ئه‌وروپا هۆشداریى به‌ئه‌مریكا ده‌دات‌و ده‌ڵێت: لێت قبوڵناكه‌ین

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2887 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا هۆشدارییه‌كى توند به‌ئه‌مریكا ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "واشنتۆن ناتوانێت دەستوەردان لەسیاسەتی کیشوەری ئەوروپادا بکات‌و ئەگەریش ئەوە ڕوبدات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ قبوڵی ناکەین".


ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لەبرۆکسله‌وه‌ قسه‌ى بۆ ڕۆژنامه‌وانان كردو ڕایگه‌یاند، "ئەوەی ناتوانین قبوڵى بکەین، هەڕەشەی دەستوەردانە لەسیاسەتی ئەوروپا، ئەمریکا ناتوانێت جێگەی ئەوروپییەکان بگرێتەوە لەهەڵبژاردنی پارتە سیاسییەکانیان یان پێناسەکردنی دیدگای ئێمە بۆ ئازادی ڕادەربڕین".

وه‌كو سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا وتویه‌تى، "ستراتیژی ئەمریکا کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکرایەوە، ئەوروپا بەکیشوەرێکی ناڕێکخراوو هەژار لەڕوی متمانە بەخۆبونەوە دەزانێت، هاوکات ئەمریکا پێیوایە بەهۆی کۆچبەرانەوە ئەوروپا ڕوبەڕوی لەناوچونی شارستانی دەبێتەوە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، "واشنتۆن لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵدەدات ڕێگریی لەڕێڕەوی ئێستای ئەوروپا لەناو وڵاتانی ئەوروپادا بەهێز بکات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەجێنداکانی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان کە لەئەمریکا بەئاشکرا دەبینرێت".

جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "ستراتیژی نوێی ئەمنی واشنتۆن، لەگەڵ ناکۆکییە درێژخایەنەکانی ئەو وڵاتە، وەک گۆڕانی کەشوهەوا تێدەپەڕێت، هاوکات ئەوروپا وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا دەمێنێتەوە، بەو مەرجەی ئەمریکا دەستوەردان لەسیاسەتی کیشوەرکەماندا نەکات‌و سەروەری ئەوروپا پارێزراوبێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، هەینی ڕابردوو کۆشکی سپی ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکای بڵاوکردەوە، داوای لەئەوروپا کرد بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لەخۆیان لەئەستۆبگرێت.

ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى کۆشکی سپی، کاردانەوەی وڵاتانی ئەوروپای بەدوای خۆیداهێنا، بەجۆرێک ژمارەیەک لەوڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکایان بەبێباکی‌و توندڕەوانە بەرامبەر بەهاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتە وەسفکرد، دوایین کاردانەوەش لێدوانی ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپایە کە دەڵێت، "ئەمریکا ناتوانێت دەستوەردان لەسیاسەتی کیشوەری ئەوروپادا بکات‌و ئەگەر ئەوە ڕوبدات به‌دڵنیاییه‌وه‌ قبوڵی ناکەین".