جەنگی ئێران زیاتر لە 200 ملیار دۆلار زیانی لە وڵاتانی کەنداو داوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 100 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای بیمەی "ئالیانز ترەید" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە زیانە ماددییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە وڵاتانی کەنداو زیاتر لە 200 ملیار دۆلارە، لە کاتێکدا کۆی زیانە ئابوورییە کەڵەکەبووەکان تا ساڵی 2030 دەگاتە نزیکەی 790 ملیار دۆلار.

بەپێی ڕاپۆرتەکە کە دوێنێ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، وڵاتانی کەنداو گەورەترین بارگرانی کاریگەرییەکانی وەڵامەکانی ئێرانیان هەڵگرتووە، دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی ئەمساڵ هێرشیان کردە سەر ئێران و جەنگەکەیان دەستپێکرد.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە زیاتر لە 80 دامەزراوەی وزە لە ماوەی جەنگەکەدا بەئامانج گیراون، کە زۆربەیان لە کوێت، قەتەر و بەحرێن بوون. نزیکەی سێیەکی ئەو دامەزراوانە زیانی قورسیان بەرکەوتووە.
ئەوەش هاتووە: کاریگەرییەکانی جەنگ تەنیا لە زیانی ژێرخانی وزەدا کورت نەبۆتەوە، بەڵکو گەیشتۆتە کەرتەکانی گەشتیاریی و خانووبەرەش، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا گەشەیان خاو ببێتەوە.
کۆمپانیاکە کۆی تێچووی ئابووریی جەنگەکەی بۆ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو بە 790 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، کە دەکاتە 5.9%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە لە ماوەی نێوان 2026 تا 2030، بە بەراورد بەو گەشە ئابوورییەی پێش جەنگ چاوەڕوان دەکرا.
لە بەشی چارەسەرکردنی زیانەکاندا، ڕاپۆرتەکە پێشبینی دەکات وڵاتانی کەنداو بەشێک لە وەبەرهێنانەکانی سندوقە دەوڵەتییەکان بۆ پڕۆژە ناوخۆییەکان ئاراستە بکەن. بەپێی خەمڵاندنەکان، ئەمە دەتوانێت تا ساڵی 2030 نزیکەی 120 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی ناوخۆییی زیادە دابین بکات، بەرانبەر کەمکردنەوەی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی.
هەروەک ڕاپۆرتەکە پێشبینی دەکات وڵاتانی کەنداو خەرجییەکانیان بۆ ژێرخان و بەرگریی ناوخۆیی بەرز بکەنەوە و لە نێوان 380 تا 400 ملیار دۆلار بخەنە ئەم بوارانەوە تا ساڵی 2030. ئەمەش دەرفەتی وەبەرهێنانی نزیکەی 160 ملیار دۆلار بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی بیانی درووستدەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی