ئێران داواكاریه‌كى له‌عێراق هه‌یه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5018 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

باڵیۆزخانەی ئێران لەبەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داوای لەحکومەتی عێراق کردوه‌ "بڕیارێکی دەستبەجێ" لەبارەی کۆتوبەندە نوێیەکانی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بدات، بەو هۆیەی ئەم ڕێوشوێنانە ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی سەردانکەران، خوێندکاران‌و نەخۆشان دروستدەکەن.


باڵیۆزخانەکە لەبڵاوکراوەیەکدا لەهەژماری فەرمیی خۆی لەپلاتفۆرمی "X" وتویەتی، پەیوەندییەکانی ئێران‌و عێراق لەسەر "پەیوەندییە قوڵەکان‌و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان" دامەزراون.

هەروەک ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆتوبەندە نوێیەکان لەبواری فڕۆکەوانی، هاتوچۆی سەردانکەران، خوێندکاران‌و نەخۆشان کەمدەکاتەوە.

باڵیۆزخانەکە هەروەک داوایکردوە، حکومەتی سەربەخۆی عێراق لەڕۆژی سەروەریدا، بڕیارێکی خێرا بدات بۆ پاراستنی ئەم پەیوەندییە مێژوییە لەکاریگەریی سزا ئەمریکییەکان.

لە29ی ئەیلول، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا مۆڵەتێکی تایبەتی بەهێڵی ئاسمانیی عێراقدا بۆ بەردەوامبونی گواستنەوەی گەشتیاران لەنێوان عێراق‌و ئێران لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەف، بەمەرج‌و سنورێکی دیاریکراو ته‌نها بۆ ماوه‌ى مانگێك.

سەرچاوەیەکی باڵا له‌وباره‌یه‌وه‌ وتویه‌تى، "قەدەغەکە لەسەر کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ئێرانییەکان هێشتا بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئاگاداری کۆمپانیا لۆجستیکییەکانی فڕۆکەخانەکان لەجیهان کردوه‌تەوە لەمامەڵەکردن بەدۆلار لەگەڵ ئێرانییەکان".