ئێران سزای لێدانی 74 جەڵد بەسەر گۆرانیبێژێک دەسەپێنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 836 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی گورانی وتنی بەبێ سەرپۆش، دادگای قوم لەئێران سزای لێدانی 74 جەڵدی بەسەر پەرستۆ ئەحمەدی، خانمە گورانیبێژی ئێرانی و هەشت کەسی دیکەدا سەپاند، رێکخراوی لێبوردەی نێودەوڵەتیش داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات سزاکە جێبەجێ نەکەن.


مانگی حوزەیرانی رابردوو دادگای قوم سزاکەی بەسەر ئەو گۆرانیبێژەدا دەرکرد و بڕیاریدا بۆ ماوەی دوو ساڵ هیچ گەشتێک بۆ دەرەوەی ولات نەکەن و لەو ماوەیەدا هەموو جۆرە کارێکی هونەری لێ قەدەغە کراوە، بەڵام رێکخراوی لێبوردەی نێودەوڵەتی داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر پەرستۆ ئەحمەدی و هەشت کەسەکەی دیکە دەکات.

سەرەتای چیرۆکەکە بۆ مانگی کانونی یەکەمی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەو خانمە هونەرمەند کۆنسێرتێکی خۆی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، کە بەبێ سەرپۆش گۆرانی دەوت و ڤیدیۆکەشی نزیکەی سێ ملیۆن بینەری هەبوو،  دواتریش هێزە ئەمنییەکان ئەو گۆرانیبێژە و ئەندامانی دیکەی تیپەکەی دەستگیرکرد و دواتریش بە کەفالەت ئازادکران.