فڕۆکەکانی تورکیا بناری قەندیلیان بۆردوومان کرد

کوردستان

17/04/2024‌ 384 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا لۆفەکانی کورتەکیان لە بناری قەندیل بۆردوومان کرد.

نەهرۆ عەبدوڵا ، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بە شارپرێسی ڕاگەیاند " کاتژمێر 5:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی ڕێگەی کورتەکی بناری قەندیلیان کردووە ، بە پێی بەدواداچوونەکانی ئێمە لەم بۆردوومانەدا زیانی گیانی و ماددی نەبووە ، ئەوەی دەوترێت لەبارەی زیانەکان تائێستا دەنگۆیە ، چونکە هیچ بریندارێک ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سنورەکە نەکراوە ".

لەلایەکی دیکەوە فڕۆکەکانی تورکیا گوندی هەنجیرەیان لە شارباژێڕ بۆردوومان کردووە.

هاوکات کامەران حەسەن قائمقامی ماوەت رایگەیاند، گوندی کوڕەڵە لە قەزای شارباژێڕ بۆمباران کراوە. 

دەشڵێت، بۆردوومانەکە لە دوو شوێنی گونده‌كه‌ بووه‌ و خانویەکی ڕووخاندووە و لەشاخی تەژە و شیلانەشی داوە.