عێراق ستراتیژێکی نوێ بۆ نەهێشتنی هەژاریی پەیڕەو دەکات

عیراق

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3775 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی پلاندانانی عێراق پەسەندکردنی "سێیەمین ستراتیژیی نیشتیمانیی بۆ نەهێشتنی هەژاریی"ی ڕاگەیاند، کە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژارییە لەوڵاتدا بۆ کەمتر لە10% تا ساڵی 2029.


بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەمە هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتیی‌و ئابورییانەی کە ڕوبەڕوی توێژێکی گەورەی هاوڵاتیان دەبنەوە، بەتایبەتیی لەبەر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە سەختەی ژیان کە زۆرێک لەخێزانە عێراقییەکان تێیدان.

عەبد زوهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، ستراتیژەکە دوای گفتوگۆی بەرفراوان‌و چڕ ئامادەکراوەو بەمنزیکانە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.

ڕونیشیکردەوە، عێراق دوو ستراتیژی پێشوی کەمکردنەوەی هەژاریی بۆ ماوەی ساڵانی 2010-2014و 2018-2022 دەستپێکردوە کە ئەنجامی بەشەکییان بەدەستهێناوە.

هینداوی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی هەژاریی لەعێراق لە30% لەساڵی 2021 بۆ 17.5% لەساڵی 2024 دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی پاکێجەکانی چاکسازیی‌و بەرنامەکانی پشتیوانیی کۆمەڵایەتییەوە.

دەشڵێت:"ستراتیژی نوێ چەند تەوەرێک لەخۆدەگرێت، دیارترینیان بریتین لەبەهێزکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی، پاڵپشتیکردنی کەرتی پەروەردەو تەندروستیی، ڕەخساندنی هەلی کار، پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە هەژارەکان‌و چالاککردنی پڕۆژەکانی دارایی بچوک‌و داهات".

وتوشیەتی:"ڕێژەی بێکاریی ئێستا لەعێراق لە 13.5%دایە، ئەمەش یەکێکە لەئاڵنگارییە بنچینییەکان کە ستراتیژی نوێ بەئامانجی دەگرێت، بەتایبەتی لەڕێگەی پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی ناوخۆیی‌و بەهێزکردنی گروپە لاوازەکان".