یەکێتیی ئەوروپا بڕیارێك له‌باره‌ى سوپای پاسدارانه‌وه‌ ده‌دات

جیهان

18/04/2024‌ 1827 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئۆلاف شۆڵز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا باوەڕی خۆی نیشانداوە بەوەی کە ئاراستەیەکی پێشبینیكراو لەناو یەکێتیی ئەوروپادا هەیە بۆئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتییەکەوە، ئەوەش هەمان ئه‌و داوایه‌یه‌ کە ئیسرائیل ساڵانێكه‌ خواستى هه‌یه‌.


ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، شۆڵتز لەپەراوێزی لوتکەی یەکێتیی ئەوروپا لەبرۆکسل، ئاماژەی بەوەدا، بڕیارێکی دادوەریی سەبارەت بەچالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە هەیە.

پێیوابوو کە ئەمە ڕەنگە تەنها خاڵی دەستپێک بێت بەرەو پۆلێنکردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی، لەئێستاشدا یەکێتیی ئەوروپا پشکنینی یاسایی سەبارەت بەم بابەتە ئەنجامدەدات.

جێگه‌ی سەرنجە کە ئیسرائیل لەمێژە داوای ئەوەدەکات کە سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن بکرێت، بەڵام دوای هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بەبەکارهێنانی موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، جارێکی تر جەختی لەداواکارییەکەی کردەوە.

یەکێتیی ئەورووپا لەڕابردودا وەڵامی ئیسرائیلی دابوه‌وە بەوەی کە پۆلێنکردنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی لەئێستادا مومکین نییە، چونکە ئەم هەنگاوە پێویستی بەبڕیاری دادگای نیشتمانی یان دەرکردنی فەرمانی قەدەغەکردن لەدەسەڵاتێکی ئیداریەوە دەبێت.

شوڵز لەلێدوانەکانیدا ڕونیکردەوە، ئەو پۆلێنکردنە تەنها هەنگاوێکی ڕەمزی دەبێت لەهەر حاڵەتێکداو ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستاوە سزاکان بەسەر سوپای پاسداراندا سەپێنراون‌و پۆلێنکردنەکەش وەک "سێ جار دورینی جلێک" دەبێت.