ساردنەبونەوە

توێژینەوە و شیکاریی

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1475 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شادمان مەلا حەسەن

لەمێژودا چەندین ڕووداوگەلی گەورە هاتوون و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان کردۆتە دوو بەش و چەند بەش ،ئەم بەشانە بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر کەوتوونەتە دژبەری یەک و سەدان جار گۆمی خوێنیان لەبەرامبەر یەکتر هەلساندووە.

مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە نموونەی زۆر بەرجەستەکراو، لەزۆر شوێن مرۆڤە بڕیار بەدەست و ژیرەکان توانیویانە بەسەر ئەم رق و کینە و دژبەر یەکیە بوەستن و بازبدەن بەسەر ماف و تاوانبارکردنە مێژوویی و بەناو دەقە ئاراستەکراوەکان، رێکەوتن و ئاشتی و پێکەوە ژیان بهێننە دی.

دوو بابەت دژبەری یەکجار زۆری تێدایە، یەکیان بابەتە ئاینی و مەزهەبیەکانە، ئەویتریان بابەتە نەتەوەیەکانە، لەئەوروپا هەردوو ڕێباوەڕی کاسۆلیک و پڕۆستانت کەوتنە شەڕی یەکتر بۆ ماوەی سی ساڵ دواتر پاشاو بڕیاربەدەستانی ئەوروپا ساڵی 1648 لەکۆنگرەی وێفسالیا کۆتاییان بەم کێشەیە هێنا.

لەو ڕۆژەوە شەڕی ناوخۆی ئاینی مەسیحی کۆتایی هات، شەڕی نەتەوەکان هاتە گۆڕێ ئەویش لەدوای نەمانی هێتڵەر لە جەنگی جیهانی دووەم (1939 ـ 1945) دەتوانین بلێین تەواو بوو، ئەوروپا ڕۆیشتە ناو فیدڕاسیۆنەکی یەکگرتوو، بەڵام لەڕۆژهەڵات تاکو ئەم چرکەساتە شەڕی ئاین هەر بەردەوامە.

لەکاتێکدا بەحیساب ڕۆژهەڵات لانکەی شارستانیەتە، کەچی تاکو ئێستا پیاوانی ئاینی ئایندارانی خۆیان لەسەر ڕق بارگاوی دەکەن دژی ئاینەکانی تر. بەتایبەت زۆر لە پیاوانی ئاینی  ئیسلام کە ئاینی زۆرینە و سەردەستەیە، لەهەمووی مەترسیدار تر شەڕی هەردوو مەزهەبەکەیە سوننە و شیعە، زیاتر لە 1400 ساڵە ئەم دژبەر یەکیە دەستی پێکردووە، کەچی کاتێ گوێ لە لایەندارە توندڕەوەکانیان دەگری وادەزانی دوێنێ بەدرەنگەوە هەردوو خەلیفە ڕاشیدن عوسمانی کوڕی عەفان و عەلی کوڕی ئەبی تالیب کوژراون.

شەڕی نەتەوەیش سەربار ئێستاش زۆر لە ڕایەدارانی تورک و عەرەب و فارس و تەنانەت کوردیش باوەڕی بە توند و تیژی و لەناو بردنی ئەویتری هەیە. نازانم چی تێدایە ئەگەر نەتەوەکانی ژێر حوکمی عەرەب و تورک و فارس  بەزمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن و مافی خۆبەڕێوەبردنیان هەبێت. دلنیام لەئاشتی و پێکەوە ژیان بەهێزتر دەبن وەک لەو دژبەریەکیە. لەهەموو دژبەر یەکی و توندڕەویەکانی باسم کرد بۆ ئێمەی کوردی عێراق ئەو دژبەر یەکتریکردنی مەلایی و جەلالییە.

کاتێ پارتی و بزووتنەوەی چەکداری و سیاسی کورد لەساڵی 1964 کەرت دەبێ و دەست لەخوێنی یەکتر دەنێن، هەتاکو ئەم چرکە ساتە نەوە لەدوای نەوە ئەم ڕکابەری و ڕقە درێژە پێدەدەن. بێگومان کە ئێستا لەپارتی و یەکێتیی یاخود لە ماڵباتی بارزانی و تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد خۆی فۆڕمەلە کردووە. لای پارتیە توندڕەو بەرژەوەندارەکان دووژمنی پلە یەکیان یەکێتیی و جەلالیە.

لای یەکێتیە توندڕەوە بێ بەرژەوەندیەکان دووژمنی پلەیەکیان پارتی و مالی بارزانیە، بەلام یەکێتیە بەرژەوەندارەکان وای نابینن. جا ئەمەیە حالی توندڕەویەکان و ساردبوونەوەی نیە و ساردنابنەوە، ساڵ لەدوای ساڵ گەرمتر دەبێ.لەبنەڕەتیشدا لەسەر شتێکی زۆر بێ مانایە . بێگومان هەموو ململانێ توندڕەویەکان بنەمایەکی تەواو لۆژیکی و واقعیان نیە، ئەوەی هەیە شەڕ و ململانێی بەرژەوەندیەکانە.