ڕێككەوتنی بەرایی نێوان بەغداو هەولێر بڵاوكرایەوە

عیراق

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14716 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیایەكی نزیك لە پارتی بڵاویكردەوە، شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە بەغدا گەیشتونەتە ڕێککەوتنی بەرایی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نه‌وت‌و پشکی بەکارهێنانی ناوخۆیی.

میدیایەكی نزیك لە پارتی بڵاویكردەوە، کە هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە بەغدا گەیشتونەتە ڕێککەوتنی بەرایی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نه‌وت‌و پشکی بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەو پێیەش تەنیا گرفت شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكانە كە تائێستا چارەسەر نەكراوە.

میدياكە لەزاری سەرچاوەیەكەوە ڕایگەیاند، "هەردولا گەیشتونەتە ڕێککەوتنی بەرایی لەبارەی ڕادەستکردن و هەناردەی نه‌وت‌و ڕادەستکردنی 50%ی داهات.

ڕاشیگەیاندووە،" ڕێککەوتنە بەراییەکە وایە ڕۆژانە هەرێمی کوردستان 280 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات و 120 هەزار بەرمیلی دیکەش لە ناوخۆدا بەکاربهێندرێت.

هاوكات،  لەبەرامبەردا بڕیارە تاوەکو کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نرخی بەرهەمهێنان لە هەر کێڵگەیەک دەخەمڵێنێت، کۆمپانیاکان بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلاریان پێ بدرێت، بەڵام ڕەزامەندیی کۆمپانیاکان لەسەر ئەو ڕێککەوتنە ماوە".

میدیای پارتی لەزاری سەرجاوەیەکی تر لە هەرێمەوە ئەوەی خستەڕوو کە " ڕێککەوتنەکە پەسندکردنی کۆتایی ماوە، ئەگەر کێشەی بۆ دروست نەبێت، لە کۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە بڕیارە سبەی سێشەممە ئەنجامبدرێت پەسەند دەکرێت.

 بڕیارە ئەمرۆ کۆبونەوەیەکی دیکە بە بەشداریی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیریی ئابوری لەسەر هەمان پرس بکرێت. 

ش.ح