سوپای پاسداران له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2010 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای پاسدارانی ئێران لەبڵاوکراوەیەکدا بەبۆنەی كشانه‌وه‌ى هێزەكانى ئەمریکان لەعێراق، ئەم ڕوداوەی بە"سەرکەوتنێکی مێژویی" بۆ گەلی عێراق‌و هێزەکانی به‌ره‌ى موقاوەمە لەناوچەکە وەسفکردوه‌.


لەبڵاوکراوەکەدا هاتوە، ئەمریکا دوای نزیکەی دوو دەیە لەمانەوەی سەربازیی لەعێراق، ناچاربوو پاشەکشە بکات‌و ئەمە بەنیشانەیەک بۆ شکستی سیاسەتی دەستێوەردانی ئەمریکا لەناوچەکە وەسفکراوە.

سوپای پاسدارانی ئێران هەروەک داوای دەرچونی تەواوی هێزەکانی ئەمریکاى لەڕۆژئاوای ئاسیا کردوەو باسی لەوەکردوە، ئاسایش دەبێت بەدەستی گەلان‌و حکومەتەکانی ناوچەکە بەڕێوەببرێت.

بڵاوکراوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، به‌گوێره‌ى ئامارەکانی ئەمریکا، نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لەجەنگەکانی عێراق‌و ناوچەکەدا کوژراون‌و نزیکەی چوار ترلیۆن دۆلاریش خەرجکراوە.

سوپای پاسداران لەکۆتاییدا هۆشداریداوە لەهەوڵەکان بۆ دروستکردنی دۆخی نائاسایی‌و ناسەقامگیریی لەعێراق‌و جەختیکردوه‌تەوە، لەگەڵ گەلانی ناوچەکە بەردەوامدەبن بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان‌و ئیسرائیل‌و گەیشتن بە"ئازادیی تەواوی قودس".