شارپرێس:
لەکاتێکدا سەرۆکی ئۆکرانیا لەنامەیەکی فەرمیدا بۆ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران، داوای چڕکردنەوەی پهیوەندییەکانی کیێڤو بەغدا دەکات، ڕاپۆرتە ئەمنییەکانو لێدوانی لایەنە سیاسییهكان، هاوکێشەیەکی ئاڵۆزتر ئاشكرادەکەن؛ بهگوێرهى وتەی گروپه چەکدارەکانو لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان، چەند گروپێکی بەستراوە بەئۆکرانیاوە لەناوخاکی عێراقەوە هێرشدەکەنەسەر هەرێمی کوردستانو وڵاتانی دراوسێ کە دوایینیان لێدانی هێڵە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعودییه بوو، ئەمەش وەک کارتێکی تۆڵەکردنەوە لەبەغداو هەولێر بەهۆی بونی شەڕڤانانی کوردو عێراقی لەناو ڕیزەکانی سوپای ڕوسیادا.
پهیوەندییەکانی نێوان عێراقو ئۆکرانیا لەنێوان دیمەنی فەرمیی دیپلۆماسیو شەڕی توندی هەواڵگریی سێبەردا بەڕێوەدەچن، لەلایەکەوە، ڤلۆدۆمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی عێراقەوە نامەیەکی گەرمی پیرۆزبایی ئاڕاستەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران كردوهو جەخت لەسەر نیازو بڕیاری کیێڤ دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە کردارییو فەرمییەکان، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، ناوخۆی عێراق بەهۆی مەلەفێکی یەکجار هەستیارەوە دەکوڵێت کە تێیدا لایەنە سیاسییهكانى چوارچێوەی هەماهەنگیو هەندێک لەگروپە چەکدارەکان بەفەرمی کیێڤ تۆمەتباردەکەن بەپەکخستنی ئاسایشی ناوچەکە.
عەلی حوسێن فەتلاوی وتەبێژی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا ئاماژه بهوهدهكات، "چەند بیروباوەڕێکی جێگیرمان هەیەو لەنێوانیشیاندا ئازایەتییە، ئێمە وەکو (نەعامە) نین، بۆ ئێمە ئازایەتییە کە هەر وڵاتێک دژمان بوەستێتەوە هێرشبکەینەسەریو شەرەفێکە بۆمانو نایشارینەوە، بەڵام شتێک کە ئێمە نەمانکدبێت وتومانە کە ئەو شەرەفەمان پێنەبڕاوە، ئیدی بۆ ئەمڕۆ خۆم بکەمە خاوەنی".
ئاماژه بهوهشدهكات، "ئهو هێرشهى كرایهسهر سعودیه، هیچ گروپێكى چهكدارى بهرهى مقاوهمه نهبون، پێشتریش وهكو مقاوەمە ڕامانگەیاند، ئێمە نەبوین، سعودیەش هیچ بەڵگەیەکی نهبوو کە مقاوەمە هێرشەکانی کردوە، بۆیە هێرشەکانی سعودیە بۆسەر حەشدی شەعبیو شەهیدبونی 20 کەسو برینداربوونی 36 کەس، تۆڵەسەندنەوەیەکی بێبنەمابوەو ئێمە زوڵممان لێکراوە، چەندین جاریش جەختمانکردوەتەوە کە دەستی دەرەکی لەپشت هێرشەکانی سەر سعودیەوە بوە، جا ئیسرائیلی بێت یاخود ئۆکرانیا یان بەکرێگراوی دیکە".
بهگوێرهى زانیارییو لێدوانە دزەپێکراوەکانی ناو لایەنە بڕیاربەدەستەکان، چەند گروپێکی چەکداری بچوک کە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیاوە پاڵپشتیی داراییو تەکنیکی دەکرێن، لەناوخاکی عێراقەوە کاراکراون بۆ وەشاندنی هێرشی درۆنی بۆسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانو وڵاتانی دراوسێی عێراق، وهكو وتەبێژی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا دهڵێت، "دوایین نمونەی بەرچاو کە لێکۆڵینەوەی توندی فەرمیی لەسەردەکرێت، هێرشە درۆنییە پێشکەوتوەکەی سەر هێڵە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعودی (بۆری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا) بوو"، سەرچاوە ئەمنییەکانیش ڕایانگەیاندوە، هێرشەکە لەناوخاکی عێراقەوەو بەتەکنەلۆژیایەکی باڵا ئەنجامدراوە کە تەنها لەتوانای لایەنی سێیەمی وەک ئۆکرانیادایە.
وهكو عەلی حوسێن فەتلاوی وتەبێژی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا باسیدهكات، "پرسى گروبهكانى سهر بهئۆكرانیا چەند دەروازەیەک لەخۆ دەگرێت، دەروازەیەکیان پەیوەستە بەشەڕی ئۆکرانیاو ڕوسیاوە، وەکو دەزانن زۆرێک لەبرایانو خەڵکی عێراق چونو بەشداری ئەو جەنگەیان کردوەو لەبەرەی ڕوسیانو لەبەرامبەریشدا هەندێکی دیکە چونەتە شەڕو لەبەرەی ئۆکرانیان، ئەوەش دوو بەرەی دژ بەیەکە، بەمجۆرە ئۆکرانیا شەڕ بۆ سوننەو ڕوسیاش شەڕ بۆ شیعە دەکات".
وهكو دهڵێت، "بابەتێکی دیکە ئێمە لەعێراق سنوری بەزێنراومان هەیە، سنوری سوریا، سعودیە یان کوەیت لەگەڵ عێراق کۆنتڕۆڵنەکراوەو بەڵگەش بۆ ئەمە دۆزینەوەی بنکەی ئیسرائیلی لەبیابانی نەجەف، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی دزەپێکردنی ئیسرائیل هەیە، خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئۆکرانیا دەیەوێت بەشێک لەعێراق سزابدات کە ئەویش باشورە، چونکە خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕۆیشتون بۆ ڕوسیاو لەدژی ئۆکرانیا جەنگاون، با لای هەموان ڕونو ئاشکرابێت کە ئەوکەسانە بەهیچ جۆرێک سەر بەمقاوەمە نین، ئەوکەسانەی ڕۆیشتون بۆ جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا دورو نزیک سەر بەمقاوەمە نین، حکومەتی عێراقیش خۆی بێبەریکردوە لێیان".
ئهو دهڵێت، "من ناویان بەبەکرێگراو دەبەم، ئەم نازناوە لای ئێمە باوە کە هەرکەسێک بچێتە دەرەوەی عێراق بۆ بەشداریکردن لەجەنگ ئەوە بەکرێگیراوە، چونکە ئەوە لەپێناو بیروباوەڕدا نەڕۆیشتوە، بەڵکو لەپێناو پارەو سودی کەسییدا ڕۆیشتوە، کەواتە وەکو باسم کرد ئەم دۆخەی لەباشور دروستبوە ئەمە سەرچاوەکەی بوە، کە ئۆکرانیا لەڕێگهی عێراقەوە هێرشبکاتەسەر سعودیەو ئاژاوە بخوڵقێنێت، لایەنێکی دیکە کە ئێمە بەتاوانباری دەزانین ئیسرائیلە کە بەهۆی ئەو بنکەیەی لەنەجەف دروستیکرد بۆ ئەو مەبەستە بوەو ئۆکرانیاش بۆ ئازاردانی باشوری عێراق دژ بەسعودیە ئەوکارەی ئەنجامداوە، ئەمانە شیکردنەوەی من بوە".
لەبەرامبەر ئەم شەپۆلە قورسەی تۆمەتو پێشهاتە سەربازییانەدا، هەردوو حکومەتی عێراقو هەرێمی کوردستانیش پێشتر بەفەرمی بێئاگایی تەواوەتی خۆیان لەم بابەتە ڕاگەیاندوەو بەتوندی هەر جۆرە پهیوەندییەکی فەرمی یان بڕیارێکی سیاسیىو حکومەتییان بەم مەلەفەوە ڕەتکردوەتەوە، بەرپرسانی بەغداو هەولێر جەختدەکەنەوە، ناردنی هیچ چەکدارێک بۆ ڕوسیا یان ئۆكرانیا بەئاگاداریی ئەوان نەبوە، بەڵکو تەواوی ئەو گەنجە عێراقیو کوردانەی چهكى ئهو دوو وڵاتهیان لهشان كردوه، لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتیو کۆمپانیا بیانییەکانەوە لەژێر ناوی "دابینکردنی هەلی کاری گونجاوو پێدانی پارەو موچەی زۆر" بەتەواوی هەڵخەڵەتێندراونو دواتر بەناچاری خراونەتە ناو بەرەکانی جەنگهوه.
