لۆژیکی قازانجی ترەمپ و کارتی کورد: سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتۆن بەنرخی لاوازکردنی خۆسەری کوردی دەبێت؟

توێژینەوە و شیکاریی

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 721 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سیروان عوبەید

نزیکبوونەوەی کتوپڕی ئیدارەی ترەمپ لە ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی حکومەتی کاتی سووریا، نیشانەی گۆڕانێکی ستراتیژی گەورەیە لەسیاسەتی ئەمەریکا کە لەسەر بنەمای لۆژیکی قازانجی سیاسی ترەمپ بەڕێوەدەچێت. ئەم نزیکبوونەوەیە، کە بە وتارەکەی شەڕع لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەردانە مێژووییەکەی بۆ کۆشکی سپی لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ گەیشتە لووتکە، ئامانجی دوورخستنەوەی تەواوەتی ئێران و ڕووسیایە لە سووریا و ڕەخساندنی دەرفەتی گەورەی وزە و بنیادنانەوە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان. لە بەرامبەر ئەم "مامەڵە گەورەیە"دا، پێدەچێت چارەنووسی هەسەدە و پڕۆژەی خودموختاری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە قوربانی، بەتایبەتی کە هاوکات دەیەوێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیا بپارێزێت و ئیسرائیل ڕازی بکات. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کورد دەتوانێت بە ستراتیژی یەکڕیزیی ناوخۆیی و لامەرکەزیی کارگێڕی، لەناو ئەم گەمە جیۆپۆلیتیکییەدا بژاردەی سێیەم بدۆزێتەوە؟

ئەگەربمانەوێ پێشبینی یان هەڵسەنگاندن بۆ هەر ڕووداو و پێشهاتێکی جیهانی بکەین، سەرەتا دەبێ بگەڕێینەوە سەر جۆری سیاسەتی ئەمەریکا بەتایبەت ئەو ئیدارەیەی تڕەمپ بەڕێوەی دەبات، لەژێر لۆژیکی قازانجی ڕاستەوخۆ. بەو پێیەی ئەمەریکا کاریگەری وهەژموونی لەسەر تەواوی سیاسەت و ئابووری جیهان هەیە و لە لۆژیکی تڕەمپ-یشدا تەنها قازانجکردن ئەخلاقییە، نەک چۆنیەتی قازانجەکە. ئەمە پێوەری تڕەمپە. بۆ ئەوەش بەردەوام ڕووداوەکان لەبەرژەوەندی ئەو لۆژیکەی چۆن قازانج بکەم" ئاڕاستە دەکات وهیچ باکیشی نیە بەوەی تا چەد قازانجەکە ئەخلاقی سیاسی پێشێل دەکات. لەباشترین ئەخلاقی بوونی سیاسەتی تڕەمپدا، بەچەند قسەیەکی نەستەق، وەک هەنگاوێکی تیۆری پینەو پەڕۆی کارە نائەخلاقییەکانی دەکات.

بۆ تێگەیشتنی تەواو لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی واشنتۆن لەگەڵ دۆسیەی سووریا، پێویستە بگەڕێینەوە سەرئەو چوارچێوە فەلسەفییە سیاسییەی کە بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ ڕێکدەخات، واتە: لۆژیکی قازانج و ئەخلاقی ترەمپ. ئەو لۆژیکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی بەها و پابەندبوونەوە گواستووەتەوە بۆ بازرگانییەکی کورتخایەنی خێرا، کە تەنها بە یەک پێوەردەپێورێت: قازانجی ڕاستەوخۆ و بەرجەستە بۆ تڕەمپ و ئەمریکا.

لەم لۆژیکەدا، هیچ بایەخێک بۆ بەها باوەکان وەک دیموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی گەلان، یان پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان وهاوپەیمانەکان نییە. کەواتە، ئەگەر فرۆشتنی هاوپەیمانێکی تاکتیکی (وەک هەسەدە) ببێتە هۆی بەدەستهێنانی قازانجێکی ستراتیژی گەورەتر لەڕێگەی ئەحمەد شەرع ەوە وەک: (دوورخستنەوەی ئێران و ڕووسیا)، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیاکانی ئەمەریکی، کۆنتڕۆڵکردنی سیستەمی بانکی سووریا و کەرتی وزە و نەوت، ئاسایشی سنوورەکانی ئیسڕائیل و ڕازیکردنی تورکیا، ئەوا ئەم مامەڵەیە بۆ تڕەمپ ئەخلاقی دەبێت. سەردانی فەرمی شەڕع بۆ واشنتۆن لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کە یەکەمین سەردانی سەرۆکێکی سووریا بوو بۆ کۆشکی سپی لەماوەی نزیکەی ٨٠ ساڵدا، ئەم لۆژیکە پشتڕاست دەکاتەوە و کە تیایدا شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی نوێی بە حکومەتەکەی بەخشی، بە تایبەت دوای ئەوەی ناوی شەڕع و گرووپەکەی لە لیستی تیرۆری ئەمریکا لابرا.

پێشتر وتوومە، تڕەمپنیزم واتە مردنی ئەخلاقی سیاسی لەژێرسێبەری بازگانیدا؛ چونکە تڕەمپ دۆخی نێودەوڵەتی وەک گفتوگۆیەکی بازرگانی گەورە سەیر دەکات، هاوشێوەی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی بیتکۆین کاتی و ڕاستەوخۆ مامەڵە دەکات، کە تیایدا هەموو کارەکان (سزا، یارمەتی، داکۆکیکردن) وەک کارت و کاڵای مامەڵە بەکاردەهێنرێن مامەڵەکانی ئێستاشی لەسووریا هەر لەهەمان چوارچێوەی لۆژیکی قازانجی تڕەمپ-دایە" کاتێک لەڕووانگەی ئەو لۆژیکەی تڕەمپەوە دۆخی ناوچەکە و سووریا هەڵبسەنگێنین، دەتوانین ئەوە ببینین کە سیاسەتی ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتۆکەی شەرع، لەچوارچێوەی سەرمایەداری سیاسی ترەمپ دایە و مامەڵەکەش، دەکرێ فرۆشتنی کورد و مافی پێکهاتەکانی سووریا، و دەرکردنی ئێران و ڕووسیا بە نرخی سەروەری سووریا بێت بۆئەو جۆلانییەی کە کەمتر لە دووساڵ لەمەوپێش دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ کوشتنی دیاریکرا بوو."

ترەمپ لەسووریادا بەدوای ئەو "مامەڵە گەورەیەدا" دەگەڕێت کە سوودی ڕاستەوخۆ و بەرجەستەی هەبێت: کە تا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی سەرکەوتوو دەستی بە پڕۆسەی کەمکردنەوە و لاوازکردنی کاریگەریی بنکەی دەریایی ڕووسیا لە تەرتوس و حمێمیم کردووە، بە لابردنی کۆنتڕۆڵی ڕووسیا لەسەر کەناڵی بازرگانی و دابینکردنی پێداویستی، هاوکات ڕێڕەوەکانی چەکی ئێران بۆ حزبوڵای لوبنانی تا ئێستا بەتەواوی گرتووە. بەم کارەش، ترەمپ دەیەوێت بە کەمترین تێچووی سەربازی، ڕکابەرە سەرەکییەکانی لە سووریا بەتەواوی دوور بخاتەوە و دواتریش بانگەشەی ئەوە دەکات کە "جەنگە بێ کۆتاییەکانی" ئەمریکای تەواو کردووە.

لێرەدا لۆژیکی ترەمپ بەتەواوی لەگەڵ خواستەکانی ئیسرائیل-یشدا دەگونجێت؛ بەو پێیەی حکومەتێکی سووری دژە ئێران، ئەگەرلەبواری پڕاکتیکیدا بتوانێ وەک حکومەتێکی میانڕەوی سوننی خۆی بسەلمێێت، ئەوا؛ نەک تەنها هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەرسنوورەکان کەمدەکاتەوە، بەڵکو دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بخرێتە ناو پڕۆژەی ڕێککەوتنی ئیبڕاهیمی-شەوە.

ئامانجی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی: یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕاکێشانی سووریایە لەداهاتوودا بۆناو ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لەڕێگەی شەرعەوە.

کۆنتڕۆڵی سووریا لەڕێگەی شەڕعەوە، بۆ تڕەمپ و ناتانیاهۆ، هەنگاوێکی لۆژیکییە بۆ تەواوکردنی زنجیرەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا، کە سووریای قۆناغی دوای ئەسەد دەرفەتێکە بۆ ئەم ئامانجە. ئامانجە سەرەکییەکە ئەوەیە کە سووریا بگۆڕێت بۆلایەنێکی عەرەبی میانڕەو کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەڤیڤ ئاسایی بکاتەوە. ئەمەش دەبێتە گەورەترین دەستکەوتی ترەمپ لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وهێڵی گواستنەوەی نەیارەکانی و ئێران بەتایبەتی بەیەکجاری تەواو دەکات.

فشاری تورکیا و ئیسڕائیل: لەلایەکی تر، هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ئەمریکا، بە تایبەت ئەردۆغان، ڕۆڵێکی چارەنووسسازدەگێڕێت لە ئاڕاستەکردنی ڕەفتاری تڕەمپ لەسووریا. بۆئیسڕائیلیش ئەمە ڕاستە. فشارە بەردەوامەکانی واشنتۆن بۆ یەکگرتنەوەی سەربازی هەسەدە لەناو سوپای نوێی سووریادا، یەکێکە لە خواستی تورکیا، بەوپێیەی ئەو پڕۆژەیە ڕێگەیەکی ڕوونە بۆ دڵنیاییدان بە تورکیا کە ئیدی پرسی "دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ" بە جدی ناگیرێت.

ئەمەش نرخێکی هیچە بۆ تڕەمپ کە ئەمریکا دەیدات بۆ پاراستنی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ تورکیادا.

بەتایبەت کە لەڕووانگەی لۆژیکی تڕەمپەوە بۆ واشنتۆن ئەوە ڕوون بوویەوە کە باشترین ڕێگە بۆ ئەم ئامانجە، دروستکردنی حکومەتێکی ناوەندی نوێیە لە دیمەشق کە خاوەنی ئیرادەیەکی ڕامیاریی دژە-ئێران بێت، نەک پشتبەستن بە ناوچەیەکی کوردی بچووک ودانپێدانەنراو، و ناکۆک لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی لەناتۆ. هەروەها، کۆبوونەوەی سێقۆڵی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، سووریا و تورکیا، کە دوای سەردانەکەی شەڕع ئەنجامدرا، نیشانەی ڕوونی ئەو میکانیزمەیە کە واشنتۆن بۆ گونجاندنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بەکاریدەهێنێت.

بەرژەوەندییەکانی تری تڕەمپ لە سووریای ئەحمەد شەڕعدا، بریتیین لە: نەوت و بنیادنانەوە. بەکارهێنانی ئەحمەد شەڕع لەلایەن ترەمپەوە تەنها ئامانجێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو دەروازەیەکی ئابووریشە بۆ داهاتوو لە سووریا و قازانجەکانی تڕەمپ. بۆیەش دۆناڵد جەی تڕەمپ، سزاکانی یاسای قەیسەری لابردن لەسەر کەرتی وزەی سووریا، کە دەتوانێت لەئێستاوە لە ڕێگەی ئەحمەد شەرعەوە ڕێگە بۆ کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی نزیک لە ترەمپ خۆش بکات بۆ ئەوەی بێنە ناو یارییەکە و پەرە بە کێڵگە نەوتی و گازییەکان بدەن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دێرەزوور کە دەوڵەمەندن، کە ئەمە دەکرێ لەداهاتوودا کێشەیەکی گەورەی سیاسی، ئابووری و یاسایی و سەربازی بۆکورد بنێتەوە.

بازاڕی بنیادنانەوە وگرێبەستە گەورەکان: سووریا پێویستی بە سەدان ملیاردۆلارهەیە بۆ بنیادنانەوە، و ترەمپ-یش ئەمە نەک بە خەم نابینێت، بەڵکو ئەو دۆخەی سوورییەکان وەک بازاڕێکی نوێی قازانج بەخش تەماشا دەکات. بۆ ئەوەش شەرع وەک دەروازەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی و مسۆگەرکردنی گرێبەستەکانی ژێرخان بۆ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا. جگەلەوەش ئەمریکا دەتوانێت هەژموونی دارایی خۆی بەسەر بانکی ناوەندی نوێی سووریادا بسەپێنێت، ئەمەش بۆداهاتوو دڵنیایی دەدات کە جووڵەی دارایی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە سووریادا بە دۆلار و لەژێرچاودێری ئەمەریکا و بەپێی ئەوسیستەمە بانکییە دەبێت کە خۆی دەیەوێت.

هەرچەندە لۆژیکی تڕەمپ و ترەمپنیزم لەسووریادا بەهێزترینە و سەردانەکەی شەڕع-ش ئەو لۆژیکەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام پێویستە ئەوەش لەبیرنەکرێت کە تەحەددیاتی ناوچەیی، وەک ئامادەیی بەهێزی هێشتای ڕووسیا لە تەرتوس و نزیکبوونەوەی ئێران لە هەندێک پێگەی سووریا (کە تەنها بە یەک سەفەرلابرانێکی تەواویان بەدیناکرێت)، گومان دەخاتە سەرئەوەی کە هەموو ڕکابەرەکان بە ئاسانی مل بدەن بۆ ئەو لۆژیکەی ترەمپ لەدوای ئەسەد خەونی پێوە دەبینێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو "مامەڵە گەورەیە" لە واقیعدا ڕەنگە تەنها سەرکەوتنێکی نیمچەیی بێت بۆ واشنتۆن، نەک پاکتاوکردنێکی تەواو، بەتایبەتیش کە سەرەڕای ڕێککەوتنی دژە-داعش، ئەمریکا دەبێت پابەند بێت بە گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی پلانێکی یەکگرتنی هێزە چەکدارەکان کە لەوانەیە قورس بێت.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا جۆلانی لەناوهەموو ئەو ململانێ و گەمە سیاسی و بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتی و نێوەخۆییەدا دەتوانێت بەدڵی ئیسڕائیل و ئەمەریکا بەردەوام بێت و ڕازیان بکات؟

لەکاتێکدا هێشتا ڕێگەیەکی دوورو پڕلە بەربەستی ناوخۆیی و دەرەکی لە بەردەم ئەحمەد شەڕع دان کە سەرەڕای پشتیوانی واشنتۆن، لە بەردەم سێ تەحەددیی سەرەکی و چارەنووسسازدایە کە هەڕەشە لە مانەوەی حکومەتەکەی دەکەن، لەوانە:
1ـ بەربەستە ناوخۆییەکان
کێشەی خزمەتگوزاری و خۆراک بۆ خەڵک:
ئەگەر شەڕع بۆ ماوەیەکی درێژتر لە دابینکردنی نان و کارەبا و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان شکست بهێنێت، ئەوا ئەو شەرعییەتەی کە لە واشنتۆن وەریگرتووە، لەلایەن سووریەکان، و خودی جەماوەرەکەیەوە لە دەستی دەدات. لەکاتێکدا بۆدۆخی ئێستای سووریا دابینکردنی سەقامگیریی ئابووری زۆر قورسترە لە سەقامگیریی ئەمنی.

کێشەی شوناس و تایفەگەری: پێکدادانە تایفەگەرییەکانی ڕابردوو لە سوەیدا، ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی کە ئەو یەکپارچەییەی ئێستا ئەمریکا پاڵپشتی دەکات، تەنها یەکگرتنەوەیەکی کارگێڕییە و لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی ستراتیژی و قووڵ دامەزراو نابێت. سەپاندنی یاسا بەسەر میلیشیاکانی هاوپەیمانی و گرووپە خێڵەکی و تایفەییەکاندا کارێکی زۆر مەترسیدارە.

داواکارییەکانی ڕۆژئاوا: بۆ پرسی چارەسەرکردنی دەیان و سەدان گرووپی بیانی و ناوەخۆیی، کە بە ئایدۆلۆژی جیاواز و توندڕەو تاوانکاری ناسراون، و هەریەکێیان لەژێر کاریگەری ئەجندای دەرەکی جیاوازدا کاردەکەن. وە هاوپەیمانی شەرع بوون لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەددا، کە زۆرینەیان دژی پەیوەندین لەگەڵ ئیسڕائیل تەنانەت ئەمەریکا و ڕۆژئاوا، ئەمە کارێکی نزیکە لەمەحاڵ بۆ شەرع، کە دەبێت شەڕ لەگەڵ هەموویاندا بکات.

هەروەها، یەکێک لە گەورەترین تەحەدیاتی ناوخۆیی بۆ شەڕع، ڕازی کردنی کوردە بە مافێکی سیاسی سنووردار. لێدوانەکەی مەزڵوم عەبدی لە دهۆک کە ڕایگەیاند "سووریای مەرکەزیەت قبوڵ ناکەین" ڕوونترین هێڵی سوورە کە بۆچوونی کورد لەبارەی هەر گەڕانەوەیەک بۆ دیمەشق دەردەخات. ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن، ئەوا ناوچەکانی ڕۆژئاوا دەکرێت ببنە سەرچاوەی ناسەقامگیری و پێکدادانی ناوخۆیی.

2ـ بەربەستە دەرەکییەکان
سەرهەڵدانەوەی ئێران و ڕووسیا: سەرەڕای "لاوازی و کەمکردنەوەی هەژموونی" ئەم دوو لایەنە لەسووریا، واقیعەکە ئەوەیە کە نە ئێران و نە ڕووسیا بە تەواوی دەستبەرداری سووریا نابن. هەر هەوڵێکی شەڕع بۆ تەواو نزیکبوونەوە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل و پشتگوێخستنی ڕووسیا، دەبێتە هۆی ئەوەی ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەیی حکومەتەکەی بکەن، بە تایبەتی لە ڕێگەی گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانیانەوە.

لەگەڵ بەردەوامی فشاری واشنتۆن، مانەوەی ڕووسیا لە تەرتوس و حمێمیم بە گرێبەستێکی یاسایی پارێزراوە. سیاسەتی حکومەتەکەی شەڕع لە ئێستادا لەجیاتی دەرکردنی ڕاستەوخۆ، زیاتر چڕکراوەتەوە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازان و بڕینی پاڵپشتی لۆجستی بۆ ئەو بنکانە، نەک هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ڕێککەوتنەکە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە "مامەڵە گەورەکە" هێشتا بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و ئەم دوو بنکەیە تا ئێستاش وەک کارتی فشارلە دەستی ڕووسیادان.

پشتگوێخستنی ئۆپۆزسیۆن: ئەو ئۆپۆزسیۆنە سوورییەی کە ماوەیەکی زۆرە لە ژێر چەتری تورکیا و قەتەردان، هەرکاتێک هەست بە بێ هیوا بوون بکەن یان شەرع نەتوانێ دڵی قەتەڕ و تورکیا ڕازی بکات، دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەکان لە ناوچە سوننییەکان. لەکاتێکدا دوای لادانی سزاکان کە بە تەواوی لابراون، دۆخی ژیانی خەڵک هێشتا لەوپەڕی خراپیدایە ناوچەکانی ئۆپزسیۆن کە چاویان لەوەیە بەرهەمی چەند ساڵەی خەباتیان دژی ڕژێمی ئەسەد بخۆن، ڕەنگە بەزوویی بێ هیوایی بوون تێیدا بڵاو دەبێتەوە.

پرسیارێکی کوردانە:
لە ناوەڕاستی ئەم گەمە گەورەیەدا، چارەنووسی هەسەدە و پڕۆژەی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان چی بەسەردێت؟ لەکاتێدا بەپێی لۆژیکی تڕەمپ دەکرێ پرسی خۆسەری ببێتە لاوازترین خاڵ. چونکە لەلۆژیکی تەڕمپدا، ئەحمەد شەڕع تا ئێستا باشترین هاوبەشی ستراتیژی و بازرگانییە بۆ قۆناغی دوای جەنگ و یەکپارچەیی سووریا.

لەڕاستیدا کورد لە ڕۆژئاوا نابێ متمانەی بەسیاسەتی قازانجی تڕەمپ هەبێت. بەڵکو خۆی بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە بکات” ڕەنگە لەهەرکاتێکدا مامەڵەی فرۆشتنەکەمان لەنیوە شەوێکدا لە تویتێکی تڕەمپدا ببینین. لەئێستادا ئیدارەی تڕەمپ فشارێکی زۆردەکات تا هەسەدە لە بوونێکی سەربەخۆوە بگۆڕێت بۆ پێکهاتەیەکی ملکەچکراو لەچوارچێوەی حکومەتێکی ناوەندی یەکگرتوودا. ئەوەش بەو واتایە دێت کە ئەوە لەدۆخی کورد لەسووریا دەگۆڕێت، تەنها گواستنەوەی کارتی کوردییە لە دەستی تورکیاوە بۆ دەستی شەڕع. سەرکردایەتی ڕۆژئاوای کوردستان لەسووریا درکیان بەو مەترسییانە کردووە.

ئەمەش بەڕوونی لە هۆشدارییەکەی مەزڵووم عەبدی لە کۆنفڕانسی (زانکۆی ئەمریکی لەدهۆک) تێبینی دەکرێت" لێدوانەکانی ئەم دواییەی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، لە کۆنفڕانسی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” وەک یەکەم کاردانەوەی ئاشکرا و ستراتیژی کورد سەیردەکرێت لە بەرامبەرئەو مەترسییانەی کە لەم بازرگانییە گەورەیەی تڕەمپەوە هەڵدەقوڵێن. ئەو لێدوانەی کە وتی: "سووریای مەرکەزیەت قبوڵ ناکەین"، بە بەتەواوی لەگەڵ بۆچوونەکەم دەگونجێت کە دەکرێت وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزیی سیاسی لە داهاتوویەکی نادیاردا دەربکەوێت.

عەبدی بەباشی هۆشیارە بەوەی کە گەورەترین مەترسی لەسەردەستکەوتەکانی کورد، تەنها دەستتێوەردانی تورکیا نیە، بەڵکو گەڕانەوەی حکومەتێکی ناوەندی بەهێزیشە وەک حکومەتی کاتی (شەرع) کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی سووریا دەدات بە شێوازێکی دیکەی مەرکەزی.

هۆشداریەکی عەبدی ئەو پەیامەی لێدەخوێندرێتەوە کە نرخی دوورخستنەوەی ئێران و ڕووسیا، یان هەر قازانجێکی تری تڕەمپ؛ نابێت بە لاوازکردنی ئۆتۆنۆمی کوردی بێت لەژێرچەترێکی نوێی دیمەشقدا. لێدوانەکەی عەبدی داوای گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی دەکات کە چارەنووسی سووریا بەردەوام بێت لەسەر بنەمای نامەرکەزیی سیاسی و کارگێڕی.

پێموایە ئەو لێدوانە تەنها هۆشداری نەبوو بۆ دیمەشق، بەڵکو وەک خۆپارێزیی لە گۆڕانکاریی ئیدارەی ئەمریکاش لێکدەدرێتەوە. هەروەک بانگەوازێکیشە بۆ وشیاری و یەکگرتنی کوردان. بەتایبەت کە لە کۆنفڕانسێکدا بوو بە شێوەیەکی بەرفراوان نوێنەرایەتی ئەکادیمی، سیاسی و دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و حیزب ولایەنە کوردییەکان تێیدا بەشداربوون؛ ئەمەش دەکرێ بەشێک بێت لە ستراتیژی گەڕان بەدوای پاڵپشتیی جێگرەوەدا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا هەست بەوەدەکرێت ئیدارەی ئەمریکا خەریکی گۆڕینی ئاراستەی ستراتیژیی خۆیەتی لەسووریا و ئامادەیە کارتی کورد بکات بە قوربانی بە قازانج و ڕێککەوتنی گەورەتر. کە من پێموایە ئەو گۆڕانکاریە تەنها لەسەر دوو شت ماوەتەوە: کات و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەشی کە ئەحمەد شەرع بە تڕەمپ و ئیسڕائیل دەیاندات یان داویەتی".

هەرچۆنێک بێت دۆخی داهاتووی سووریا و پرسی کورد لەم هاوکێشەیەدا کەمێک ناڕوونە، کە لەسەقامگیرترین حاڵەتدا پێشبینی دەکرێت دۆخی سووریا بەرەو یەکگرتنەوەیەکی کارگێڕی و سەقامگیرییەکی دروستکراو بڕوات لەژێردەسەڵاتی شەڕعدا. بەڵام ئەمە بە مانای کۆتاییهاتنی تەواوی ناسەقامگیری نایەت، چونکە وەک باسم کرد شەرع هێشتا ڕێگەیەکی دوورو درێژ و پڕلەبەربەستی لەپێشە دەبێ بیانبڕێت.

کورد دەبێت چی بکات؟ بژاردەی سێیەم لە ناو گەمە جیۆپۆلیتیکییەکەی ترەمپ و شەرعدا
لەکاتێدا چاوەڕواندەکرێت لەئایندەیەکی نزیکدا فشارەکان لەسەر کورد زۆرتربن‌و ڕەنگە کورد ناچاربکرێت دەستبەرداری ئامانجی فیدراڵیەت‌و خۆسەری تەواوبێت.

لەبەرامبەردا، دەبێت جەخت لەسەرلامەرکەزییەکی کارگێڕیی تەواو بکاتەوە کە مافی خۆبەڕێوەبەری لەسەر ئاستی ئابووری و کولتووری، کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان بپارێزێت، هەرچەندە ئەمە زۆر کەمە بۆ کورد زۆر کەمە و لەئاستی قوربانی شایستەییدا نیە، بەڵام بەکەمترلەوە ڕازی بوون دۆڕانێکی زۆر گەورەیە.

تەنانەت بژاردەی لامەرکەزیەتیش لەژێر گوشاری ناوەندگەریدا گەرەنتییەکی تەواوی نییە و کورد دەبێت لە سیاسەتی خۆیدا کارتە سەربازیی و ئابوورییەکانی (وەک کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتی و کشتوکاڵییەکان) وەک هێزی دانوستاندن بە شێوەیەکی کاریگەربەکاربهێنێت و تەنها پشت بە گەرەنتیی سیاسی نەبەستێت.

لەم دۆخە پڕلە مەترسییەدا، بژاردەی سێیەمی کورد بریتییە- لە: دروستکردنی قەڵایەکی سیاسی ناوخۆیی بەهێزو گۆڕینی هاوپەیمانێتییە دیپلۆماسییەکان.
لێرەدا یەکڕیزیی تەواو یەکلاکەرەوەیە:
یەکخستنەوەی دەنگی سیاسی کورد لە ڕۆژئاوا، بەتایبەت (لە نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە) چیترتەنها پێویستیەک نیە، بەڵکو ئەرکێکی تەواو چارەنووسسازە بۆ کورد لەڕۆژئاوا.

دیپلۆماسی قووڵ لەگەڵ ئەوروپا: کورد دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا (بەتایبەت فەڕەنسا و ئەڵمانیا) بەهێزتر بکات بۆ ئەوەی لەکاتی پڕۆسەی نووسینەوەی دەستووری نوێی هەمیشەیی سووریادا ببنە چاودێرو پاسەوانی سیاسی لە پڕۆسەکەدا. پەیوەندی لەگەڵ کۆنگرێس، تەنانەت ئەگەربەپشتکردن لەتڕەمپ بێت. چونکە دامەزراندنی لۆبی و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس هێشتا دەتوانێت فشاری جدی دروست بکات بۆ دابینکردنی هەندێک هاوکاری لۆجستی و مرۆیی.

ڕۆڵی باشووری کوردستان: دەکرێ سەرکردایەتی باشووری کوردستانیش ڕۆڵی ئیجابی هەبێت بۆ هاوکاری کردنی ڕۆژئاوای نیشتمان چ لەئاستی ناوەخۆیی-سیاسی و ئابووری یان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

هاوسەنگی لەگەڵ لایەنە ناوچەییەکان: پاریزگاری کردن لە پەیوەندییەکی پراکتیکی و ژیرانە لەگەڵ مۆسکۆ و تارانیشدا. بەتایبەتی بوونی پەیوەندییەکی سنووردار لەگەڵ ڕووسیا، وەک کارتی دڵنیایی کاردەکات لە بەرامبەر زۆرینەخوازیی دیمەشقدا.

پاراستنی ئابووریی ناوچەکان: کورد دەبێت بەردەوام بێت لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتی و کشتوکاڵییەکان. ئابووریی بەهێزی ناوچەکە تاکە کارتە کە دیمەشق ناچار دەکات لە دانوستاندندا نەرمی بنووێنێت.
دانپێدانان بە یەکخستنەوە بەڵام بە مەرج: ملکەچبوونی یاسایی فەرمی بەڵام پاراستنی ئۆتۆنۆمی کردەیی لەسەر زەوی؛ بە جەختکردنەوە لەسەرئەوەی کە فەرماندەیی یەکە سەربازییەکان و هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان لە ناوچە کوردییەکان لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی کوردەکان بمێنێتەوە.

هەرچۆنێک بێت سووریای دوای بەشارئەسەد وهاوپەیمانەکانی، چووەتە سەرمێزێکی نوێ، بەڵام ئەم مێزە هەرلەسەرەتادا لەلایەن ئیسڕائیل، تورکیا و واشنتۆنەوە کۆنترۆڵکراوە و ئامانجی سەرەکیش ڕزگارکردنی گەلانی سووریا نییە، بەڵکو ڕزگارکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە لە سووریا.

لەونێوەندەدا کورد هێشتا هێزو قوڕسایی و کاریگەری بەرچاوی خۆی هەیە وکەس ناتوانێ ئینکاری لەماف و ڕۆڵی بکات. بەڵام بۆ کورد خۆی تەنها هێزی سەربازی تۆکمە بەس نیە. بەو واتایەی دۆڕاندن لە سیاسەتدا بە مانای دۆڕاندنی هەموو شتێکە، بۆیە کورد نابێت بە تەواوی تەسلیم بە لۆژیکی ترەمپ بێت. ڕێگەی سەرەکی بریتییە لە یەکڕیزی ناوخۆیی و گونجاندنی سیاسی ژیرانە لە پێناو پاراستنی چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ مافەکانی خۆی، پێش ئەوەی ئەو کارتانەش لەدەست بدەن کە بە خوێن و خەبات بەدەستیان هێناوە.