🔹 سوریاو توركیا بێهیوا بوون، هەوڵی پشێوی دەدەن

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرتیپ جەوهەر
لەدوای سەردانەكەی ئەحمەد شەرع بۆ واشنتۆن لە 6ی نۆڤەمبەری رابردوو، گفتوگۆی نێوان كوردو دیمەشق بەتەواوی وەستا. ئەمەش ئاماژەبوو بۆ ئەوەی لەو سەردانەدا هیچی دەستنەكەوت. بەر لەسەردانەكەی میدیاكانی سوریاو عەرەبی دەنگ و دەهۆڵیان دەكوتا، گرەویان لەسەر ئەو سەردانە دەكرد بۆ دەستكەوتی گەورە، بەڵام ئەنجامەكەی شتێكی ئەوتۆ نەبوو، بۆیە لەگەڕانەوەی خۆیان بێدەنگ كرد.

لەدوای ئەو سەردانە بێ ئەنجامە، دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەهاوكاری میدیای عەرەبی بەتایبەت كەناڵەكانی سعودیە دەستیانكردووە بەهەڵمەتێكی راگەیاندن دژی رێڤەبەری خۆسەر. هاوكات تاودان و بارگاویكردنی شەقام بەدژایەتیكردنی نەتەوەی كوردو هێزەكانی سوریای دیموكرات. 

ماوەی چەند رۆژێكیشە دەسەڵاتدارانی دیمەشق، هەڕەشە دەكەن تا كۆتایی ئەم مانگە ئەگەر رێككەوتنی ناسراو بە * 10ی ئادار جێبەجێ نەكرێت ئەوا ئەوان دەستكراوەدەبن بۆ هەموو ئەگەرێك بەرامبەر رێڤەبەری باكوری رۆژهەڵاتی سوریا. لێرەو لەوێش هێزی چەكدار لەمیدیاكان پێشان دەدەن وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان.
بەپێی هەموو لێكدانەوەكان پێدەچێت لەسەرەتای ساڵی نوێیوە بۆماوەیەك گرژی و ئاڵۆزی و دروست ببێت و چەكدارانی دیمەشق لەناوچە جیاوازەكان بەشێوەیەكی پچڕپچڕ پەلاماری هێزەكانی سوریای دیموكرات بدەن بەتایبەت لەناوچەكانی دێرزۆرو دەوروبەری كە هۆزی عەرەبی سوننەی توندڕەوی لێ نیشتەجێن.

دەسەڵاتدارانی دیمەشق لەپرسی گفتوگۆ لەگەڵ رێڤەبەری رۆژئاوای كوردستان، هەموو فشارێكیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەو نەهێشتنی هێزەكانی سوریای دیموكراتە. ئەمەش زیاتر داوای توركیایە، بەڵام نەكوردو نە ئەمریكا كە پشتیوانی سەرەكی هەسەدەیە، ئەو هێزە رادەستی دیمەشق ناكەن چونكە گرەنتی مانەوەو پاراستنی رۆژهەڵاتی فوراتە.

ئەوەی دەبینرێت، گفتوگۆی نێوان كورد یان رێڤەبەری رۆژهەڵاتی فورات و دیمەشق بەبنبەست گەیشتووە، دیمەشق بڕوای بەبەشداری پێكهاتەكان و لامەركەزیەت نییە، هاوكات لەژێر كاریگەری هەژموونی توركیا توانای هەموو بڕیارێكی نییە بۆیە پێشبینی دەكرێت دۆخی ئێستای سوریا بەتایبەت پەیوەندی نێوان كوردو دیمەشق وەكخۆی بمێنێتەوەو بۆماوەیەكی درێژ پێشكەوتن بەخۆیەوە نەبینێت. بەكورتی دەسەڵاتدارانی توركیاو دیمەشق بێهیوابوون لەفشارەكانیان بۆ لاوازكردنی قەوارەی رۆژهەڵاتی فورات لەسوریا لەم قۆناغە، بۆیە هەوڵی جۆرێك لەپشێوی دەدەن تاوەكو گۆمەكە بشلەقێنن. بەپرسانی توركیا ئەوەندە تەنگاون بەدۆخی كورد لەسوریا، هەندێكجار لەباتی بەرپرسانی سوریا لێدوان دەدەن. 
ئەم بارودۆخە لەكاتێكدایە كە ساڵێك بەسەر رووخانی رژێمی ئەسەد تێپەڕیوە كەچی هێشتا دامودەزگاكانی دەوڵەت لەدیمەشق بەتەواوی نەكەوتوونەتەوە كارو لەچەند ناوچەیەكیش بەتەواوی لەكاركەوتوون! هاوكات باری ئابوریی زۆر خراپە، جگە لەبێكاریی، لیرەی سوریا بەنزیكەی لە 20% تواناو نرخی خۆی لەدەستداوە.
خولاسە، دۆخی ناوخۆی سوریا تەنها پەیوەندی بەلێكتێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی دیمەشق و پێكهاتەكان نییە، بەڵكو ئاوێتە ململانێیەكی توندی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییە. هیچ گفتوگۆیەكیش لەناوخۆی سوریا بەبێ‌ ئەمریكا ئەستەمە سەربگرێت، سوریا بەمزوانە سەقامگیر نابێت ئەم دۆخەی هەیە تا ماوەیەكی درێژ بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی ئەمریكا بەرژەوەندییەكانی سەقامگیر دەبێت.
.
• تێبینی:
رێككەوتنی 10ی ئاداری 2025 لەنێوان مەزلوم عەبدێ و شەرع كرا، بۆ یەكخستنی یەكە ئیداریی و سەربازییەكانی رۆژهەڵاتی فورات لەگەڵ دیمەشق و دابینكردن و گرەنتیكردنی مافی كورد لەسوریا.