درێژكردنه‌وه‌ى واده‌ى خۆتۆماركردنى ئه‌لیكترۆنى هاوڵاتیان بۆ پسوڵه‌ى خۆراك ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4442 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوبەری پسوڵەی خۆراکی هەولێر ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، هیچ نوسراوێکی فەرمییان بۆ چوبێت له‌به‌غداوه‌ تایبه‌ت به‌درێژکردنەوەی وادەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک.


سیامەند قادر بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی هەولێر له‌ڕێگه‌ى میدیاى پارتیه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، "تائێستا هیچ نوسراوێکی فەرمی لەعێراقەوە نەهاتوە بۆ درێژکردنەوەی وادەی خۆتۆمارکردنی پسوڵەی ئەلیکترۆنی خۆراک، ئەوەی دەوترێت تەنها دەنگۆیە".

ده‌شڵێت:"تا نوسراوی فەرمی لەعێراقەوە نەگاتە دەستمان، هیچ وادەیەکی درێژکردنەوە نابێت‌و پێویستە لەسەر هاوڵاتییان خۆیان تۆماربکەن".

سه‌باره‌ت به‌و هاوڵاتییانەش کە کارتی نیشتیمانییان نییە وتی، "دەبوایە بەزوترینکات مامەڵەکانیان تەواو بکردایەو هەرکەسێکیش کارتی نیشتیمانی نەبێت، ناتوانێت خۆی تۆماربکات".

به‌وته‌ى بەڕێوبەری پسوڵەی خۆراکی هەولێر، "ئەو هاوسەرانەی لەیەکتر جیابونەتەوە دەتوانن لەڕێگەی ناردنی وشەی نهێنی بۆ هاوژینەکانیان پسوڵەکە پڕبکەنەوە، ئەگەر کێشەی کۆمەڵایەتیی لەنێوانیان هەبێت‌و پەیوەندیان پچڕابێت، بەشی کێشەوگرفتە کۆمەڵایەتییەکانمان هەیە سەرۆکی خێزان سەردانی بەڕێوبەرایەتییەکەمان دەکات‌و پێداویستییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆی دەهێنێت‌و لەلایەن کارمەندەکانمان گفتوگۆ لەگەڵ خێزانیان دەکرێت‌و فۆڕمەکەیان بۆ پڕدەکرێتەوە".