دوو کشانەوە کە گەڕانەوەیەک لێکیان جیا دەکاتەوە؛ عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەی ئاسایش‌و چەکدا

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1895 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکانونی یەکەمی 2011دا، دوایین کاروانی سەربازیی ئەمریکا سنورەکانی عێراقی بەرەو کوه‌یت بڕیی‌و کۆتایی بەبڵاوەپێکردنی سەربازی هێنا کە لەگەڵ داگیرکردنی عێراقدا دەستیپێکردبوو، دوای نزیکەی 15 ساڵ، واشنتۆن دوێنێ چوارشەممە کۆتاییهاتنی ئەرکێکی دیكه‌ى لەوڵاتەکەدا ڕاگەیاند، ئەمجارەیان لەبنکەی ئاسمانیی هەولێر کە هێزو کەرەستە سەربازییەکانی هاوپەیمانانى تێدابوو.


لەنێوان ئەم دوو ڕۆیشتنەدا، هێزەکانی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بەداعش گەڕانەوە عێراق‌و قەبارەو ڕۆڵیان گۆڕا، لەکاتێکدا توانای دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی ئاسایشی خۆی وەک قورسترین پرسیار دوای ڕۆیشتنی ئەوان مایەوە.

کاتێک باراک ئۆباما کشانەوەی هێزەکانی لە 21ی تشرینی یەکەمی 2011دا ڕاگەیاند، نزیکەی 39 هەزار سەربازی ئەمریکی هێشتا لەعێراقدا بون، لەئەیلولی 2024یشدا، کاتێک پلانی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان ڕاگەیەندرا کە لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپدا تەواو دەبێت، قەبارەی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی ئەمریکا نزیکەی 2500 سەرباز بوو.

ئەم دوو ژمارەیە نیشانەی ژمارەی ئەوکەسانە نین کە لەڕۆژی کۆتایی هەر کشانەوەیەکدا ڕۆیشتون، چونکە ئەو 39 هەزار سەربازە تەنها پاشماوەی بڵاوەپێکردنێکی زۆر گەورەتربون لەساڵی 2011دا کە بەرەو کشانەوەی تەواوەتی چوو.

دوربینیی نێوان ئەم دوو ژمارەیە جیاوازیی نێوان هەردوو ئەرکەکە ئاشکرادەکات؛ کشانەوەکەی ئۆباما لەکۆتایی شەڕێکدا هات کە ویلایەتەیەکگرتوەکان لەساڵی 2003دا بۆ ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن دەستیپێکردبوو، لەکاتێکدا واشنتۆن ئەمڕۆ ڕۆڵی سەربازیی خۆی لەناو هاوپەیمانییەکدا کۆتایی پێدەهێنێت کە دوای داڕوخانی موسڵ بەدەستی داعش لەساڵی 2014دا دروستبوو.

لەهەردوو بارەکەدا، پێش دەرچونی هێزەکان، کۆتاییهاتنی ڕۆڵی شەڕکەری ئەوان ڕاگەیەندرا؛ لەیەکەمیاندا لەساڵی 2010و لەدوەمیشدا لەکۆتایی 2021، کاتێک ئەرکی هاوپەیمانان بەفەرمی گۆڕا بۆ ڕاوێژکاریی‌و هاوکاریی.

ئەو ژوانەی کە ئۆباما جێبەجێی کرد، پێش وەرگرتنی سەرۆکایەتی دیاریکرابوو، چونکە ڕێککەوتننامەی ئەمنی کە لەنێوان جۆرج بوش‌و نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانى ئه‌وكات لەساڵی 2008دا واژۆکرا، بڕیاریدابوو کە هێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی 2011 بچنە دەرەوە، دواتر وتوێژەکان بۆ هێشتنەوەی هێزێکی زیادە پەکخرا، بەتایبەت لەسەر پرسی پارێزگاریی یاسایی بۆ سەربازانی ئەمریکا.

ئۆباما لەگوتاری ڕاگەیاندنی کشانەوەکەدا، بەڵێنی په‌یوەندییەکی ئاسایی لەنێوان دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەریداو وتی، "وڵاتەکەی بەردەوامدەبێت لەتاووتوێکردنی ڕاهێنان‌و پڕچەککردنی هێزەکانی عێراق، بەڵام داڕوخانی موسڵ دوای کەمتر لەسێ ساڵ، بەغدای ناچارکرد داوای هاوکاریی سەربازیی نێودەوڵەتی بکات‌و هێزەکانی ئەمریکا لەژێر سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی نوێدا گەڕانەوە".

کشانەوەی یەکەم بەتەنها بەس نییە بۆ ڕونکردنەوەی سەرهەڵدانی داعش، چونکە قەیرانە سیاسیى‌و ئەمنییەکانی عێراق‌و شەڕی سوریاش تێکەڵی بابەتەکە بون، لەگەڵ ئەوەشدا، گەڕانەوەی هێزەکان لەساڵی 2014دا وایکرد کە پرسیار لەسەر تواناکانی سوپای عێراق‌و بەردەوامبونی پاڵپشتی هەواڵگریی ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لەتاووتوێکردنی هەر چونە دەرەوەیەکی داهاتوی ئەمریکا.

پلانی کشانەوەی دوەمیش لەسەردەمی سەرۆکێکدا دەستیپێکرد کە پێش ئەوکەسەبوو کە تەواوی دەکات؛ لەئەیلولی 2024دا، کۆمەڵی جۆ بایدن‌و حکومەتی محەمەد شیاع سودانی ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بەئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لەعێراقدا تا ئەیلولی 2025، لەگەڵ بەردەوامبونی پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعش لەسوریا لەڕێگەی عێراقەوە لانیکەم تا ئەیلولی 2026، به‌گوێره‌ى بارودۆخی مه‌یدانی‌و وتوێژەکان.

دوای چۆڵکردنی بنکەکانی هاوپەیمانان لەناوچە فیدراڵییەکان، لەوانەش بنکەی عەین ئەسەد، به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق لەکانونی دوەمی ڕابردودا، بنکەکانی هەرێمی کوردستان بونە دوا وێستگە.

بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی ڕایگەیاند، زۆربەی ئەو سەربازانەی مابونەوە، دوبارە لەئوردن‌و وڵاتانی دیكه‌ى ناوچەکەدا بڵاوەیان پێدەکرێتەوەو ئەو کەرەستانەی گواستراونەتەوە سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەگرنەوە.

پێنتاگۆن ئەمڕۆ کۆتاییهاتنی پرۆسەی "پۆڵایین"ی لەعێراق ڕاگەیاندو وتی، دەرچونی هێزو کەرەستە سەربازییەکان لەبنکەی هەولێر نیشانەی کۆتایی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانانە لەوڵاتەکەدا، بەڵام جەختیکردەوە، لەسەر بەردەوامبونی ڕاهێنانی دیاریکراوو پاڵپشتی هەواڵگریی بۆ هاوبەشە عێراقییەکان، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات‌و ڕاوەدونانی شانەکانی داعش دەگرنە دەست.

لەبەغدا، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران بەئامادەبونی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان‌و سەرکردە سەربازییەکانی عێراق، ئاهەنگی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی گێڕاو وتی، "کۆتاییهاتنی بونی سەربازیی هاوپەیمانان بەواتای کۆتاییهاتنی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر نییە"، بەڵینیدا هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەشداربون بەردەوامبێت.

زەیدیی لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، براد کوپەر لەمانگی ئابدا، 30ی ئەیلولی وەک ژوانی کۆتایی بۆ ڕۆیشتن دەستنیشانکردبوو، هاوكات وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پیت هێگسێس لەکاتی وتوێژەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران لەواشنتۆن، پابەندبونی وڵاتەکەی بەجێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی 2024 دوپاتکردەوە.

بەڵام کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی لەناو عێراقدا کۆتایی بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش ناهێنێت، بەرپرسێکی باڵا لەکۆشکی سپی لەلێدوانێکی تایبەتدا لەکۆتایی ئابدا، باسی لەکەمکردنەوەی ئەرکە سەربازییەکان‌و گۆڕانی بەرەو هاوبەشییەکی ئەمنی دولایەنەی هەمیشەیی کرد.

شێوازی ئەم هاوبەشییە، بەتایبەت ئەو ڕاهێنان، زانیاریی، چاککردنەوەو پڕچەککردنەی کە واشنتۆن پێشکەشیدەکات، بەستراوەتەوە بەو ڕێکخستنانەی کە هەردوو وڵات دوای ڕۆیشتنی هێزەکان لەسەری ڕێکدەکەون.

جێهێشتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بەجیاواز لەبونی هێزەکانی تورکیا دەمێنێتەوە؛ بەغداو ئەنكەرە ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند بۆ ڕادەستکردنی پلەبەپلەی سەربازگەی بەعشیقە-زێلکان بەحکومەتی عێراق به‌گوێره‌ى شێوازو خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوت‌و لەسەر.

لەگەڵ دەرچونی هاوپەیمانان، سەرنجی بەغدا دەچێتەسەر دۆسیەی چەک، چونکە هەندێک لەگروپه‌ چەکدارەکان پاشەڕۆژی چەکەکەیان بەستبوەوە بەڕۆیشتنی ئەمریکییەکانەوە.

ئەبو تراب تەمیمی ئەندامی پەرلەمان وتویه‌تى، حکومەت دەتوانێت دۆسیەکە یەکلایی بکاتەوە ئەگەر کشانەوەکە تەواوبێت‌و پێشبینیکرد لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتۆندا هەبێت کە هاوکاریی بکات، بێئەوەی وردەکارییەک بدات کە ئەم پێشبینییە بسەلمێنێت.

لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەک لەچوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداریدا کە دیاریکردنی ژوانێکی کۆتایی ڕەنگە گفتوگۆکان لەگەڵ سەرکردەی هێزە چەکدارەکان تێکبدات.

چاودێران ده‌ڵێن، ژوانی حکومی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک ئەمرۆ کۆتایی نایەت، چونکە ئەو پلانەی کە زەیدیی خستیەڕوو بەڕاگرتنی هێرشی هێزە چەکدارەکان بۆ ماوەی 90 ڕۆژ دەستپێدەکات، دوای ئەویش پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک دێت، بەجۆرێک کە تا 30ی حوزەیرانی 2027 تەواوبێت، بەمشێوەیە، نزیکەی نۆ مانگ دەکەوێتە نێوان کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان‌و ئەو ژوانەی بۆ تەواوکردنی ئەم دۆسیەیە ڕاگەیەندراوە.

وتوێژەکان لەسەر چەک لەچەند ڕێڕەوێکدا دەکرێن؛ تەمیمی جیاوازیی کرد لەنێوان پڕۆژە یاساکانی پێکهاتەی حەشدی شەعبی‌و خزمەت‌و خانەنشینی ئەندامانی‌و لەنێوان پێشنیازی "سەروەریی" تایبەت بەڕێکخستنی چەکی هێزە چەکدارەکان‌و شێوازی بەڕێوەبردنی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی حەشد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوەڵامێکدا ڕایگەیاندوه‌، پشتگیریی هەوڵەکانی زەیدیی دەکات بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت‌و ڕێگریکردن لەهێرشەکان لەناو عێراق یان لەڕێگەی عێراقەوە بۆ دەرەوە.

مایلز کاگینز وتەبێژی پێشوی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێیوایە، ڕێککەوتنی بەغداو واشنتۆن‌و پاشەکشەی توانای داعش لەسەر زەوی ڕێگەیان بۆ کشانەوەکە خۆشکرد، لەپاڵ ئەو گوشارە ڕامیارییانەی کە لایەنە لایەنگرەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەبونی ئەمریکا دەیانکرد.

به‌گوێره‌ى خەمڵاندنی ئەو، "دەکرێت ڕاهێنان، ڕاوێژکاریی‌و هاوکاری لەچاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی "F-16" و فڕۆکەکانی "C-130J" بەردەوامبێت بەبێ بڵاوەپێکردنی هێزی هەمیشەیی ئەمریکا لەبنکەکانی عێراقدا".

کاگینز دەڵێت، "واشنتۆن داوا لەعێراق ناکات سنورەکانی لەگەڵ ئێراندا دابخات، بەڵکو دەیەوێت سنورێک بۆ ئەو هەژمونەی تاران لەناو دامەزراوەکانی عێراق‌و چالاکیی کۆمەڵە چەکدارەکانی ژێر سێبەری ئەودا دابنێت".

ئەو پێیوایە، خستنەژێری ئەو کۆمەڵانە بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، زۆر قورسترە لەکۆکردنەوەی موشەک‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان، چونکە ڕەگی سیاسیى، ئابوریی‌و کۆمەڵایەتییان هەیە.

هۆشداریشیدا لەوەڵامدانەوەی ئەمریکی ئەگەر هێرشەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو نێودەوڵەتی یان هەرێمی کوردستان‌و وڵاتانی دراوسێ بەردەوامبن.

لەهەرێمی کوردستاندا، نیگەرانییە ڕاستەوخۆکان بەستراونەتەوە بەوەی کە چی دەبێتە جێگرەوەی تواناکانی هاوپەیمانان، چەند ڕۆژێک پێش کشانەوەکە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداریدا لەدوبارەبونەوەی ئەوەی کە دوای چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەساڵی 2011دا ڕویدا.

ئەو لەدیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا، گفتوگۆکانی ئەوساڵەی لەسەر توانای هێزەکانی عێراق بۆ پاراستنی وڵات بەبیرهێنایەوەو ترسی خۆی لەگەڕانەوەی سیناریۆی سەرهەڵدانەوەی داعش نیشاندا، ئەگەرچی دانی بەجیاوازیی بارودۆخی ئێستاشدا نا، لەبەرامبەردا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەلێدوانێکدا کە نوسینگەکەی دەقی قسەکانی لە27ی ئەیلولدا بڵاوکردەوە، وتی، "ڕۆیشتنی هاوپەیمانان لەکاتێکی هەستیاردایەو جێهێشتنی هەرێم بەبێ سیستمی بەرگریی دەبێتە جێگەی نیگەرانی، دوێنێش سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانی کردو ئامادەیی هێزەکانی عێراق‌و پێشمەرگەی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تەحدیییەکان دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکە دوپاتکردەوە".

سیروان بارزانی وه‌كو فه‌رمانده‌یه‌كى سه‌ربازیى پێشمه‌رگه‌ قسه‌ى بۆ ڕوداو كردو هۆشداریدا لەکاریگەریی لەدەستدانی پاڵپشتی هەواڵگریی، لۆجستی‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

لەلایەکی دیکەوە، لیوا سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، بەغدا نزیکە لەبەدەستهێنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەکۆریای باشور، تورکیاو ویلایەتە یەکگرتوەکان، لەچوارچێوەی پلانێکدا کە پاراستنی ئاسمانی هەرێمیش دەگرێتەوە.

هاوكات عه‌لى زەیدیی فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقیش لەوتارەکەی دوێنێیدا، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی بەوەرگرتنی بەرپرسیارێتی تەواوی عێراق بۆ ئاسایشی خۆی بەستەوەو وتی، "هیچ چەکێک لەدەرەوەی سایەی یاساو هیچ هێزێک لەدەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نابێت".

حکومەتەکەی زه‌یدیى تا حوزەیرانی داهاتوو کاتی لەبەردەمدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو خشتەیەی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک دایناوە، دوای ئەوەی دوایین سەربازانی هاوپەیمانان بنکەکانی خۆیان لەعێراقدا جێهێشت.