شارپرێس ـ گەرمیان:
بهگوێرى زانیاریەکانی شارپرێس، شەوی ڕابردوو ڕوبەڕوبونەوە لەنێوان پۆلیسو چەند تۆمەتبارێک لەگەرمیان ڕویداوەو بههۆیهوه زیان بەدوو ئۆتۆمبێلی پۆلیس کەوتوە یەکێکیان ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کەلار بوە، هاوكات ئهوهش زانراوه، سێ تۆمەتبار دەستگیرکراونو دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گیراوە.
عهلی جهمال قهدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بەشارپرێسی وت:"چەند تۆمەتبارێک فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوە، لەکاتی ئەوەی پۆلیس ویستویەتی بیانگرن ئەوان لەژێر کاریگەری مەیخواردنهوهدا بون، بهو هۆیهوه ڕوبەڕوی پۆلیس بونەتەوە تەقەیان لەپۆلیس کردوە، ئێمەش ڕێکاری خۆمان هەیە بۆدەستگیرکردنیان".
وتیشى:"ناکرێت کەسێک تەقەی لێبکەیتو زیانی بەرکەوێت خۆیشی لەسەر قەزێیەکی بچوک داواکرابێت، بۆیە ئەگەر ڕوبەڕوی پۆلیسیش ببنەوە، پۆلیس هەوڵدەدات بۆ بەکارهێنانی هێزو دەستگیرکردنی ئەوکەسە، ڕێکاری تایبەتی خۆی بگرێتەبەر کە کەمترین زیانی مادیو گیانی بەربکەوێت".
ئهوهشى وت:"کاتێک پۆلیس ویستویەتی دەستگیریان بکات، ئەوان تەقەیان لەپۆلیس کردوە پۆلیس بەدوایان کەوتون، ئەوان هەڵهاتون بەرەو کەلار، دەستبەجێ سەرجەم هێزەکانمان کەوتنە هەماهەنگی بۆ دەستگیرکردنیان".
ڕونیشیکردەوە، "بنکەی پۆلیسی باوەنورو پۆلیسی 104و بەشی پۆلیسی کەلار، لەناو کەلار توانییان دەستگیریان بکەن، لەوکاتەدا تەقەیان لەمەفرەزەکانی بەشی پۆلسی کەلار کردوە، دوو ئۆتۆمبێلى ئێمە زیانی مادی بەکەوتوە، بەڵام زیانی گیانیمان نەبوە".
بهگوێرهى زانیاریەکانی شارپرێس، تۆمەتبارەکان ژمارەیان سێ کەسهو سهرجهمیان دەستگیرکراونو دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلێکهیاندا گیراوە، ڕوداوەکەش لەناحیەی باوەنوری سەربەقەزای کەلار ڕویداوە، پاش ڕوبەڕوبونەوە لەناوکەلاردا دەستگیرکراون.