دەستەی وەبەرهێنان هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیاری دۆلاری فەرمی لەشوقەکانی هەرێم ئاشکرادەکات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا حکومەتی فیدراڵ وەرگرتنی قیستی مانگانەی یەکەکانی نیشتەجێبونی بەدۆلاری فەرمیی 132 هەزاری لەپارێزگاکانی ناوەڕاست‌و باشور بەناچاریی جێبەجێکردوە، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارە لەهەرێم کراوەتە بژاردەیەکی ئارەزومەندانە بۆ کۆمپانیاکان، چونکە زۆربەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ لەدۆلاری پاڵپشتیکراوی بانکی ناوەندیی بێبەشن، وته‌بێژى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمیش ڕونكردنه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌دات.


بەرگەشت ئاکرەیی وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس پەردەی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی قیستی مانگانەی شوقەو یەکەکانی نیشتەجێبون لادا.

ئاكره‌یى ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ ڕێگەدان بەهاوڵاتیان کە دۆلار بەنرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی (واتە 132 هەزار دینار بەرامبەر 100 دۆلار) بدەنە کۆمپانیاکان‌و پابەندنەبن بەنرخی بازاڕەوە، لەناوچەکانی ناوەڕاست‌و باشور بەتەواوی کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بەبارودۆخی هەرێمی کوردستان، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ڕونیکردەوە، ئەوان نەیانتوانیوە بڕیارەکە بەناچاری بسەپێنن، بەڵکو کردویانە بەبژاردەیەکی ئارەزومەندانە (ئیختیاری) بۆ کۆمپانیاکانی خانوبەرە.

وه‌كو به‌رگه‌شت ڕونیكرده‌وه‌، "هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆر لەوەبەرهێنەران‌و خاوەن پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان، سودمەندنین لەدۆلاری 132 هەزاریی بانکی ناوەندیی عێراق‌و ناچارن دۆلار بەنرخی بازاڕ بکڕن".

لەگەڵ ئەوەشدا، ئاکرەیی هیوای خواست کە هەندێک لەکۆمپانیاکان بەدەم ئەم هەنگاوەوە بچن‌و نرخی قیستەکان بکەنە 132 هەزار دینار، بەمەبەستی ڕاکێشانەوەی بەشێک لەو دارایی‌و پارانەی کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆیان دەگەڕێتەوە.

شاره‌زایانى ئابورى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، بۆ تێگەیشتن لەم کێشە داراییە، پێویستە ئاماژە بەسێ ڕاستیی ئابوریی نیشتمانیی بكرێت کە هۆکاری سەرەکیی دروستبونی ئەو جیاوازییەن لەنێوان هەرێم‌و بەغدا ئه‌وانیش:

1ـ
بێبەشبونی وەبەرهێنەرانی هەرێم لەسەکۆی ئەلیکترۆنی: بانکی ناوەندیی عێراق (CBI) پێدانی دۆلاری بەنرخی فەرمی تەنها بەو کۆمپانیایانە دەدات کە لەسەر سەکۆ فەرمییەکەی تۆمارکراون، بەهۆی ئەوەی زۆربەی کۆمپانیاکانی هەرێم ناویان لەو سەکۆیەدا نییە، ناچارن دۆلاری پێویست بۆ پڕۆژەکانیان لەبازاڕی ڕەشدا بەنرخی بەرز (نزیکەی 155 بۆ 156 هەزار دینار) بکڕن، ئەمەش وادەکات نەتوانن قیستەکان بە132 هەزار لەهاوڵاتیان وەربگرن، چونکە توشی زیانی گەورە دەبن.

2ـ
ئابوریی خۆماڵی‌و دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان: لەبەر نەبونی پاڵپشتیی دارایی لەبەغداوە، لایەنە حکومییەکانی هەرێم (وەک جێگری سەرۆک وەزیران) پێشتر هانی وەبەرهێنەرانیاندابوو کە نرخێکی ناوەند دیاریی بکەن، بۆ نمونه‌ له‌سلێمانی، بەشێک لەپڕۆژەکان (نزیکەی 70 لەسەدیان) بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە نرخەکەیان بۆ کڕیاران کەمکردەوە (بۆ نمونە بۆ کەمتر لەنرخی بازاڕ) تا بارگرانیی سەرشانی خێزانەکان کەمبکەنەوە کە ئەمەش مانگانە نزیکەی 100 هەزار دینار بۆ کڕیار دەگەڕێنێتەوە.

3ـ
هەوڵەکانی دەستەی وەبەرهێنان بۆ جێگیرکردنی نرخ: هەرچەندە بڕیارەکە ئارەزومەندانەیە، بەڵام دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەگفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتیی وەبەرهێنەران تا بگەنە نرخێکی جێگیری مامناوەند (وەک 135 یان 140 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک)، تاوه‌كو هاوسەنگییەک لەنێوان بەرژەوەندیی هاوڵاتیان‌و پاراستنی کۆمپانیاکان لەداڕوخانی دارایی دروستبکەن.