شارپرێس:
لەکاتێکدا کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەبنکەی ئاسمانیی لههەولێرو
تهواوى ههرێمى كوردستان، ترسی دروستبونی بۆشاییەکی ئەمنیی هاوشێوەی ساڵی 2011ی لەهەرێم
هێناوەتە ئاراوە، لێکۆڵەرێك لەبەرنامەی ئاسایشی نیشتمانی لەپەیمانگهی توێژینەوەکانی
سیاسەتی دەرەوە لەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا جەخت لەسەر مانەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی
نێوان واشنتۆنو هەولێر دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت، "ئەم پێشێلهاتە بەواتای نەمانی
گرنگیپێدانی ئەمریکا بەدۆخی ئاسایشی هەرێم نایەت".
محەمەد ساڵح لێکۆڵەر لەبەرنامەی
ئاسایشی نیشتمانی لەپەیمانگهی توێژینەوەکانی سیاسەتی دەرەوە لەویلایەتەیەکگرتوەکانی
ئەمریکا ڕایگەیاند، "نیگەرانیی قوڵ" لەهەرێمی کوردستان بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی
ئەمریکا لەعێراق، پاساوی هەیە، بەڵام هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامبونی هاوبەشیی نێوان
هەرێمو ئەمریکا کردەوە.
ئهو لێكۆڵهره ڕونیکردەوە، "ئەم نیگەرانییەی کورد لەبارودۆخی
ئەمنیی ئێستاوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە هەرێم کەوتوەتە بەر زنجیرەیەک هێرشی ڕاستەوخۆ
لەلایەن ئێرانو ئەو هێزە چەکدارە عێراقییانەی کە لایەنگری ئەون، هاوڕێ لەگەڵ ئاڵۆزییەکانو
سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەرفراوانی نەخشەی سیاسیىو جوگرافی لەناوچەکەدا".
ئاماژەی بەوەشدا، "واشنتۆن لەماوەی نزیکەی 35 ساڵدا، دەستەبەری
سەرەکیی ئاسایشی هەرێم بوە؛ هەر ئەمەش وادەکات جێهێشتنی هێزەکان ببێتە هۆی
دروستبونی ترس لەکەمبونەوەی گرنگیپێدانی ئەمریکا بەعێراقو زیانگەیشتن بەچەندین لایەن
کە لەپێشەنگیاندا هەرێمی کوردستانە".
ئەو لێکۆڵەرە ئەزمونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لەساڵی 2011
لەسەردەمی سەرۆکی پێشوو باراک ئۆبامادا بەنمونە هێنایەوە کە بوە هۆی دروستبونی بۆشاییەکی
ئەمنیو سەرهەڵدانی گروپى تیرۆریستى "داعش"، جگەلەوەی کە بەسەر هێزەکانی
سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا هات لەسوریا دوای پاشەکشەی کتوپڕی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا
لەوێ، ئەمەش چاوەڕوانییەکان لەسەر گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لەسەر زەوی زیاتر دەکات.
سەبارەت بەکشانەوەی سیستمە سەربازییەکانیش، ڕایگەیاند، "لەڕاستیدا
کشانەوەی هەندێک لەچەکەکان ئەنجامدراوە، لەوانەش گواستنەوەی سیستمی موشەکیی (پاتریۆت)
بۆ ئوردن، لەگەڵ کەمکردنەوەی پلەبەپەلەی هێزەکان"، پێیوایه، کە "دیمەنەکە
هێشتا گۆڕانکاریی بەسەردادێتو بۆ هەموو ئەگەرەکان کراوەیە، بەشێوەیەک کە دورنییە
چەند بەشێکی سنوردار وەک هێزە تایبەتەکان بمێننەوە، یان تەنانەت لەداهاتودا لەکاتی
تەقینەوەی قەیرانی گەورەدا هێزەکان دوبارە بڵاوەیان پێبکرێتەوەو بگهڕێنهوه".
عێراق پێشتر چاوی لەدوو کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوە لەخاکەکەیدا؛
کشانەوەی یەکەم لەکانونی یەکەمی 2011دا بوو لەسەردەمی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا باراک
ئۆبامادا، کاتێک دوایین کاروانی سەربازیی ئەمریکا سنورەکانی عێراقی بەرەو کوهیت بڕییو
کۆتایی بەبڵاوەپێکردنی سەربازی هێنا کە لەگەڵ داگیرکردنی عێراق لەساڵی 2003دا دەستی
پێکردبوو، دوای نزیکەی 15 ساڵ لەو مێژوە، واشنتۆن دوێنێ چوارشەممە کۆتاییهاتنی ئەرکێکی
دیكهى لەوڵاتەکەدا ڕاگەیاند، ئەمجارەیان لەبنکەی ئاسمانیی ههریر لههەولێر کە هێزو
کەرەستە سەربازییەکانی هاوپەیمانانى لێبوو.
