شارپرێس:
مەحمود حەبیب، وتەبێژی لیوای باکووری دیموکرات کە بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لەم دواییانەدا چالاکییەکانی لە چەند ناوچەیەکی بادیەی سوریا، بەتایبەتی لە باشووری ڕەقە و تەدمور و دیمەشق تا دەگاتە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق چڕکردووەتەوە.
مەحمود حەبیب ئاماژەی بەوەکرد، جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی شانەکانی داعش "مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری شار و شارۆچکەکانی سوریا دروستدەکات".
ناوبراو ئاماژەی بە بەردەوامی ڕاهێنان و هەماهەنگی نێوان هێزەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بۆ بەرزکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
وتەبێژی لیوای دیموکراتی باکوور ڕایگەیاند، هەماهەنگی نێوان هەردوولا "ئەنجامی جێبەجێکردنی چەندین ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو لە دژی داعش لە دەرەوەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات بووە".
مەحمود حەبیب باسی لە ئەگەری هەنگاوی سەربازیی نزیک لە دژی شانەکانی ئەو گرووپە توندڕەوە کرد، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
ناوبراو "ئامادەیی تەواوی هێزەکانیان بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی سڤیل و پاراستنی ناوچەکان لە هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی" دەربڕی، ئامانجەکە دەستەبەرکردنی سەقامگیری زیاترە بۆ سوریا و گەلەکەی.
سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سوریا، مەحمود حەبیب وتی، "ئاگاداری هیچ هاوکارییەکی سەربازی ڕاستەوخۆی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی بەرگری سوریا نیم، بەڵام کاری مەیدانی لەسەر بنەمای هاوکاری بەردەوامی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە کە زیاتر لە دە ساڵی خایاندووە".
ئ.ه
