سه‌عدى پیره‌: هه‌ڵبژاردن دوباره‌ بكرێته‌وه‌ پارتى كورسیه‌كانى كه‌مده‌كات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مه‌كته‌ب سیاسییه‌كى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان وه‌ڵامێكى توندى پارتى ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پارتی كە كورسی زیاترە مانای ئەوەنییە هەموو خەڵك  لەخزمەتی ئەواندابێت‌و ئەوانیش حساب بۆ كەس نەكەن"، ده‌شڵێت، "ئه‌گه‌ر هەڵبژاردن بكرێتەوە، یەكێتیی كورسیەكانی زیاد دەكات‌و پارتی كەمدەكات"، باس له‌وه‌شده‌كات، "پێشتریش پارتی لەگەڵ گۆڕان حكومەتی پێكهێناو شكستیهێنا، بۆچی ئەزمونێكی سەرنەكەوتوو دوبارە بكەینەوە".


سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ میدیاى حزبه‌كه‌ى ڕایگه‌یاند، "ئەگەر هەڵبژاردن دوباره‌ بکرێته‌وه‌ دەنگەکانمان زیاد دەکەن‌و هی پارتی کەمدەکات، مالیکیش كه‌ سه‌ردانى پارتى كرد، پێشتر بانگهێشتكرابوو، ماوەیەکی دیکە سەردانی یەکێتییش دەکات".

سه‌باره‌ت به‌پۆستی سەرۆک کۆماریش، سه‌عدى پیره‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "هەر گۆڕانکارییەک لەپۆستەکەدا بکرێت، دەبێت بەئاگاداریی پارتی‌و یەکێتیی بێت".

ئه‌وه‌شى وت، "پارتی لێناگەڕێ‌ پێكهاته‌كانى هه‌رێم نوێنەرایەتی خۆیان بكەن، دواتر بیرمان نه‌چێت، سەرۆك وەزیرانێكی هەرێمێكی یەكگرتوو، بەبێ‌ یەكێتیی نابێت".

سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ هۆشداریى به‌پارتى-داو ڕایگه‌یاند، "پارتی كە كورسی زیاترە مانای ئەوەنییە هەموو خەڵك  لەخزمەتی ئەواندابێت‌و ئەوانیش حساب بۆ كەس نەكەن، پێشتریش پارتی لەگەڵ گۆڕان حكومەتی پێكهێناو شكستیهێنا، ئیتر بۆچی ئەزمونێكی سەرنەكەوتوو دوبارە بكەینەوە".

باسى كورسى كۆتاكانى كردو وتى، "ئێمە كێشەمان لەگەڵ كۆتا نییە، بەڵكو لەگەڵ داگیركردنی نوێنەرایەتی پێكهاتەكان نین لەلایەن پارتیەوە".

مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌ى یه‌كێتیى ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "ئەوەی هەندێك لەكەناڵەكان باسیدەكەن گوایە گروپ گروپ لەبەغداوە دێن بۆ هەولێر بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق ئەوە وانییە".