ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێم داواى سزادانى ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌كات هێرشیانكرده‌سه‌ر گه‌نجه‌كانى خورماتوو

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێم وێنه‌ى ئه‌و گه‌نجانه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ربازو هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى عێراقه‌وه‌ هێرشیانكرایه‌سه‌ر، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، بەدواداچونیان ئەنجامداوه‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کراوه‌ بۆ سزادانی لایەنی سەرپێچیکار.


ڕۆژی 11ى ئه‌م مانگه‌و له‌كاتى به‌ڕێوه‌چونى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى عێراق، سێ گەنج لەقەزای خورماتوو، لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، ڕوبەڕوی لێدان‌و تەشهیرکردن بونەوە.



لەسەر ئەو ڕوداوە دەزگای ئاسایشی هەرێم له‌ژێر ناونیشانى (گەنجان پارێزەری ئاڵای کوردستانن) ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، "ده‌زگاى ئاسایش‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتيی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش، دەستبەجێ بەدواداچونیان ئەنجامداو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارکرا بۆ سزادانی لایەنی سەرپێچیکار".

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "دوای ڕوداوەکە، ئەو چەند گەنجە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێم‌و بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکان بانگهێشتکران‌و لەنەخۆشخانەکانی سلێمانی چارەسەری تەندروستیان بۆ ئەنجامدراو دواتر سوپاس‌و پێزانیان پێشکەشکراو بەڵێنی پشتیوانیی زیاتریان پێدرا".