له‌باره‌ى هێزێكى ئه‌مریكاوه‌ هۆشداریده‌درێت.. نوجەبا هۆشداریدەداتە پێشمەرگەو هەڕەشەی لێدانی ئیسرائیل دەکات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2857 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بزوتنەوەی نوجەبا پەردە لەسەر دروستکردنی بەشێکی تایبەتی تیرۆرکردن لەلایەن ئەمریکاوە لەناو عێراقدا لادەدات‌و هۆشداریی توندیش دەداتە هێزەکانی پێشمەرگە؛ سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیى بزوتنەوەکەش ئاشکرایدەکات، واشنتۆن لەچەندین ڕێگەی جیاوازەوە داوای دانیشتن‌و گفتوگۆی لێکردون، بەڵام ئەوان بەتەواوی ڕەتیانکردوەتەوە، هاوکات جەختدەکاتەوە، لەئەگەری هەر هێرشێک بۆسەر ئێران، نوجەبا ڕاستەوخۆ هێرشدەکاتەسەر ئیسرائیل.


عەلی ئەسەدی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیى بزوتنەوەی نوجەبا، نیگه‌رانى خۆی نیشاندا بەرامبەر بڕیاری دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ڕێگریکردن لەنیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکان لەفڕۆکەخانەکانی وڵاتدا، جەختیکردەوە، ئەم بڕیارە نیشانەی "چەمانەوەیە لەبەردەم ملھوڕیی ئەمریکادا".

ئەسەدی جەختیکردەوە، بابەتەکە زۆر لەفڕۆکەخانەکان قوڵترە، چونکە پەیوەندیی بەپه‌یوەندییە بەهێزەکان لەگەڵ ئێرانەوە هەیەو دروست نییە لەبەردەم بڕیارێکی نابەرپرسانەی ئەمریکادا لەم بارەیەوە بچەمێینەوە.

داواشی لەخاوەن بڕیاری عێراقی کرد کە پێویستە پێداچونەوە بەم هەنگاوەدا بکات‌و وتی، "ئەگەرنا، جوڵانەوەیەکی جەماوەریی گوشارھێنەر دەبێت بۆ گۆڕینی بڕیارەکە"و جەختیکردەوە، "بژاردە جەماوەرییەکان کاریگەرترین گوشار دەبن‌و هەموو ئەگەرەکان کراوەن".

ئەسەدی ئاماژەی بەوەشدا، بێهێزیی لایەنە سیاسییه‌كانى ناوخۆ بوەتە هۆی ئەوەی داگیرکاریی ئەمریکا بڕیارەکانی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، لەکاتێکدا خاوەن بڕیار دەتوانێت ڕەتیانبکاتەوە وەک چۆن هەندێک وڵاتی دیكه‌ دەیکەن، پارێزگاری لەسەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی، سیاسیى‌و ئابوریی بکات، لەجیاتی ئەوەی ببێتە بارمتەی بەرژەوەندییە کەسی‌و حزبییەکان‌و دوڕویی لەهەڵوێستی تاقمە سیاسییه‌كاندا کە لەلایەکەوە لەگەڵ بڕیارەکانی ئەمریکا ڕازین‌و لەلایەکی دیكه‌وه‌ لێی بەدەنگ دێن.

سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیى بزوتنەوەی نوجەبا ڕاشیگەیاند، "سەروەریی واتە سەربەخۆیی تەواوو ئەوەی عێراق خۆی خاوەن بڕیاربێت لەئابوری، ئاسایش‌و هەموو بوارەکانی ژیاندا، دەبێت عێراق ئازادبێت‌و نابێت نێردراوی ئەمریکا دەستوەردان لەکاروباری ئابوریی، ئاسایشی‌و سیاسییدا بکات، به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ هەڵوێستی ڕونی لەسەرەتاوە هەبوە لەکاتێکدا سیاسه‌تمه‌دارانى عێراق توشی تەمومژو کێشە بونەتەوە".

لەدۆسیەی سیاسیى ناوخۆیی‌و چەکی به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌دا، ئەسەدی پەردەی لەسەر چەند خولێکی گفتوگۆ لەگەڵ "چوارچێوەی هەماهەنگی" لادا کە تێیدا ناونانی "کۆنترۆڵکردنی چەک" ڕەتکراوەتەوەو جەخت لەوەکراوەتەوە، ئەم دەستەواژەیە زیانبەخشەو گۆڕدراوە بۆ "ڕێکخستنی چەک"و ستایشی ئەو بەرپرسیارێتییەی کرد کە لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بینراوە.

جەختیشیکردەوە، کێشەی گەورەی عێراق گەندەڵییە نەک چەک، پشتگیری خۆی بۆ "ئۆپه‌راسیۆنى بەرەبەیان" دژ بەگەندەڵی ڕاگەیاندو داوای بەردەوامبون‌و جێبەجێکردنی یاسای کرد بەسەر ناوهێنراوە گەندەڵە دیارەکاندا.

هەروەها جارێکی دیكه‌ش جەختیکردەوە لەسەر نەبونی چەند بڕیارێک لەلایەن بزوتنەوەی نوجەباوە بۆ چونە ناو پرۆسەی سیاسیى‌و ڕازینەبونیان بەو شێوازەی کە وڵاتی پێ بەڕێوە دەبرێت، ئه‌و وتى، "ئێمە لەبزوتنەوەی نوجەبا هیچ داواکارییەکی کەسیمان نییە، بەڵکو داوادەکەین عێراق ببێتە خاوەنی خۆی".

سەبارەت بەپەیوەندیی لەگەڵ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران ئەسەدی وتى، "پەیوەندیمان لەگەڵ سەرۆک زەیدیی باشەو چەندجارێک لەسەر پرسی چەک لەگەڵیدا کۆبوینەتەوەو پێمانوایە کێشەکە لەڕاوێژکارەکانیدایە نه‌ك خودى خۆى".

ئەسەدی مەرجەکانی ڕادەستکردنی چەکی بەستەوە بەکۆتاییهێنان بەداگیرکاری ئەمریکاو تەواوی بونی هێزە دەرەکییەکان لەوڵاتدا، لەنێویشیاندا هێزەکانی تورکیا، ڕونیکردەوە، "به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ هۆکاری خۆی هەیەو هەر کاتێک ئەم هۆکارانە نەمان، به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ش کۆتایی دێت".

جەختیشی لەسەر پێویستی خستنەژێری هێزەکانی "پێشمەرگە" بۆ ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کردەوەو هۆشداریدا کە "هێزە جودازیخوازەکان یەکێکن لەکێشەکانی عێراق‌و هەر کاتێک پێویست بەدەستوەردانی به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ بکات، لەهەر بستێکی خاکی عێراقدا دەستوەردان دەکەین".


سەبارەت بەجوڵەکانی ئەمریکا، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیى بزوتنەوەی نوجەبا ئاشکرایکرد، بزوتنەوەکە زانیاریی لەسەر تەواوی جوڵەکانی ئەمریکا هەیەو لەسەر بەشێکی تایبەت کە دروستیانکردوەو عێراقییەکان لەخۆدەگرێت لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خۆیاندا.

وتى، "شوێنی ئەم بەشەو ئەرکە چاوەڕوانکراوەکانیان دەزانین کە خۆی لەئەنجامدانی تیرۆرکردن‌و نانەوەی ئاژاوەدا دەبینێتەوە وەک وێنەیەکی نوێی کۆمپانیای (بلاک وۆتەر) به‌ڵام بەناونیشانێکی دیكه‌، هاوڕێ لەگەڵ هاتنی کۆمپانیا ئەمنییەکان بۆ قەرەبوکردنەوەی چونە دەرەوەی سەربازییان".

هه‌روه‌ك ئەسەدی ئاماژەی بەپوچەڵکردنەوەی چەندین هەوڵدا بۆ شەڕی ناوخۆیی بەبیانوی چەکی به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەڕێوەدەبران‌و ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە جوڵاندبونی، ئاماژەی بەچەند نیشانەیەکدا بۆ دوبارە جوڵاندنەوەی ڕێکخراوی "داعش"یش لەعێراقدا.

جەختیشیکردەوە لەسەر متمانە نەکردن بەئەمریکییەکان "تەنانەت بەقەد سەری دەرزییەکیش"و پابەندنەبونیان بەبەڵێنەکانیانەوەو هێرشکردنیان بۆسەر ئێران لەکاتی وتوێژەکاندا وەک بەڵگە هێنایەوە، و وتی: "ئەوەی لەگەڵ ئێراندا ڕویدا گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ڕێزنەگرتنی ئەمریکییەکان لەبەڵێنی خۆیان، چونکە لەکاتی وتوێژەکاندا هێرشیانکردەسەر ئێران، ئەمەش نیشانەی نامەردییە".

سەبارەت بەهەڕەشە ناوچەیییەکانیش، ڕایگەیاند، "لەکاتی خۆیدا هەڵوێستمان دەبێت ئەگەر دەستدرێژی ئەمریکی‌و ئیسرائیلی بۆسەر ئێران ڕوبدات".

ئه‌وه‌شى وت، "کاربەڕێکەری ئەمریکا هەوڵیداوە لەڕێگەی یەکێک لەڕامیارکارانەوە په‌یوەندیی بکات، هەروەها نێردراوانی دیكه‌ى هاوپەیمانانی واشنتۆن نامەیان ناردوە بۆ داوای دانیشتن‌و وتوێژو چەندین پڕۆژەو دەستکەوتیان خستوەتەڕوو بەمەرجی دەستبەرداربون لەچەکە ستراتیژییەکەیان کە دەگاتە "ئیسرائیل"، بەڵام ئەمە بەتەواوی ڕەتکراوەتەوە.

لەکۆتاییدا هۆشداریدا لەوەی، پڕۆژەی سەرەکی ئەمریکا هەوڵدانە بۆ گۆڕینی سەرکردایەتی حەشدی شەعبی‌و سڕینەوەی، بەڵام مەرجەعیەت‌و هەندێک لەسیاسه‌تمه‌داران ئەمەیان ڕەتکردوەتەوە، گوشارەکانی ئەمریکاش لەسنورێکدا ناوەستن، بەڵکو دوای ڕادەستکردنی چەک دەچنەسەر حەشدو پاشان بۆ وەزارەتی بەرگریی‌و دامەزراوە سەربازییەکان.