سوپای پاسداران لەناو تاران ئازاری دیبلۆماتکارێکی فەڕەنسیی دەدەن.. پاریس چۆن وەڵام دەداتەوە؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 358 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "لۆپوان"ی فەڕەنسیی ئاشکرای کردووە کە ڕێمی بوالیگ، دیپلۆماتی دووەمی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تاران، لە 8ی تشرینی یەکەم لەلایەن دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لەناو تاران مامەڵەیەکی توندیان لەگەڵدا کراوە، سەرەڕای ئەوەی کە پارێزبەندیی دیپلۆماسی هەبووە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕۆژئاوایی، دیپلۆماتەکە لە دەرەوە بە توندی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕووداوەکەی ڕانەگەیاندووە، باڵیۆزی ئێران لە پاریس بانگهێشت کراوە و فەرەنسا داوای لە تاران کردووە هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی ئەمنیی کارمەندەکانی بگرێتەبەر.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە پاریس خەریکی گرتنەبەری ڕێکاری وەڵامدانەوەیە، کە دەکرێت بگاتە داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە ئێران یان کەمکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی.

ئەم ڕووداوە دووەمین حاڵەتە لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگدا کە دیپلۆماتە فەرەنسییەکان لە تاران مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دادەکرێت. لە 19ی تەمموز، دوو دیپلۆماتی فەرەنسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ چەند کاتژمێرێک ڕاگیران، لە کاتێکدا دوو هونەرمەندی ئێرانی لەگەڵیان بوون. فەرەنسا لە وەڵامدا دوو دیپلۆماتی ئێرانی لە پاریس وەک کەسی نەخوازراو ڕاگەیاند.

هەروەها، لە 20ی ئەیلوول، دەسەڵاتدارانی ئێران ناوەندی زمانی فەرەنسییان لە تاران داخست.

فەرەنسا هەرچەندە لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێراندا بەشدار نەبووە، بەڵام تاران بەهۆی فشارەکانی پاریس لەسەر بەرنامەی مووشەکی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، وڵاتەکە بە دوژمن دادەنێت.

 ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی