یه‌كێتیى به‌پاكێجێكى نوێوه‌ له‌گه‌ڵ پارتى كۆده‌بێته‌وه‌

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 12359 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاى پارتى ئاشكرایكردوه‌، كۆبونه‌وه‌ى داهاتوى پارتى‌و یه‌كێتیى به‌پاكێجێكى نوێوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سەرچاوەیەكیش وتویه‌تى، "یەكێتیی پاكێجێكی نوێى ئاماده‌كردوه‌ بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و كۆبونەوەكەش لەسلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت".


چه‌ند زانیاریه‌ك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی لەبەغدا، لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆدەبێتەوەو پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم تاووتوێدەكات، بەرلەوەی كۆبونەوەیەكی دیكە لەگەڵ وه‌فدى پارتی ئه‌نجامبدات، پاكێجێكی نوێ ئامادە دەكات‌و دەیخاتەسەر مێزی گفتوگۆ.

به‌بێ ئاشكراكردنى ناوه‌كه‌ى، سه‌ركردایه‌تیه‌كى یه‌كێتیى وتویه‌تى، "پاكێجە نوێیەكەی یەكێتیی كۆمەڵێك گۆڕانكاریی زۆری تێدایە، به‌گوێره‌ى ناوەڕۆكەكەی، هەردوو پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق بەیەكەوە باسكراوە".

سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ى یەكێتی ئه‌وه‌شى وتوه‌، "نزیكبونەوە لەنێوان بۆچونەكانی یەكێتیی‌و پارتی هەیە بەتایبەت دوای دانیشتنەكەی وه‌فدى هەردولا لەماڵی قوباد تاڵەبانی لەشاری هەولێر".

لاى خۆیشیه‌وه‌ دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، لەپرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی، بەئومێدن، بەوپێیەی لەكۆبونەوەی پێشویاندا كە لەماڵی قوباد تاڵەبانی لەهەولێر به‌ڕێوه‌چوه‌، قسەی ئەرێنی كراوەو جەخت لەوەكراوەتەوە، نابێت چیدیكە پێكهێنانی حكومەت دوابخرێت.