوەی سەربازەکان لەزستاندا، بەشێکی دیكهشیان لەبازاڕەکانی ناوخۆدا دەفرۆشرێنەوەو بەشە هەرە زۆرو سەرەکییەکەشی بەبارهەڵگری گەورە لەبەردەم چاوی پاسەوانانی سنورەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناوخاکی تورکیا تا لەوێ لەپیشەسازیی جۆراوجۆردا بەکاربهێنرێن.
ملکۆ بازیانی سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس، زانیاریی شۆککەری لەوبارەیەوە ئاشکراکردو ڕایگەیاند، "کۆمپانیایەکی فەرمیی تورکی بەناوی کۆمپانیای (جەنگیز) کە هۆڵدینگێکی گەورەی وزەو کانزایە لەتورکیا، لەساڵی 2021وە بەتەواوی کەوتوەتە وێزەی ژینگەی بادینانو لەگەڵ سوپادا خەریکی لەناوبردنی دارستانەکانن".
سەرۆکی پارتی سەوز ئاشکرایکرد، لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا تا ئەمڕۆ، زیاتر لەنۆ ملیۆن داری دێرینی وەک (بەڕوو و مازوو) لەدارستانەکانی سنوری بادینان بڕدراونەتەوەو براونەتەوە بۆ تورکیا.
بازیانی ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان وەک پارتێکی ژینگەپارێز، هەر لەساڵی 2021دا لەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) سکاڵای یاساییان لەسەر ئەم تاڵانکارییە تۆمارکردوە، بەڵام وهكو خۆى دهڵێت، "بەداخەوە بەهۆی هاوسەنگییە سیاسییهكانهوه، هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوەو سکاڵاکەمان بەهەند وەرنەگیراوە؛ ئەمەش وایکردوە هەم کۆمپانیاکەو هەم سوپاى توركیاش، بێباکانە بەردەوامبن لە لەناوبردنی سروشتی کوردستان".
بازیانی بەتوندی هێرشیکردەسەر ئەو ڕەفتارانەو جەختیکردەوە، "ئەوەی ئێستا کۆمپانیا تورکییەکانو سوپای ئەو وڵاتە دژ بەژینگەو سروشتی کوردستان دەیکەن، هاوشێوەی پرۆسەی (کوشتنى ژینگە)و تەواوکەری ئەو جینۆسایدە مێژوییانەیە کە لەسەردەمو مێژوە جیاوازەکاندا دژ بەگەلی کورد ئەنجامدراون".
سەرەڕای بڵاوبونەوەی بەڵگەو ڤیدیۆکانی بارکردنی سەدان بارهەڵگر لەدارە بڕدراوەکانی کوردستان بەرەو دەرەوە، تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئاست ئەم ڕەفتارانەی سوپاو کۆمپانیا تورکییەکان هۆکاری بێدەنگییەکی ڕەهای هەڵبژاردوەو هیچ هەڵوێستێکی فەرمیو کرداریی بۆ پاراستنی خاکی بادینان نەنواندوە.
