شارپرێس:
وەازرەتی دارایی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق لەنوێترین پێشهاتەكاندا داوایان لەهەرێم كردووە تەواوی نەوتەكەی ڕادەست بكات، تا گرفتی ناردنی پارەی موچە چارەسەر ببێت.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە شارپرێسی ڕاگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی دارایی كۆبونەوە و هاوڕابون لەسەر ڕادەستكردنی تەواوی نەوتی كوردستان بە كۆمپانیای سۆمۆ بۆ ئەوەی گرفتی جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكان دروست نەبێتەوە".
سەرچاوەكە وتیشی،" بەغدا سورە لەسەر ڕادەستكردنی لەسەدا پەنجای داهاتی نانەوتی و تەوتین كردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم".
ئەوەشی بۆ شارپرێس ئاشكراكرد، هەموو فشارەكان بەو ئاڕاستەیەن و ئامانجیان ئەوەیە لەمساڵدا گرفتی موچە و بودجەی هەرێم لە چوارچێوەی دەستور و یاساكاندا ڕێكبخرێت".
ئەمە لەكاتێكدایە، زیاتر لە دوو مانگە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتوە و حكومەتی هەرێمیش دەڵێت، بۆ دابەسكردنی موچە چاوەڕوانی بەغدان.
ش.ح