شەڕی تایبەت و پارچەپارچەبوونی ئاگایی کورد

توێژینەوە و شیکاریی

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 199 جار خوێندراوه‌ته‌وه

نووسینی سەلاح ئەلدین کوردی نوبار
ئەو شەڕەی دژ بە کورد کراوە، هەرگیز شەڕێکی ئاسایی نەبووە؛ نە ململانێیە لەسەر شاخێک، نە شەڕێکە بۆ شارێک، نە ڕووبەڕووبوونەوەیەکە لەسەر سنوورەکان. شەڕی ڕاستەقینە هەمیشە لەناوەوە بووە، لە عەقڵدا کە خەریکە لە قاڵب دەدرێتەوە، لە ڕۆحێکدا کە بەرنامە بۆ داڕێژراوە و لە هۆشیاریدا کە لە قاڵب دەدرێت بۆ ئەوەی ملکەچ بێت.

ئەمە ئەو شەڕەیە کە عەبدوڵا ئۆجالان باسی کرد کاتێک وتی مەترسیدارترین سەنگەرەکان سەنگەری دژ بە ئاگرى دوژمن نین، بەڵکو سەنگەرەکانی هۆشیارین و کۆمەڵگایەک کاتێک شکست دەهێنرێت کە عەقڵی شکستی هێنابێت نەک کاتێک سوپاکانی شکستیان هێنابێت. ئۆجالان پێی وابوو ئامانجی سەرەکی ئەو ڕژێمانەی حوکمڕانی کوردیان کردووە، نەهێشتنی کورد نەبووە وەک لایەنى فیزیکى، بەڵکو نەهێشتنی توانای نەتەوەییان بووە. بۆیە لە یەکێک لە ووتەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو دەسەڵاتەی هۆشیاری لەناودەبات، مەترسیدارترە لەو تانکەی کە جەستە لەناودەبات. شەڕی تایبەت بە دوای هەموو شتێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی کورد گومان لە خۆی بکات، گومان لە براکەی بکات، گومان لە تواناکانی خۆی بکات و لە ژێر قورسایی هەستێکی بەردەوامی کەمایەتیدا بژی. کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەم قۆناغە، پێویست ناکات دوژمن سەرکوتى بکات، چونکە خۆی، خۆى سەرکوت دەکات. ئەم شەڕە کە خۆی بەڕێوەی دەبات، نەک هەر هۆشیاری ئێمەی تێکشکاندووە بەڵکو پەیوەندی کوردیشی شێواندووە.

شەڕێکە لەناو ئێمەدا شتێکی هاوشێوەی دوژمنێکی شاراوەی دروستکردووە- دوژمنێک کە بە زمانەکەمان قسە دەکات، وێنەى ڕووخسارمان هەڵدەگرێت و ناومان لەبەر دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە مەبەست یان بەبێ مەبەست کاردەکات لەبەرژەوەندى ئەوانەی ئارەزووی بینینی ئەم گەلە دەکەن کە پەرش و بڵاو و لەبەریەک هەڵوەشاوە بێت. کاتێک ئۆجالان لەم دیاردەیەی کۆڵیوەتەوە، بە مەترسیدارترین ئامرازی ڕژێمەکان وەسفی کردووە، چونکە کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی ململانێ کە ڕۆڵەکانی بەناوی ئیرەیی، شانازی، شەرەف، یان نیشتمانپەروەرییەوە یەکتر بێدەنگ دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە تێدەگەم بۆچی کورد زیاتر لە بیانییەکان هێرش دەکاتە سەرم. بیانییەک بۆچوونی من دەبینێت و باسی دەکات، ڕازی بێت یان ناڕازی، بەڵام هەڵگری ئەو کۆمپلێکسە وجودییە نییە کە هەندێک لە ئەندامانى گەلەکەم هەڵیدەگرن کاتێک دەبینن کوردێک لە دەرەوەی ئەو قاڵبە دەجووڵێتەوە کە بەدرێژایی نەوەکان بۆ ئێمە کێشراوە.

سەبارەت بەو کوردەی کە لە ناوەوە شکاوە، نوقم بووە لە کولتوری شکستدا، هەر هەنگاوێکی کوردێکی دیکە بەرەو هۆشیاری، ئازادی، نووسین، یان بیرکردنەوە، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر واقیعی ڕازیبوونی خۆی دەبینێت. هەر وشەیەک کە دەینووسم، وشەیەک نییە بۆ ئەو، بەڵکو شەقێکە کە بیری دەخاتەوە کە دەبوو چی بێت بەڵام نەبوو و دەیتوانی چی بکات بەڵام نەیکرد. سەرکەوتنی کەسێکی نامۆ نایهەژێنێت؛ بەڵام سەرکەوتنی کوردێک بەلایەوە کارەساتە، چونکە توانیویەتى ئەو بازنەیە بشکێنێت کە بە وردی دەوری داوە، ئەو بازنەیەى کە پێی دەڵێت بێتوانایە و بە چارەنووسێکی هەمیشەییەوە بەستراوەتەوە کە ناتوانێت سەرپێچی لێبکات. بۆیە هەرکات کوردێک ببینێت سەرپێچی لە گوێڕایەڵی دەکات، هەرکاتێک کوردێک ببینێت  بیردەکاتەوە، هەرکاتێک کوردێک ببینێت کە ملکەچی بۆچوون و ڕەزامەندی ئەو گروپە نەبێت، بەرپەرچی دەداتەوە.
جۆرێکی تری کورد هەیە کە لە ژیانمدا بینیومە:

ئەو دووڕووەی کە بە ناوی برایەتییەوە نزیک دەبێتەوە، زەردەخەنە دەکات، سوێند دەخوات کە لەگەڵتدایە، بەڵام چاوەڕێی ئەو ساتە دەکات کە چۆن چەقۆکە لە پشتت بدات کاتێک هەڵەیەک دەکەیت. ئەمانە لە بنەڕەتدا خراپەکار نین؛ ئەوان بەرهەمی جۆرێکی شەڕى تایبەتن کە بەهاکانی برایەتییان لە ماناکانیان بەتاڵ کردۆتەوە.

بۆ ئەوان برا ئەو کەسە نییە کە عەیبەکان دەشارێتەوە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ئاشکرای دەکات، تەنانەت ئەگەر بوونی نەبێت؛ ئەم مۆدێلە بە ڕێکەوت سەریهەڵنەداوە؛ دەرئەنجامی چەندین سەدە لە لەناوبردنى هۆشیاری و ناشتنی کەرامەت و فێرکردنی گەلانی ستەملێکراوە کە سەرکەوتنی یەکتر وەک هەڕەشە سەیر بکەن نەک وەک شەرەف. لەگەڵ ئەوەشدا، هەست بە توڕەیی ناکەم بەرامبەریان؛ هەست بە بەزەیی دەکەم چونکە ئەو نەخۆشییە دەبینم کە لەناو ئەواندا نیشتەجێیە. دەبینم چۆن لە شەڕێکدا بوون بە ئامراز و نەیاندەزانی کە سەربازن، دەبینم چۆن سیاسەت ئەوانی کردە کۆیلە، بەدوای هەڵەیەکی بچووکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی دیوارێکی گەورەی دوژمنایەتی لەسەر بنیات بنێن. من بەردەوامم دەنوسم چونکە هۆشیاری لە ڕێگەی بێدەنگییەوە ناچێنرێت. من بەردەوامم چونکە شەڕی تایبەت پێش ئەوەی بە چەک شکستی پێبهێنرێت، بە قسە تێکدەشکێنرێت.

بەردەوامم چونکە هەر دەقێک کە لە دەرەوەی ئەم سنووردارکردنە دەنووسرێت، کەلێنێکى بچووکە لە دیوارێکی درێژدا کە لەسەر ترسی ئێمە دروستکراوە. بەردەوام دەبم چونکە بێدەنگی تەسلیمبوونی ڕاستەقینەیە، دەنگێکی ئازاد هەرچەندە لاواز بێت، لە هەزار دیوارى بێدەنگ بەهێزترە. ئەو ڕۆژەی کورد ڕێزی خۆی وەرگرتەوە، ئەو ڕۆژەی واز لە ترسی سەرکەوتنی براکەی دەهێنێت، ئەو ڕۆژەی واز لە ڕاکردن لە حەقیقەت و خۆدزینەوە لە پشت دیوارێکی دووڕوویی دێنێت، هەنگاوی یەکەمی لە شکستپێهێنانی شەڕی تایبەتدا ناوە. تەنها ئەو کاتە دەتوانێت جیهان بە چاوی ئازاد ببینێت نەک بە چاوی کۆیلە.

بەپەلە