حكومەتی یەمەن ئۆپەراسیۆنێكی دژی حوسییەكان ڕاگەیاند

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 217 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 سەرۆكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی یەمەن، ڕۆژی یەكشەممە، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی وڵاتەكەی ڕاگەیاند.

ڕەشاد عەلیمی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا وتی: ئەمڕۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بۆ ئازادكردنی ئەو خاكەی كە لەدەستی حوسییەكان ماوەتەوە ڕادەگەیەنین لەگەڵ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دامودەزگاكانی بەسەر تەواوی خاكی نیشتماندا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێنمایی بۆ هێزە چەكدارەكان و هێزە ئەمنییەكان و سەرجەم پێكهاتە سەربازییەكان دەركردووە بۆ ئەوەی دەستبكەن بە جێبەجێكردنی ئەركە ڕاسپێردراوەكانیان، بەپێی پلانە پەسەندكراوەكان، "تا ئەوكاتەی وڵاتەكە لە چنگی میلیشیا تیرۆریستییە حوسییەكان ڕزگاردەبێت". 

هەروەها عەلیمی داوای لە چەكدارەكانی حوسییەكان كرد چەكەكانیان دابنێن و لێخۆشبوونیان بۆ دەردەكرێـت، داواشی لە خەڵك كرد لە بنكەكانی حوسییەكان دوربكەونەوە و هاوكاری حوسییەكان نەكەن.