شارپرێس:
دوای ئەوەی گروپێکی چەکداری دیاری نزیک لەئێران لەعێراق، هەڕەشەی لەمارک ساڤایا نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەهۆشدارییەکی تونددا جەختیکردەوە، "ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیدەکرێن دەبێ هەڵوەشێنەوە لەبەرئەوەی سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیارەوە، هەڕەشە لەئەمریکیو عێراقییەکان دەکەنو سەرچاوەو سامانی عێراق بۆ ئێران بەتاڵان دەبەن".
ئهمڕۆ ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی نوجەبا (کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیدەکرێت)، هەڕەشەی لەمارک ساڤایا کردو ڕایگەیاند، "ئەگەر بێدەنگی نەکەن، ئەوا بەرخۆدانی ئیسلامی بەردێک دەئاخنێتە دەمیەوە".
ئەم هەڕەشەیە دوای لێدوانە بەردەوامەکانی نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا هات کە داوای چەککردنی میلیشیاکانی نزیک لەئێرانی کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (The New Region) ڕایگەیاندوه، "ئێمە سەرکۆنەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک دەکەین بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکا".
ئاماژەی بەوەشداوه، "واشنتۆن بەردەوام چاودێرییو هەڵسەنگاندن بۆ زانیارییەکان سەبارەت بەهەڕەشەکان دەکاتو دۆخی ئەمنیو جموجوڵەکانی بەوپێیە ڕێکدەخات".
ئهوهش هاتوه، "ئهمریكا بەڕونی قسەیکردوەو بەردەوامدەبێت لەسەر پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیدەکرێنو سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیارەوە، هەڕەشە لەئەمریکیو عێراقییەکان دەکەنو سەرچاوەو سامانی عێراق بۆ ئێران بەتاڵاندەبەن".
لەڕاگەیەندراوەکەدا کەعبی تۆمەتی ئەوەی دابوە پاڵ ساڤایا کە "خیانەتی لەوڵاتەکەی کردوەو بەرامبەر بەنیشتمانەکەی دڵسۆز نەبوە، بەڵکو سپڵەو ناپاک بوە".
مارک ساڤایا کلدانییەکی بەڕەگەز عێراقییەو بازرگانو وەبەرهێنەرە لەشاری دیتڕۆیت، لە 19ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق دەستنیشانکرا.
پێشبینیدەکرێت لەچەند هەفتەی داهاتودا، ساڤایا یەکەم سەردانی خۆی بۆ عێراق وەک نێردەی ئەمریکا ئەنجامبدات.
کەعبی وتویەتی، "ئەم نێردەیە ناپاکە بەرامبەر وڵاتەکەییو خۆی خستوەتە باوەشی داگیرکەرانەوە، ئەوانەی بەبێباکیو بەبێ ڕەچاوکردنی سەروەریی عێراق هاتون، قۆڵی هەڵماڵیوە بۆ دزینی سامانی وڵاتەکەییو خستنەبەردەستی ئاغا ئەمریکییە گەمژەکەی".
بزوتنەوەی نوجەبا بەشێکە لە"بەرخۆدانی ئیسلامی لەعێراق ـ مقاوهمه"، کە چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی میلیشیاکانی نزیک لەئێرانو زۆربەیان لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناسێنراون.
قسەکانی کەعبی هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی مایکل ڕیگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردنو سەرچاوەکان، کە تێیدا لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی عێراقو هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، بەرلەوەی گەورەترین کۆمەڵگەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەجیهاندا لەهەولێر بکاتەوە.
لەمانگی ئەیلولی ڕابردودا، واشنتۆن بزوتنەوەی نوجەبای لەگەڵ سێ گروپی دیکەی عێراقیی نزیک لەئێران وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستیی بیانی" (FTO) پۆلێن کرد.
ساڤایا بەردەوام هۆشداریداوە لەکاریگەریی میلیشیاکانی نزیک لەئێران لەعێراقو ئەو مەترسییەی لەسەر سەروەریی بەغدا دروستیدەکەن.
ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ سنوردارکردنی کاریگەریی ئێران لەعێراقو کەمکردنەوەی ڕۆڵی گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لەتاران، کە دەسەڵاتو حوکمڕانییان هاوشێوەی هێزەکانی دەوڵەتە.
دەسەڵاتدارانی عێراق نیگەرانییەکانی واشنتۆن ڕەتدەکەنەوەو بانگەشەی ئەوەدەکەن، هاوکاریی بەغدا لەگەڵ تاران لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراقەو درێژکراوەی بڕیارەکانی وڵاتەکەیە وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی سەربەخۆ.
