شارپرێس:
ڕاوێژکارێكى دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، عێراق پلەی نۆیەمی جیهانیی هەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی دەوڵەمەند بەسەرچاوە سروشتییەکان، بەشێوەیەک بهگوێرهى مەزەندەی سەرەتایی جیهانی، سامانەکانی عێراق لەکانزا بەنرخو فلزییەکان بەنزیکەی 16 ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی وتوه، "عێراق بەیەکەمی جیهانی دادەنرێت لەڕوی چڕبونەوەی سامانە سروشتییەکان لەهەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەی جوگرافیاکەی، بەتایبەت لەناوچەی حەوزی دۆڵی دوو ڕوبار".
ڕاوێژكارهكهى سودانى ئاماژەی بەوەشکرد، وەبەرهێنان لەکانزا ستراتیژییەکان وەک سۆریۆمو یۆرانیۆم لەوانەیە داهاتێک بەدەستبهێنێت کە هاوشێوەی داهاتەکانی نەوتە.
جهختیشدهكاتهوه، "دۆزینەوەی بڕی زۆری ئەم کانزایانە لەباشوری عێراق کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەهەمەچەشنکردنی ئابوریی نیشتمانیی، بەتایبەت ئەگەر بەسترایەوە بەپڕۆژەی ڕێگهی گەشەپێدان".
هەروەک ئهوهشى وتوه، "پێشکەوتنی پرۆسەکانی دۆزینەوەو پیشەسازیی بۆ ئەم سەرچاوانە ڕێگه خۆشدەکات بەرەو گەشەپێدانی سەرچاوەی نانەوتی کە پێگەی جیۆ- ئابوری عێراق لەجیهاندا بەهێز دەکاتو هەلی کاری جۆریی دابیندەکات، ئەمەش ڕەنگدەدانەوەی ئەرێنیی لەسەر سیاسەتی داراییو دراو دەبێتو دەبێتە هۆی باشترکردنی خۆشگوزەرانیی هاوڵاتیان".
