شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:
بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرایدەکات، ئۆجەلان هیچ ڕێککەوتنێکی نه‌كردوه‌و هیچ داواكارییه‌كیشى بۆ دانانى چه‌ك ئاراسته‌و پێشكه‌شى ڕۆژئاواى كوردستان نه‌كردوه، دەشڵێت، "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمە دەستبەرداری چەکی بەرگریی خۆمان نابین، تەنانەت ئەگەر ئەوەی بەسەر عه‌له‌وى‌و دروزه‌كاندا هات، به‌سه‌ر گه‌لى كوردیشدا بێت".
دوای ساڵێک لەڕوخانی ڕژێمی بەعس لەسوریا، ئێستا سوریا لەچ قۆناغێكدایه؟ گفتوگۆی نێوان کورد‌و دیمەشق گەیشتوەتە چ ئاستێک؟ ئایا ئۆجەلان ڕێککەوتنی له‌باره‌ى ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه كردوه‌و داواكاریى پێشكه‌شكردون بۆ ئه‌وه‌ى هه‌سه‌ده چه‌ك دابنێت؟ ئاخۆ کورد چ سیستەمێکی دەوێت بۆ بەڕێوەبردنی سوریا؟
شارپرێس له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ ئاڵدار خه‌لیل ئەندامی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)و ئەندامی وه‌فدى هاوبەشی کورد بۆ دیالۆگەکان لەگەڵ دیمەشق ئه‌نجامدا.
شارپرێس: ساڵێک بەسەر ڕوخانی ڕژێمی بەعسدا تێپه‌ڕى، وەک سیاسەتمەدارێک، دۆخی سوریا چۆن هەڵدەسەنگێنیت، واتە ئێستا سوریا لەچ دۆخێكدایه؟
خەلیل: سەرەتا پیرۆزبایی ساڵیادی ڕوخانی ڕژێمی بەعس لەهەموو گەلی سوریا دەکەم، دوای نه‌مانى به‌عس، گەلی سوریا هیوایخواست دوای 14 ساڵ شەڕو تێکۆشان، داواکارییەکانیان جێبەجێبکرێن.
یەکێک لەداخوازییەکانی گەلی سوریا هاتەدی، ئەویش ڕوخانی ڕژێمی بەعس بوو، بەڵام دوای ساڵێک بەسەر ڕوخانی ڕژێمی بەعس، بەداخەوە تائێستا حکومەتی نوێی دیمەشق ئەزمونێکی باشی نەبوەو دیموکراسی لەسوریادا جێگیر نەبوە.
جگەلەوەش حکومەتی ئێستا وایکردوە لەماوەی ساڵێکدا گەلی سوریا دابەش ببن، لەهەمانکاتدا دەستوری سوریا هێشتا وەک جاران وایە، بەوپێیەی ئەو لیژنەیەی دەستورەکەی نوسیوه‌و دایڕشتوە، نوێنەرایەتی هەموو گەلی سوریای نەکردوە.
لەلایەکی دیکەوە زۆرێک لەناوچەکانی سوریا لەلایەن حکومەتی نوێی سوریاوە بەڕێوەنابرێن‌و لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتانی دراوسێدان، بەواتایەکی دیكه حکومەتی نوێ ئەو ناوچانەی سوریا كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانى دراوسێیه‌وه داگیركراوه نەخستوه‌تە ناو کارنامەی خۆیەوە، بەپێچەوانەوە ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریای خستوه‌تە کارنامەی خۆیەوە.
جگەلەوەش حکومەتی ئێستا هێرشیکردەسەر کەناراوەکانی سوریا‌و سوه‌یداو شێخ مەقسودو ئەشرەفیە، هه‌موو ئه‌وانه‌ش یه‌ك ئامانجى هه‌یه، ئه‌ویش دڵخۆشکردنی تورکیا‌و داگیرکردنی ناوچەكانى باكورو ڕۆژئاواى سوریا‌و ڕۆژئاواى كوردستانه، ئەمەش بەو مانایە دێت کە حکومەتی ئێستا نوێنەرایەتی گەلی سوریا ناکات.
شارپرێس: به‌ڕێز ئاڵدار خەلیل، لەمساڵدا ڕێککەوتنی 10ی ئادار لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان‌و دیمەشقدا واژۆكرا، ئه‌و پرسه به‌كوێگه‌یشت؟
خەلیل: بەداخەوە تائێستا حکومەتی دیمەشق ڕێککەوتنی 10ی ئاداری جێبەجێنەکردوە، دیمەشق هەمیشە بیانوو بۆ جێبەجێنەکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەهێنێتەوەو هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ڕژێمی ئێستا نایەوێت سوریایەکی دیموکراسی دروستبێت.
بەپێچەوانەوە حکومەتی دیمەشق ڕێککەوتن لەگەڵ نەیارانی گەلی سوریا واژۆدەکات، لەهەمانکاتدا لەحەلەب، کاتێک هێزەکانی (هەسەدە) لەگەڕەکه‌كانى شێخ مەقسودو ئەشرەفیە کشایەوە، دواتر حکومەتی دیمەشق هێرشیکردەسەر هەردوو گەڕەکەکە، بەگشتیی ساڵێک دوای شکستی ئەسەد، هیچ شتێک بۆ گەلی سوریا دروستنەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە لەپەیامی 10ی ئاداردا 8 خاڵ نوسرابوو، بەڵام حکومەتی دیمەشق تەنها خاڵێکی خستە بەرنامەی کارەکەیەوە کە ئەویش پرسی سەربازییە.
ئێمه ئه‌م په‌یامه به‌هه‌موو دونیا ده‌ده‌ین نه‌ك سوریا كه دەستبەرداری چەکەکانمان نابین تائه‌وكاته‌ى سوریایەکی دیموکراسی دروستنەکرێت، ئێمه نامانه‌وێت ئەوەی بەسەر عەلەوی‌و دروزدا هات، بەسەر ئێمه‌ى کوردیش‌دا بێت، ئامانجی سەرەکیمان سوریایەکی ئارام‌و دیموکراسییە.
شارپرێس: با بچینە سەر بابەتێکی دیكه، ماوەیەکە باس لەوەدەکرێت، عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان په‌یامێكى بۆ سه‌ركردایه‌تى سیاسیى‌و سه‌ربازیى كورد له‌ڕۆژئاواى كوردستان ناردوه، ده‌كرێت سه‌ره‌تا بزانین ئه‌وه ڕاسته كه ئۆجه‌لان په‌یامى ناردوه، ئاخۆ ئه‌گه‌ر ڕاسته باسى چى كردوه له‌په‌یامه‌كه‌یدا؟
خەلیل: ده‌مه‌وێت به‌ڕاستى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه قسه‌بكه‌م، چونكه ده‌نگۆكان زۆر بڵاون، نه‌خێر ڕاست نییه‌و هیچ پەیامێکمان لەئۆجه‌لانه‌وه پێنەگەیشتوە، بەڵام باوەڕمان بەپڕۆژەکەی ئۆجەلان هەیە، کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە، نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگه‌کانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بۆچونەکانی ئۆجه‌لان سەبارەت بەیەکگرتن لەکتێبەکانیشیدا هەیە، کە هاوکات یەکگرتنی دیموکراسییە، واتە دەبێت سوریایەکی دیموکراسی دامەزرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا بونى هه‌یه.
شارپرێس: دوای کۆنفرانسی یەکگرتویی کورد‌و پێکهێنانی وه‌فدێكى هاوبەشی کورد بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، ئایا ده‌توانین بزانین ئاخۆ کەی وه‌فده‌كه دەچێتە دیمەشق؟
خەلیل: ماوەیەک لەمەوبەر ئێمە وەک وەفدێکی کورد پەیامێکمان بۆ دیمەشق نارد‌و وتمان، دەمانەوێت بێین‌و لەگەڵتان کۆببینەوە، بەڵام تائێستا وەڵامی پەیامەکەیان نه‌داوینه‌وه، ئێمە وەک وه‌فدى كورد، هەمیشە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بکەین.
شارپرێس: بەڕێز ئاڵدار خه‌لیل، دوا پرسیار کە دەمەوێت لێت بپرسم ئەوەیە، ئایا سیستەمی لامەرکەزیی لەسوریادا جێبەجێدەکرێت، دوای لێدوانەکەی تۆم باراک کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە سیستەمی لامەرکەزیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا به‌جدى كارى پێناكرێت؟
خه‌لیل: وڵاتەکەی تۆم باراک خۆی لامەرکەزییە، ئەوروپاش لامەرکەزییە، ئیماراتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لامەرکەزییە، منیش ده‌پرسم، کێ تۆم باراکی کردە وتەبێژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا بڵێت لامەرکەزییەت مومکین نییە؟ بەپێچەوانەوە، کولتوری دیموکراسی زۆر پێویسته بۆ كۆمه‌ڵگه‌كانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ماوەی زیاتر لە60 ساڵە سوریا بەدەست سیستەمێکی مەرکەزییەوە دەناڵێنێت کە کێشەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لێدوانەكه‌ى تۆم باراک-یش جۆرێكه له‌چەواشەکاریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی سوریا ماوەی 14 ساڵە خوێن دەڕژێت بۆ ئەوەی دیموکراسی بەرقەراربێت، ئەگەر سوریا لەناوەندیدا بمێنێتەوە، دەگەڕێینەوە سەردەمی کۆن، چارەسەری کێشەی سوریا، سیستەمێکی لامەرکەزییە، لەبەرئەوەی سوریا گەل‌و پێکهاتەی زۆری هەیە، پێویستە سەقامگیریی دروستبکرێت.
شارپرێس: زۆر سوپاس بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته.
خه‌لیل: سوپاس بۆ شارپرێس.
