شارپرێس:
بڕیاربوو بەغدا لەم هەفتەیەدا دەست بەئاهەنگەکانی بکات بەبۆنەی
چونە دەرەوەی دوایین سەربازیی ئەمریکی لەوڵاتدا، بەڵام پێشئەوەی ئاهەنگەکە دەستپێبکات،
هەڕەشەی ڕوخاندنی حکومەت هاتە ئاراوە.
ئێوارەی دوشەممە، "کەتائیبی حزبوڵڵا" ڕاگەیەندراوێکی
بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەی ئەو ڕۆژانەی گۆڕیی کە بەغدا دەیویست وەک "ڕۆژانی سەروەریی"
ئاهەنگیان بۆ بگێڕێت، ئەمەش هاوکات لەگەڵ تەواوبونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە
لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەساڵی 2014دا بۆ هاوکاری لەشەڕی دژ بەداعش هاتبونە وڵاتەکەوە،
پەیامی کەتائیبەکە ڕاستەوخۆ بوو، ئەگەر حکومەتەکەی عەلی زەیدیی بهگوێرهى ویستی
گروپه چەکدارەکان کارنەکات، ئەوا بۆ ڕوخاندنی تێدەکۆشن، بەڵام هەڕەشەکە تەنها لەسەر
حکومەت نەوەستا.
کەتائیبەکە هەروەها هەڕەشەی داخستنی دەروازە سنورییەکانی کرد لەگەڵ
ئەو وڵاتانەی کە وەک "بەشداربوو لەگەمارۆی ئاسمانیی" سەر ئێران وەسفیکردنو
ڕایگەیاند، چاودێریی ئاسمانی عێراق دەکەنو ئاگاداری دەدەنە ئەو فڕۆکانەی کە بە"دوژمنکار"
دەیانبینن، پێشئەوەی بیانوەشێننە خوارەوە ئەگەر بەردەوامبن لەفڕین.
لەڕوکەشدا، وادیاربوو کە هەموو ئەمانە لەدەوری بابەتێکی تەکنیکی
دەسوڕانەوە کە ئەویش گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراقو ئێران بوو، بەڵام لەپشتی ئەو
گەشتانەوە، چیرۆکێکی زۆر لەوە گەورەتر خەریکبوو کۆدەبوەوە، فڕۆکەیەک بەرەو تارانو
بەڵگەنامەیەک لەواشنتۆنەوە.
بەغدا ڕایگەیاندبوو کە لەڕێگەی وتوێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن،
گەیشتوەتە بڕیارێکی جیاکاریی سنوردار کە ڕێگە دەدات فڕۆکەخانەی نەجەف بۆ گواستنەوەی
گەشتیاران بۆ ئێران بەکاربهێنرێت.
ئەم بڕیارە جیاکارییە کراوە نەبوو، بهگوێرهى بەڵگەنامەیەکی بڵاوکراوە
لەسەر لێکتێگەیشتنەکانی نێوان عێراقو ئەمریکا، نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکان
لەوەزارەتی دارایی ئەمریکا (OFAC) مۆڵەتێکی کاتیی داوەتە هێڵە ئاسمانییەکانی
عێراق کە لە 28ی تشرینی یەکەمی 2026دا کۆتایی دێت، مۆڵەتەکە ڕێگە بەئەنجامدانی چەند
گەشتێکی دیاریکراو لەنێوان نەجەفو ئێراندا دەدات، بەڵام چەندین مەرجی توندی لەدەور
داناوە بۆ نمونه (گەشتەکان دەبێت لەنەجەفەوە دەستپێبکەنو بۆ ئەوێش بگەڕێنەوە، ئەو
گەشتیارە ئێرانیانەی ڕێگەیان پێدراوە بگوازرێنەوە، تەنها زیارەتکارە ئاینییەکان
بن، لهگهڵ ئهوهش جهختكراوهتهوه ڕێگەنادرێت بەگواستنەوەی ئەوکەسانەی کە لەژێر
سزاکانی ئەمریکادان، لەوانەش کەسانی سهر بەحکومەتی ئێران یان هێزە چەکدارە هاوپەیمانەکانی).
هەروەها گواستنەوەی پارەی نەختینە بەبڕی گەورەو ئەو بارانەی کە
بەدامەزراوە سەربازیی، ئەمنی یان هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە بەستراونەتەوە، قەدەغەیە،
تەنانەت کەلوپەلو بارەکان (جانتاکان) دەخرێنە ژێر پشکنینی وردەوەو تەنها ڕێگە بەکەلوپەلی
کەسیو ئەو شتانە دەدرێت کە بۆ پاراستنی فڕینەکە پێویستن، نەک زیاتر.
لەهەمووش گرنگتر ئەوەیە کە بەغدا ناچارکراوە زانیارییو
داتاکان لەسەر گەشتەکانو گەشتیاران پێشکەشبکات، لەوانەش ناوەکانو ژمارەی پاسپۆرتەکان،
هاوڕێ لەگەڵ زانیاری لەسەر سوتەمەنی، چاککردنەوەو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە هێڵە
ئاسمانییەکانی عێراق لەئێراندا پارەیان بۆ داوە.
خودی مۆڵەتەکەش بەڵێنێکی درێژخایەن نییە؛ چونکە وەزارەتی خهزێنهى
ئەمریکا دەتوانێت لەهەر کاتێکدابێت دەستکاری بکات یان هەڵیوەشێنێتەوەو ئەگەر عێراق
پابەندی ئەو مەرجانە نەبێت کە بەسەر گەشتە ئێرانییەکاندا سەپێنراون، مۆڵەتەکە پوچەڵدەبێتەوە.
لێرەدا بەدروستی، گروپه چەکدارەکان هەستیان بەوەکردوه، بابەتەکە
لەفڕین لایداوەو بۆ ئەوان، چیتر پرسەکە گەشتێکی زیارەتکاران نەبوو لەنەجەفەوە بۆ
تاران، بەڵکو بوە تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەوەی بزانرێت کێ خاوەنی بڕیارە لەعێراقدا.
لەڕاگەیەندراوەکەی کەتائیبی حزبوڵڵادا، بەرپرسی ئەمنیی ئەوان
بهناوى ئەبو موجاهید ئەلعەساف وتویهتى، "عێراقییەکان دەزانن کێ لەپشت هەندێک
بڕیاری حکومییەوەیه، بۆ تێپەڕاندنی ئەو شتانەی کە نایانەوێت بەئاشکرا بیگرنە ئەستۆ".
دواتر پەیامەکەی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی زەیدیی کردو وتی، "ئەو
حکومەتەی کە بۆ بەرژەوەندیی گەل کارنەکات، بەهەموو شێوازێک تێدەکۆشین بۆ ڕوخاندنی".
ڕاگەیەندراوەکە هەڕەشەکەی تەنها لەئاستی قسەی سیاسیدا نەهێشتەوە؛
عەساف دهڵێت، "بەردەوامبونی گەمارۆی ئاسمانیی سەر ئێران دوای یەکی تشرینی یەکەم،
ڕەنگە ببێتە هۆی داخستنی دەروازەکانی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن تێیدا، بهڵام بهرهى
موقاوهمه چاودێریی ئاسمانی عێراق دەکاتو سەرەتا هۆشداریدهدات، پێشئەوەی کار بۆ
خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانە بکات کە بە دوژمنکاریان دادەنێت".
ڕونترین ڕستەش ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆک وەزیران کراوهو بهگوێرهى
ڕاگەیەندراوەکە، "نابێت ئەو (واته سهرۆك وهزیرانى عێراق) دوای یەکی تشرینی
یەکەم ببێتە ژمێریار (کاشێر) بۆ پێشێلکارییەکانی ئەمریکا".
بەمشێوەیە، لەو ڕۆژەی کە بڕیاربوو دەوڵەت دەست بەپیشاندانی سەروەریی
خۆی بکات، کۆمەڵێکی چەکدار ڕایانگەیاند کە چاودێریی ئاسمان دەکەنو خۆیان دیاریدەکەن
چی بەپێشێلکاریی دادەنێنو هەڕەشەیان لەخودی حکومەتیش کرد ئەگەر ڕێڕەوی خۆی نەگۆڕێت.
بەرپرسێکی پێشوو کە لەکۆشکی حکومەتەوە نزیکە، باسى لهوهكردوه،
"ئەوەی ڕودەدات وەک پیشاندانی هێز دەچێت لەو چرکەساتەی کە هێزەکانی ئەمریکا وڵات
جێدەهێڵن".
بهگوێرهى قسەکانی ئەو بەرپرسە، ڕاگەیەندراوەکەی کەتائیبی
حزبوڵڵا دەکرێت وێنەیەکی سەرەتایی بێت بۆ ئەوەی کە ڕەنگە دوای کشانەوەکە ڕوبدات،
کاتێک "گروپه چەکدارەکان دەستدەکەن بەتاقیکردنەوەی توانای خۆیان بۆ دانانى
کاریگەری لەسەر بڕیارەکاندا".
لهو ڕوهشهوه ئەحمەد یاسری لێکۆڵەر لەکاروباری سیاسیى ئەم هەڕەشەیە
بەشێوازێکی دیكه دەخوێنێتەوە، بەبڕوای ئەو، ڕاگەیەندراوەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا زۆربەی
جار دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو گوشارەی کە دەخرێتەسەریان؛ کاتێک گوشارەکە توندبێت،
زمانی دەربڕینیشیان توند دەبێتو کاتێک ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە، ڕاگەیەندراوەکانیان
هێمنتر دەبنەوە.
وهكو وتویهتى، "بەڵام ئەمجارەیان، هۆکارێکی ڕاستەوخۆ هەیە
کە وایکردوە کاردانەوەکە توندتربێت، ئەویش فڕینی فڕۆکە ئێرانییەکانە، بەبڕوای من، ڕاگرتنی
گەشتە ئێرانییەکان تەنها بڕیارێکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکو لێدانێکی بازرگانیی گەورە
بوو کە بەر گروپه چەکدارەکانی عێراق کەوت، بۆیە ئهوان پێویستیان بەوەڵامێکە تا بیسەلمێنن
کە هێشتا ماونو دەتوانن کاریگەرییان هەبێت".
بەبڕوای یاسری، "ئەو شانۆگەرییو جموجۆڵەی کە هێزە چەکدارەکان
دەستیانپێکردوە، تەنها بەشێکە لەدوبارە کێشانەوەی پێگەی سیاسیىو سەلماندنی بونی خۆیان
لەعێراقدا، نەک مەرج بێت ببێتە پێشەکییەک بۆ وەرگەڕانی دەسەڵات (کودەتا) یان ڕوبەڕوبونەوەی
سەربازیی ڕاستەوخۆ، چونکە گروپهكان، کێشەیان هەیە لەگۆڕینی هێزە سەربازییەکەیان بۆ
پڕۆژەیەکی سیاسیى گشتگیر، ئەوان ناکۆکییان لەگەڵ کورد هەیە، کێشەیان لەگەڵ سوننە هەیەو
تەنانەت لەناو خودی ماڵی شیعەشدا کێشەیان هەیە، بۆیە پرسیارەکە تەنها ئەوەنەبوو:
ئایا دەتوانن حکومەت بڕوخێنن؟ بەڵکو ئەوەیه، ئەگەر هەوڵیاندا، کێ لەپشتیان دەوەستێت؟".
چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه، سەرسوڕهێنەرییەکی دیكه لەم دیمەنەدا
هەیە؛ ئەو گروپه چەکدارانەی کە بەشێک لەشەرعییەتی خۆیان لەسەر بنەمای ناكۆكى لهگهڵ
ئەمریکا بونیادنابوو، ئێستا خۆیان لەبەردەم چرکەساتێکدا دەبیننەوە کە بڕیارە ئەرکە
سەربازییەکەی ئەمریکا تێیدا کۆتایی بێت، بەڵام چونە دەرەوەی ئەمریکییەکان بەو واتایە
نییە کە تەواوی ئەو پرسیارانەی بونی هێزە چەکدارەکانیان پێ ڕەوا دهبینى، بەتەواوی
نەماون.
بۆ ئهوهش یاسری کە سەرۆکی ناوەندی عەرەبی-ئوسترالییە بۆ لێکۆڵینەوە
ستراتیژییەکان پێیوایە، "ئەم گروپانه، لەبەشێکی بنەڕەتیی کارەکانیاندا، لەناو
ستراتیژییە ئەمنییە بەرفراوانەکانی ئێراندا کاردەکەن، من وەک هێزی فەرمانبەری دیاریکراو
وەسفیاندەکهم کە کارنامەی ڕونیان هەیەو بەستراتیژییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە
بەستراونەتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییو ئاسایشی نیشتمانیی ئێران".
لهبهر ئەو هۆکارە، کاردانەوەکانی ئەوان لەناو عێراقدا، بهگوێرهى
خوێندنەوەی یاسرى، "بەو واتایە نییە کە دەیانەوێت دەستبەسەر دەوڵەتدا بگرن، بەقەد
ئەوەی گوزارشت لەهەوڵدان دەکات بۆ پاراستنی ئەو ڕۆڵەی کە لەپێناویدا دروستبون،
حزبوڵڵای لوبنان وەک نمونەی کۆمەڵەیەکی چەکدار لهبهرچاومانه کە توانیی لەناو سیستمی
سیاسیدا بمێنێتەوە، بەڵام نەبوە نوێنەری تەواوی پێکهاتەکان یان تەواوی کۆمەڵگە، بەهەمان
لۆژیکیش، دەکرێت هێزی گروپهكانى عێراق بەرزبێتەوەو توانای سەربازییو سیاسیشیان گەورەتربێت،
بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە دەتوانن ببنه هێزى باڵا دهستى عێراقو حوكمڕان".
لهبهشێكى دیكهى خوێندنهوهكهى یاسریدا هۆکارێکی دیكه
باسدهكات کە ئەویش ئیسرائیلو ئەمریکایە، ئهو دهڵێت، "هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی
عێراق بۆ مەیدانێکی کراوە بۆ گروپه چەکدارەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی
توندی ئیسرائیل یان ئەمریکا، بەتایبەت لەسایەی بەردەوامبونی کێبڕکێو گرژییە ناوچەیییەکان
لەگەڵ ئێراندا، لەبەرئەمەش پێموایە کە ئاڵۆزییەکانی ئێستا، پێش هەموو شتێک، تەنها
دروستکردنی کاردانەوەیەو پەیامێکە بۆ حکومەت، واشنتۆن، تارانو ناوخۆی وڵات، بەوەی
کە گروپه چەکدارەکان هێشتا چەندین کارتی بەهێزیان لەدەستدا ماوە".
ههر لهوبارهیهوه عهبدولسهلام بهروارى ئەندامی پێشوی پەرلەمانی
کوردستان لەڕوانگەیەکی بەرفراوانترەوە سەیری بابەتەکە دەکاتو دەڵێت، "دوو ڕاستی
هەن کە نابێت لەیەکتر جودا بکرێنەوە؛ یەکەم، بونی ئەمریکا دوای ساڵی 2014 لەسەر
داوای حکومەتی عێراق بوەو بەردەوامبونی هێزەکانیش دوای تێکشکاندنی داعش لەچوارچێوەی
ڕێککەوتنی نێوان بەغداو واشنتۆندا بوە کە ژوانێکی دیاریکراوی هەبوە بۆ چونە دەرەوەی
دوایین سەرباز".
لهبارهى دوەمیشهوه بهروارى وتویهتى، "گروپهكان شەرمەزارییەکی
گهوره بۆ ئاهەنگەکە دروستدهكهنه، ئەگەر عێراق دەیەوێت ئاهەنگ بۆ ڕۆژی سەروەری
بگێڕێت، دەبێت سەرەتا بپرسێت، ئایا لەڕاستیدا دەوڵەت خاوەنی بڕیاری ئەمنیی خۆیەتی؟،
چونکە بونی ژمارهیهك گروپى چەکدار کە بەئاشکرا هەڕەشەی ڕوخاندنی حکومەت دەکەن یان
هەڵوێستی پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەت دەگرنەبەر، بەو واتایەیە کە پێناسهی سەروەریی
هێشتا ناتەواوە، ئینجا بونى هێزەکانی تورکیا لەناوخاکی عێراق بابهتێكى دیكهیه".
وهكو بهرواری باس لەبڵاوەپێکردنێکی سەربازیی تورکیا دەکات کە
نزیکەی ههزار کیلۆمەتر لەسنوری سوریاوە تا سنوری ئێران درێژدەبێتەوەو بەقوڵایی نێوان
20 بۆ 40 کیلۆمەتر هاتوهته ناوخاکی عێراقەوە، لەگەڵ بونی چوار یان پێنج سەربازگەو
زیاتر لە 74 بنکەی سەربازیی.
دهشڵێت، "کاریگەریی ئەم بڵاوەپێکردنەش تەنها لەئاستی سەربازیدا
نییە، بەڵکو فڕۆکەخانەیەکیش لەبامەڕنێ كراوهتهوه، لەکاتێکدا بونی تورکیاو ئۆپەراسیۆنە
سەربازییەکانی بونەتە هۆی ئەوەی نزیکەی 200 گوند نەتوانن ئاوەدان بکرێنەوەو خەڵکەکەی
بگەڕێنەوەسەر ژیانی ئاسایی خۆیان".
لهڕوانگهى بهروارییهوه، "مەرج نییە ڕۆژى فهرمى
كشانهوهى ئهمریكاو هاوپهیمانى نێودهوڵهتى ببێتە بەیانییەکی نوێ بەو واتایەی
کە بەغدا دەیەوێت پێشکەشی بکات، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕاستیدا هیچ شتێک ناگۆڕێت
لەدیمەنی عێراقدا، بەڵام پێموایه، یەکێک لەو پاساوانەی کە هێزە چەکدارەکان بۆ مانەوەو
چالاکییەکانیان بەکاریاندەهێنا، لەوانەش هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان،
دوای کشانەوەی ئەمریکا کەمدەبێتەوە، وەک ئەوەی بڕستیان لێبڕابێت، دیسانهوه ئهمهش
بەواتای کۆتاییهاتنی ڕۆڵی گروپه چهكدارهكان نایەت، چونکە ئهوان هەن، پێیانوایە
بەردەوامبونی کێبڕکێی نێوان ئەمریکاو ئێران هەمیشە هۆکاری نوێ بۆ مانەوەیان دروستدەکات،
ئەم گروپانه لەسایەی ئەم کێبڕکێیەدا زیاتر لەپاساوێک بۆ پاراستنی چەکو ڕۆڵی خۆیان
دەدۆزنەوە.
