جیهان 90 چرکە لە قیامەتەوە نزیکە.. کاتژمێری قیامەت کەوتە جوڵە

جیهان

31/01/2024‌ 2153 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئێستا کاتژمێر لای ئێوە چەندە؟؟؟ 

زۆر باشە، هەموومان ڕاهاتووین بەوەی لە کاتژمێرەکانی دەستمان یان مۆبایلەکانماندا سەیری کاتژمێر بکەین، بەس ئایا دەزانیت کاتژمێرێکی دیکەش هەیە کە بە کاتژمێری ڕۆژی قیامەت ناسراوە؟ لەگەڵمان بن لەم ڕاپۆرتەدا مەترسی پێشکەوتنی ئەو کاتژمێرەتان بۆ باسدەکەم.

جارێ با بزانین کاتژمێری ڕۆژی قیامەت چییە؟

بۆیەکەم جار و لەساڵی 1947 کاتژمێری ڕۆژی قیامەت لەلایەن کۆمەڵێک زانای ئەتۆمییەوە دانرا، کە لە ناوەندە زانستیەکاندا کاری پێدەکرێت، کاتژمێرەکە ئاماژەیەکە بۆ ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر زەوی و مرۆڤایەتیدا دێت.

زانایان چەند پێوەرێکی زانستی بەکاردەهێنن بۆ جووڵاندنی میلی کاتژمێرەکە بەوەش ئەو مەترسیانە دیاری دەکەن کەدێتە ڕێی مرۆڤایەتی، گەیشتنی کاتژمێرەکەش بە 12ی شەو بەواتای ڕۆژی قیامەت دێت، لەمانگی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێکدا میللی کاتژمێرەکە دەستکاری دەکرێت بەپێی ئەو مەترسیانەی لەسەر جیهان هەیە لە جەنگی ئەتۆمی و کارەساتی سروستی و پەتاو نەخۆشی .

کاتژمێرەکە یەکەمجار لەسەر 7ی بوێت بۆ 12دانرا، لەوکاتەوە تا ئێستا بەپێی مەترسیەکانی سەر مرۆڤایەتی گۆڕانکاری تێدا دەکرێت.

دورترین کات بۆ ڕۆژی قیامەت لەسالی 1991 بوو ئەویش دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد کە کاتژمێرەکە لەسەر 17ی بوێت بۆ 12دانرا.

بەڵام نزیکترین کات کە دیاریکردبێت سالی 2020 بوو کە خرایە 100 چرکە بەر لە ڕۆژی قیامەت ئەوەش بەهۆی ئەوەی جگە لەمەترسیەکانی پێشوو، پەتای کۆرۆناش بەجیهاندا بڵاوبووەوە.

لە پێشهاتێکی نوێدا ئێستا کاتژمێرەکە تەنیا 90 چرکەی ماوە بۆ نیوەشەو واتا بۆ ڕۆژی قیامەت، زانایانیش دەڵێن هۆکاری کەمبوونەوەی کاتەکە بۆ ئەو مەترسییانە دەگەڕێتەوە کە لەسەر مرۆڤایەتین، دیارترینیان مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمیی لە جیهاندا هاوکات گۆڕانی کەشوهەواش وایکردووە، زانایان باس لە ئایندەیەکی مەترسیدار بۆ هەسارەی زەوی بکەن.

ئێستا جارێکی دیکە پێمان بڵێ لای تۆ کاتژمێر چەندە؟