قوباد تاڵەبانی بۆ سودانی: نابێت بودجەی هەرێم بكرێتەوە بابەتی ناكۆكی و ململانێی سیاسی

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قوباد تاڵەبانی لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبوەوەو ڕایگەیاند، نابێت بودجە وەک مافێکی دەستوری هاوڵاتییانی کوردستان ببێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێی سیاسی".


نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، لەڕاگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی بڵاوكردەوەو دەڵێت، لەکۆبونەوەکەدا هەردولا بەڕێوەچونی سەرکەوتوانەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەموو گەلی عێراق وەسفکردو هیوایان خواست لایەنە عێراقییەکان بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەسەر بنەمای داواکاری هاوڵاتییان و پێویستییەکانی عێراق هەرچی زوتر بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاراو بەهێز کە بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەکانی عێراق بکات.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوشكردوە،"بودجە وەک مافێکی دەستوری هاوڵاتییانی کوردستان نابێت ببێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێی سیاسی".

قوباد تاڵەبانی دیدو بەرنامەی یەکێتیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕون کردەوەو ڕاشیگەیاند،"یەکێتی پێیوایە حکومەتی داهاتوو دەبێت لەلایەکەوە هەوڵی جدی بدات بۆ پاراستنی سەرەوەری و سەربەخۆیی عێراق و لەلایەکی دیکەشەوە زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەشەپێدانی ئابوری هەموو ناوچەکانی عێراق".

ئاماژەی بەوەشدا،" یەکێتی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتوی عێراق و هەرێم چارەسەرکردنی هەرچی زوتری کێشەکانی نێوانیان بێت بەتایبەتیش کێشەی بەشە بودجەی هەرێم".