شارپرێس:
یەکێتیی ئەوروپا داوای لەئێران کرد نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئازادبکات کە ڕۆژی هەینی لەگەڵ لانیکەم هەشت چالاکوانی دیکە دەستبەسەرکران.
ئاژانسی ههواڵی فرانس پرێس ئاماژهى بهوهداوه، ئەنوەر ئەلعەنونی وتەبێژی دیپلۆماتیکی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگهیاندوه، "یەکێتیی ئەوروپا داوا لەدەسەڵاتدارانی ئێران دەکات کە خاتوو نێرگزی محەمەدی ئازادبکەن، بەلەبەرچاوگرتنی باری تەندروستیو دۆخی ئافرهت بونی، لهگهڵ هەموو ئەوکەسانەی کە لەکاتی ئازادی ڕادەربڕینیان بەناڕەوا دەستبەسەرکراون".
یهكێتی ئهوروپا دەستگیرکردنەکانی ڕۆژی هەینی لهلایهن ئێران بە"زۆر نیگەرانکەر" وەسفکردوه.
نێرگزی محەمەدی تەمەن 53 ساڵ کە دوایینجار لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2021 دەستگیرکرا، زۆربەی كاتهكانی ڕابردوی لەپشت مێزی دادگا بەسەربردوە.
براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییه لهساڵی 2023 لەمانگی کانونی دوەمی 2024 بەهۆکاری تەندروستی بەشێوەیەکی کاتی لەزیندان ئازادکرا.
یهكێتی ئهوروپا ڕاشیگەیاندوە، ڕۆژی هەینی جارێکی دیکە لەگەڵ هەشت چالاکوانی دیکە لەکاتی بەشداریکردن لەڕێوڕەسمی یادکردنەوە بەبۆنەی ساڵڕۆژی یەک هەفتەیی کۆچی دوایی پارێزەر خوسرەو عەلی کوردی، کە هەفتەی ڕابردوو لەنوسینگەکەی بەمردویی دۆزرایەوە، دەستگیرکراوهتهوه.
لای خۆیهوه، ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی نزیك لهحكومهتی ئێران لەزاری حەسەن حوسێنی پارێزگاری مەشهەدەوە ڕایگەیاندوە، ئەوکەسانەی دەستبەسەرکراون دروشمگەلێکیان وتوە کە پێچەوانەی ئادابو نۆرمەکانی گشتی كۆمهڵگه بوه.
