شارپرێس:ٚ
ڕۆژی دووشەممە شەپۆلێکی گەرمای توند باشووری ئەوروپای گرتەوە، ئەمەش وایکرد دەسەڵاتداران هۆشداری لەڕەوشی تەندروستی و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان بدەن لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما زیاتر بەرزبێتەوە.
چەند ڕۆژێکە فەرەنسا، ئیتاڵیا، پورتوگال و ئیسپانیا شەپۆلێکی گەرمایان بەخۆوە بینیوە و پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە دەگاتە 46 پلەی سەدی.
ئانێس پانییە روناشیە، وەزیری ژینگەی فەرەنسا، لەکاتێکدا ئاگادارکردنەوەی پرتەقاڵی، کە دووەم بەرزترین ئاستی هۆشداری شەپۆلی گەرمایە، لە 84 لە کۆی 86 ناوچەی ئیداریی فەرەنسا ڕاگەیەندرا، وتی: "ئەمە بێ وێنەیە".
هاوکات تەنها ناوچەیەکی بچووک لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە لە گەرمای زۆر ڕزگاری بووە.
هۆشداری دراوە کە پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا دەگەنە بەرزترین ئاستی پێوانەیی نوێ.
لەگەڵ یەکەم شەپۆلی گەرمای هاویندا، دەسەڵاتدارانی وڵاتانی کەنار دەریای ناوەڕاست داوایان لە دانیشتووانیان کرد کە بەدوای پەناگەدا بگەڕێن.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە شەپۆلی گەرما بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا توندتر دەبێت و زیاتر دەبێت. دوای سەرهەڵدانی ئاگرکەوتنەوە لە فەرەنسا و تورکیا لەڕۆژی یەکشەممە.
هەفتەی ڕابردوو تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی یۆنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان لە کەناراوەکانی باشووری ئەسینای پایتەخت، ناچاربوون ژمارەیەک لە دانیشتووان بگوازنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی نیشتمانیی کەشناسی ئیسپانیا بڵاویکردەوە، پلەکانی گەرما لە شارێکی باشووری ئیسپانیا لە نزیک سنوورەکانی وڵاتی پورتوگال گەیشتووەتە 46 پلەی سەدی، ئەمەش بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما لە وێستگەی ئێل گرانادۆ گەیشتووەتە 46 پلە، دوایین ژمارەی پێوانەیی بۆ مانگی حوزەیران لە ساڵی 1965 لە شاری ئیشبیلیە تۆمارکراوە، کاتێک پلەی گەرما گەیشتووەتە 45 پلەی سەدی.
ڕاشیگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە پلەکانی گەرما لە ئێکسترێمادورا و ئەندەلوس لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە گەیشتووەتە 44 پلە.
لە مەدرید کە پلەکانی گەرما لە ٤٠ پلەی سەدی نزیکبوونەتەوە، فۆتۆگرافەر دیێگۆ ڕادامێس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هەست دەکەم ئەو گەرمایەی ئێستا تووشی دەبین بۆ ئەم کاتەی ساڵ نائاساییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەکاندا هەست دەکەم کەشوهەوا لە مەدرید گەرمتر دەبێت، بەتایبەتی لە ناوەندی شارەکەدا.
لە ئیتاڵیا، لە 21 شار لە باکورەوە تا باشووری وڵاتەکە ئاگادارکردنەوەی گەرمایان تێدا ڕاگەیەندرا، لەوانە میلانۆ، ناپۆلی، ڤێنیسیا، فلۆرانس، ڕۆما و کاتانیا.
ئانا بەیکەر، گەشتیارێکی بەریتانی لە ڕۆما، وتی "بڕیار بوو سەردانی کۆلۆسیۆم بکەین، بەڵام دایکم نزیک بوو لەهۆش خۆی بچێت".
بە گوتەی ماریۆ گوارینۆ، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکی فریاکەوتنی ئیتاڵیا، ژوورەکانی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا بە ڕێژەی 10% زیادبوونی حاڵەتەکانی تێکچوونی تەندرووستیان بەهۆی گەرماوە ڕاگەیاندووە.
ناوبراو بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، "زۆربەی حاڵەتەکان کەسانی بەساڵاچوو، تووشبووانی شێرپەنجە، یان بێ ماڵ و حاڵەکانن، کە بەدەست وشکبوونەوەی لەش، گەرما، یان ماندوێتی دەناڵێنن".
پەیمانگای ئۆقیانووسناسی و بەرگەهەوای پورتوگالی ڕایگەیاند، تا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە هۆشداری ڕەنگ سووری گەرما بۆ چەند ناوچەیەکی نیوەی باشووری پورتوگال لە نێویاندا لیسبۆن دەرچووە.
هەروەها هۆشداری بۆ دوو لەسەر سێی پورتوگال دەرچووە کە پێشبینی دەکرێت پلەی گەرمی زۆر و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان ڕووبدەن.
زانایان پشتڕاستی دەکەنەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا شەپۆلی گەرما زۆر توندتر دەکات.
ئیمانوێلا پێرڤیتالی، توێژەر لە ئینستیتیوتی ئیتاڵی بۆ پاراستن و لێکۆڵینەوە لە ژینگە دەڵێت: شەپۆلی گەرما لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست لەم ساڵانەی دواییدا زۆرتر و چڕتر بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا گەرما و ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا زیادبکات، بۆیە دەبێت لەگەڵ پلەکانی گەرما خۆڕابگرین کە لە ئاستێکی بەرزتردا دەگاتە لوتکە لەوەی ئێستا ئەزموونی دەکەین.
ئ.ه
